١٦ ساڵ بەر لەئێستا و لەشاری كەركوک ڕۆژنامەنووسی بوێر و گەنج، سۆرانی مامە حەمە، بەدەستی چەکدارانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی لە ٢١ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵی خۆیدا تیرۆرکرا، بەڵام تائێستا تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بەنادیاری ماونەتەوە و سزا نەدراون، سۆرانی مامە حەمە لەدوای شەهیدکردنی بەهۆی بوێریی و زیندویەتی قەڵەمەکەیەوە نازناوی “شەهیدی قەڵەم”ی پێبەخشرا، ناوبراو لە نووسینەکانی باس لەوە ئەکات “کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بۆتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات”.
کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە بەردەم قەڵای کەرکوک لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهید و ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و کەسایەتی رۆشنبیری شارەکە، لە ١٦هەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنیدا پەرەدە لەسەر وێنەی “شەهیدی قەڵەم” سۆرانی مامە حەمە لادرا.
پەدەکە تۆمەتبارە بە تیرۆرکردنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە
فەرمان مامە حەمە برای شەهیدی قەڵەم سۆران مامە حەمە، سەبارەت بە شەهیدکردنی براکەی بەدەستی چەکدارانی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: “ئێمە وەکو بنەماڵەی شەهید سۆران، دەستخۆشی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و کەسوکار و ئازادیخوازان دەکەین، ئەمڕۆ ١٦ ساڵ تێپەڕێ بەسەر تیرۆرکردنی سۆران، کەیسی تیرۆرکردنەکە تاوەکو ئیستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینووە، باندەکانی دەسەڵاتی پەدەکە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حیزبەی(پەدەکە) کە بەزۆر خۆی سپاندەوە بەسەر ئەم حکوومەتەدا ئەوان سۆرانیان تیرۆر کردووە تاکو ئەم ساتە هیچ نەکراوە بۆ ئاشکرا کردنی بکوژانی سۆرانی برام”.
پێش شەهیدبوونی پەدەکە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکردووە
هەروەها براکەی سۆران مامە حەمە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ئاشکرای کرد: ” سۆرانی برام بە ئاشکرا بە ئێمەی ڕاگەیاندووە کە “باندەکانی سەربە پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بەناو شەبەحەکانی پارتی هەڕەشەی تیرۆکردنیان لێمکردووە” ئێمەش وەکو بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم پەنجەی تۆمەتمان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان”پەدەکە” درێژ کردووە، پەدەکە با بیتوانایە لەماوەی ئەم ١٦ ساڵەدا کوژانی سۆرانی مام حەمەیان دەستگیربکردایە و ئەو تۆمەتەیان لەسەر خۆیان لابردایە”.
ڕووڕەشێ بۆ پەدەکە کە تاوەکو ئیستا رۆژنامەنووسانیان زیندانی کردووە
لە کۆتای قسەکانیدا فەرمان مامە حەمە برای شەهیدی قەڵەم سۆران مامە حەمە، ووتی: ” پەیاممان وەکو بنەماڵەی شەهید قەڵەم ڕووڕەشی بۆ تیرۆر بۆ تیرۆرستان و بۆ ئەوانە کە ئازادی قەتیس دەکەن و ئێستاش تاکو ئەم ساتە چەندین ڕۆژنامەنووس لە بادینان لە زیندانن، زیندانی رۆژنامەنووسانی بادینان وەکو ئەو ساتەی کە شەهید سۆران تیرۆرکراوە”.
دەبێت بکوژی ڕۆژنامەنووسان تێبگەن کە پەیامی قەڵەم بە تیرۆرکردن کۆتایی پێنایات
لەلای خۆیەوە، هێمن حەسیب رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری جینۆساید، سەبارەت بە مەڕاسیمی یادکردنەوەکەی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: “دیارە ئەمڕۆ ١٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سۆران مام حەمە تێپەڕی، ئەمڕۆ ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان بە هاوبەشی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید ئەم مەڕاسیمەمان ڕێکخستووە بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سۆران، چونکە دەبێت بکوژی قەڵەم و بکوژی ڕۆژنامەنووسان لەوە تێبگەن کە پەیامی قەڵەم پەیامی ڕۆژنامەنووس لە جەستەی ڕۆژنامەنووس قەتیس نابێ تا بە تیرۆرکردنی کۆتایی پێبێت بەڵکو پەیامی قەڵەم ئەمێنێتەوە بۆ دوای تیرۆرکردنی خودی خاوەنی قەڵەمەکەش ئەمینێتەوە”.
لێرەوە پەیام بۆ دەسەڵات و بکوژی رۆژنامەنووسان دەنێرین
هەروەها هێمن حەسیب لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی ئاڕاستەکرد و ووتی: “ئەمڕۆ ئێمە لێرەدا پەیامێک دەنێرین بۆ دەسەڵات و بۆ بکوژی ڕۆژنامەنووسان کە پەیام ئەمێنێتەوە، هاوکات ئەم مەڕاسیمە بۆ شەرمەزارکردنی لایەنی دەزگا ئەمنییەکانە کە تائێستا نەیانتوانیوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان یاخود سەرەداوێک لەبارەی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سۆران مامە حەمە بدۆزنەوە”.
سۆران مامە حەمە لەساڵی ١٩٨٧ لەشاری کەرکوک لەدایکبووە، ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی گۆڤاری لڤین بوو و ماوەی سێ ساڵ لەو گۆڤارە کاری کرد، جێگا باسە بەر لە دوو مانگ لە کوشتنی، سۆران ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، کوشتنەکەشی بەدوای چەند وتارێکدا دێن کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردبوونەوە، وەک وتاری پرسی دەرکەوتنی خانمی یەکەمی کوردستان لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی کە تێیدا داوای دەرکەوتنی خێزانی مەسعوود بارزانی کردبوو لەگەڵ ڕاپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی حکومی شاری کەرکوک لەگەڵ لەشفرۆشانی ئەو شارە. ھەندێ کەسیش گۆڤارەکە بەھۆکاری تیرۆرکردنی ناوبراو لێکدەدەنەوە ئەوەش لەبەر بڵاوکردنەوەی وتارەکەی سۆرانی مامە حەمە، لە ڕۆژی ٢١ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵی خۆیدا لە شاری کەرکوک بەدەستی چەکدارانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی تیرۆرکرا.
سۆرانی مامە حەمە نووسینەکانی زیاتر دژی خیانەت و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی بوون، لە یەکێ لە نوسینەکانیدا باس لەوە ئەکات کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بۆتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، بۆ نموونە ئەڵێ “ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە سیاسی و خاوەن خەباتی کوردایەتی ئەو ھەرێمە دەزانن، لە خۆیان وردبوونەتەوە کە ئایا، تەنھا ڕۆژێک خەبات و سەروەرییان ھەیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی دۆزی کوردان لە مێژوودا، جگە لە کوردکوشتن و خیانەتی نەتەوەیی و بوون بە کۆیلە و جاسوسی وڵاتانی دراوسێ و جیھان”.