۱
دوای تیرۆر کردنەکەی سۆران، لەکەناڵی ئازادی حزبی شیوعی لەبەرنامەیەکدا کە سەرحەد قادرو بەندە لەسەر ئەو تاوانە قسەمان دەکرد میدیاکارێکی پارتی بەناوێکی خوازراوەوە تەلی کردو وتی ئێوە دەزانن کە ناوی سەرکردایەتیەکی پارتی برد سۆرانی تیرۆر کردوە ، ئەمە ڕاستەو خۆبوو ، بەڵام دواتر کەس بەدواداچوونی بۆ ئەوە نەکرد بەتایبەت پۆلیس.
۲
ئەندامێکی دەزگای ئاسایشی کەرکوک یەکێتی بەخۆمی ووت ئێمە ناوی بکوژەکامنان لایەو لەلایەن پارتیەوەیە، سەیر ئەوەیە ناوەکانی نەداو بابەتەکەش ئەوە شازدە ساڵە هەر دیزە بەدەرخۆنە کراوە.
۳
لەسەر نووسین لەپێش سۆران و دوای سۆرانیش هەزاران قسەی نەشیاو، هەڕەشە، ستەمی ئاشکرام لێکراوە، کەچی هێشتا دەنووسم نازانم ئەم سەرهێشەو نەگبەتیە تاکەی درێژەی دەبێت ئێستا کەپەنجاو چوار ساڵم لەهەژدەساڵیەوە بەردەوامم ، خێرەکەشی هەر ئەوەیە، ڕاپۆرت نووس و جنێوبازەکان پێی شیرینتر دەبن.
٤
دەبوو دەزگا تەناهیەکانی کوردستان لەسەر کوشتن و سوکایەتی و لێدان لەنوسەرو ڕۆژنامەنووسان، بوێرانەو جوامێرانە لەسەنگەری دۆزینەوەی تاوانباران بان نەک دەستی تۆمەت بۆ ئەوان درێژ بکرێت، خۆ سۆران و کاوەو و سەردەشت و وەدات و عەبدولستارو ڕەوف ئاکرەیی و هتد بکوژ لەمۆزەمیقەوە نەهاتوە بۆ کوشتنیان، بکوژ ئەوەتا لەناو خۆماندایەو دەشێ لەبۆنەو یادەکانیشدا دوور بەدوور تەماشا بکات.
٥
بۆ پارتی و یەکێتی واباشترەهەموو ئەو دۆسیانە یەکلا بکەنەوەو بیخەنە بەر چاوی ڕای گشتی لانی کەم بۆ ئەوەی ئیتر هەندێک لەو تاریکیەی مێژویان بسڕنەوەو وازیش لەسیناریۆو فریو بێنن.
٦
لەدوای شازدە ساڵ لەتیرۆری سۆران هیچ نەگۆڕاوە، هێشتا لەکەرکوک باو باوی پاشقولە، هێشتا ڕۆژ ڕۆژی هەڵبەستنی سیناریۆیە، هێشتا لەلایەکەوە بڕیار بۆ گرتنی ئەدهەم بارزانی دەددەچێت، لەبەر مەترسی بۆ سەر نیشتمان ، لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا شاخو داخی کوردستان دەکاتە سوتمەرۆ و کەچی نیشتمان چ عەیبی نیە.
۷
ئەرێ گەلۆ زیاتر لەسی و پێنج ساڵ بەس نیە بۆ نووسین، کاتی ئەوە نەهاتوە پشویەک بدەم و ڕاپۆرتنووسەکانیش هەندێک بحەسێنەوە.