نیسان 28, 2025

سۆران، شاعیر و هەم خۆى شیعر

بەهرەى نووسین هەرچەند کەمیش بێت مەگەر مردن بیشارێتەوە…. ڤێرجینا ۆڵف

سوارە نەجمەدین:

یەقینم لەسەر ئەوەى دنیاى ڕۆژنامەگەرى کوردى دابەش دەبێت بەسەر پێش شەهیدبوونى سۆران و دواى شەهیدبوونى، شەهید سۆران جیاکەرەوەى دوو قۆناغى جیاوازى کاییەى ڕۆژنامەگەرى کوردییە، بەو پێیەى یەکەمین شەهیدى قەڵەم بوو، ناو و ناونیشانى سۆران، شێوازى شەهیدکردنى، غەدر و زوڵمى بکوژان، پەڵەى ڕەشى نیشتیمانەکەمان، گەیشتووە بە دواین کونجى ئەم زەمینە و لە کەشکەلاندایە، لێ کەمینەیەک دیوە ناسکەکەى سۆران دەبینن، کە دنیاى ئەدەب و هونەرە، بەو پێیەى سۆران پێش ئەوەى ڕۆژنامەنووس بێت، پێش ئەوەى خەونى ئەوەى هەبێت ببێتە بە میدیاکار خەونى بوون بە شاعیر و خەونى ئەدەبی و هونەرى گەورەى هەبوو، خەونى نمایشێکى شانۆى نەمر، خەونى نووسینى چامەیەکى خدرعومر، بێ ئاگا لەوەى پێش ئەوەى ئەو خەونەى بێتە دى، خۆى دەبێتە بابەتى چەندین دەقى زیندوو، دەبێتە کەرسەتى شیعرى شاعیرانى ناوازە.

شەهید سۆران مامە حەمە، وێڕاى کارى ڕۆژنامەوانى خاوەنى سێ نامیلکەى شیعرە، مەخابن دواى شەهیدبوونى چاپ بوون، بۆ خۆى بڵاوبوونەوەیانى نەبینى!  شیعرەکانى سۆران هەڵگرى دنیاییەکى خەماوین، بۆ ناسینى سۆران، بە تەنها بەس نییە بزانیت چۆن شەهید کراوە و کارە ڕۆژنامەوانییەکانى چی بوون، بەڵکو بۆ ئەوەى دنیاى ڕاستەقینەى سۆران ببینیت، پێویستە شیعرەکانى بخوێنیتەوە، دەقەکانى سۆران ڕوونترین پەنجەرەن تاکو لێوەى بڕوانییتە دنیاى سۆران، لە هەر سێ کتێبی ( وەرزى بێتاقەتى- بەغداد- فوو لە چراى وشە مەکەن) لەگەڵ چەند نامەیەکى ئەڤیندارى و ئەدەبی، دنیایەک دەبینین کە وێنەى ناوەوەى سۆرانمان پێدەدات، گەر ڕۆژنامەوانى و وتار نووسین، لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنین کارى کەڤەر بێت و وێنەى دنیاى شتە بینراوەکانمان بۆ بکێشێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە شیعر وێناکردنى زیهنە، وێناکردنى ناخە، بۆ ئەوەى شاعیرێک بناسیت دەبێت لە دنیاى دەقەکانییەوە بچیتە ناواخنییەوە، ئێمە لێرەدا هەوڵ ئەدەین بە کۆى گشتى لەو پەنجەرەیەوە سەیرێکى دنیاى سۆران بکەین و تێبگەین سۆران چ دنیاییەکى دەویست؟ سۆران چ جیهانێکى دەویست؟ چۆن شاعیرەکان هەمیشە دنیاییەکى جیاوازیان دەوێت، هەمیشە بە دواى ئەو جیهانەدا دەگەڕێن، کە خاڵی بێت لە کوشتوبڕ و ناشیرینى، مەرج نییە دنیاى شاعیر بۆ خۆى دنیاییەکى جوان بێت، بە پێچەوانەوە دنیایی شاعیر زیاتر دنیاییەکى خەماوى و تەماوییە، چۆن کۆڵى سەر شانى شاعیر کۆڵێکى گران و توێشەبەرێکى پڕ لە گومانە. شاعیر و ڕۆماننووسی نەیجیریایی(بێن ئۆکرى) کە ساڵى ١٩٩١ بۆ ڕۆمانى ڕێگاى برسێتى خەڵاتى پوکەرى بردۆتەوە دەڵێت( ئەو جیهانەى کە دەبێ شاعیر تیایدا بژى مەرج نییە شیعرئامێز بێت… ئەو جیهانە وا بە ئاسانى خۆى نادات بە دەستەوە) ئۆکرى بەم دەربڕینە دەیەوێت پێمان بڵێت دنیاى شاعیر لەگەڵ شیعرەکانیدا جیاوازن، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەى ئەو دنیاییەى بۆ بسازێت، پێویستە بجەنگێت، لێ جیاوازى نێوان شەڕى شاعیران و شەڕى میرغەزەبان و چەک بە دەستان ئاسمان و ڕێسامانە، ئامانج لە شەڕى شاعیر و شەڕى سەرباز دوو ئەنجامى جیاوازى هەیە، چەک و قەڵەم، فیشەک و هەست لە زۆزانەوە بۆ ئاران دوورن لە یەکەوە.  

لە کۆى شیعرى سۆران مامە حەمە دنیاگەلێک دەستەواژەى نائومێدى بەدیدەکرێت، کە کۆى هەموویان هەڵگرى ئەو پەیامەن سۆران کۆڵێکى گەورەى خەم و ژان بە شانیەوە بووە، دەستەواژەکانى (مردن، غوربەت، ئاشوب، کوشتن، بێتاقەتى، دڕدۆنگ، ناهەموارى، ناسەقامگیرى، مەترسی، لەناوچوون، لەناوبردن، بەربەریەت، تەریقبوونەوە،  تادواى) بەشێکى گەورە لە دەربڕینەکانى شاعیر پێکدەهێنن، بەجۆرێک بە ئاستەم دەقێکى سۆران دەبینیتەوە ژانێک بەرۆکى نەگرتبێت، وەک ئەوەى سۆران خەمى بە هەموو شتێک خواردبێت، وەک ئەوەى هەموو ڕۆژێکى بە دیار دیمەنە جیاوازەکانەوە گریا بێت، بە هەمان نەفەسی بیرکردنەوە وشەکانى داڕشتۆتەوە، لێرەدا نامەوێت کۆى شیعرى سۆران بخەمە بەردەم تەفسیر زیاتر لەوەى مەبەستمە شیعرێک هەڵبژێرم و بیکەم ناسنامەى کۆى شیعرەکان، لە نێو هەر سێ کتێبەکەى سۆراندا بۆ من شیعرى (هێشتا بۆنى سەگەکەم لێ دێت) سەرنج ڕاکێشە و واى دەبینم لەو پەنجەرەیەوە دەتوانم کۆى دنیابینى سۆران وێنا بکەم، ئەمە دەقە هەڵگرى کۆمەڵێک تێماى جیاوازە، دەکرێت لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تەماشاى بکەیت و زیاتر لە خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت، بە جۆرێک فرەڕووە، کە دەکرێت بکرێتە بچوکراوەى شیعرەکانى سۆران.  

ئۆتۆمبێلێكی سوور ڕەنگی شڕ

توڵەسەگێكی ماتی ڕەشتووك..

چەند مەترێك لەپێشمەوە ئەمە ڕویدا:

بۆرە تایەی تاریكی دواوەی لای ڕاستی تڕومبێلەكە

سەری ڕەشەتولەكەی پژان..

لە دەستپێکى ئەم شیعرەدا، سۆران هێندە ڕەوان وێنەکە دەگوێزێتەوە، وەک ئەوەى چیرۆک بگێڕێتەوە، وەک نیشاندانى مەشهەدى فیلمێک، کەچى دەیکات بە شیعر، خۆى وەک شاهیدێک گەواهیدەرى ڕووداوەکەیە، بە پێش چاوییەوە ڕوویداوە، ڕێژەیەک نەماوەتەوە بۆ گومان کردن، خۆى بینویەتى تایە بۆرەکەى ئۆتۆمبێلە سورەکە، سەرى تولە سەگە تووک ڕەشەکەى پرژاندووە.

کۆکردنەوەى ئەو چەند ڕەنگە لە چەند دێڕێکدا زیاتر ئامانج لێى گواستنەوەى وێنەیەکى ڕاستەقینەیە، کە گومانى بۆ هیچ کەسێک نەهێشتۆتەوە بڵێت وا نییە، وەک پەلکە زێڕینە لەم کۆپلەیەدا چەند ڕەنگێکى جیاواز هەیە، ڕەنگى تایە و ئۆتۆمبێل، ڕەنگى سەگەکە و ڕەنگى خوێنێک کە ناوى ناهێنرێت.

لە ئأڵوگۆڕى نێوان سور و شڕ، جێگۆڕکێى ناو و ئاوڵناو، جێگۆرکێى نێوان پێناسە و وەسف هەیە، ئۆتۆمبێلێکى سور، لێ ڕەنگى شڕ، دەشێت ئەمە بە تەنها یاریکردن نەبێت بە وشە، ئەوەندە شاعیر ویستوویەتى وێنەکە دروست بکات، (ڕەنگ شڕ) زیاتر تێمایە بۆ کۆى ئامێرەکە، دەشێت ماشێنێکى هێند شڕ بووبێت، ڕەنگە سورەکەى هەڵوەریبێت، لێ لە زایقەوە خۆى سور بووە. (تولە سەگێکى ماتى ڕەشتووک) ڕەشتووک لێرەدا زیاتر یارى کردنە بە وشە، تووک ڕەش. (بۆرە تایە) بەدیلى ڕەنگى ڕەشە بۆ تاییەک ئەشێت بە ئەندازەى ڕەنگە شڕەکەى کۆن بووبێت، لێ جیاکەرەوە بێت لەگەڵ ڕەنگى توولە سەگەکەش.

هەموو ئەمانە پێکەوە، زائیدى ڕەنگى خوێنێکى ئاڵ، کە نەوتراوە و نیشاندراوە، (پژان) هەم ڕەنگى توولە سەگەکە دەگۆڕێت، هەم ڕەنگى بۆرە تایەکە، هەم ڕەنگى شەقامەکە.

شۆفێرە ئیماندارەكە بێباكانە سەگەكەی تێپەڕاند

من ڕاسكە ڕاسكی مردنی تولەكەم بە چاوی خۆم بینی

دانانى وشەى ئیماندار، لەو ڕستەیەدا مەرام لێى جیاوازى نێوان مرۆڤبوون و نامرۆڤبوونە، وەک ئەوەى پێمان بڵێت ئیمان ناتوانێت ڕێگرى بکات لە کەسێک نەیەوێت مرۆڤ بێت، ئیماندارەکە بێباکانە سەگەکەى تێپەڕاند، وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت گیانى سەگێک بکێشێت، تیپەڕاند و بێ باک بوو، با ئیمانداریش بێت، بەڵام مرۆڤ نییە، سۆران دەیەوێت لێرەدا پێمان بڵێت ئەو شاهیدى گیان سپاردن و دوا هەناسەدانى سەگەکەیە، لە هەمان کاتدا شاهیدى ئەوەیە شۆفێرى ئیماندار بێباک بووە لەو وێنەیەى ئەو بە چاوى خۆى بینیویەتى. بینینى سەروەختى مردن هى سەگێک بێت یان مرۆڤ هەمان تاسەى ئازارى هەیە، ڕووحێک لە جەستەیەک دەردەچێت، لە ڕستەى ( من ڕاسکە ڕاسکى مردنى تولەکەم بە چاوى خۆم بینى) بێ ئەوەى بچینە ڕستەى دواتر، تێدەگەین کە شاهید حەسرەتێکى گەورەى لە دڵدایە، ئەو ڕستەیە بێ ئەوەى هەڵگرى هەر تێمایەک بێت، کۆى ڕستەکە حەژمەتێک نیشان دەدات، دەشێت ببێتە سەرچاوەى گریانێک.

دەستبەجێ‌، هەڵم گرت‌ و خستمەی لای ڕاستی شەقامەكەوە

مرۆڤەكان هەموو هاواریان دەكرد:

گڵاوە.. گڵاو.. گڵا..

كافر فڕێی بدە گڵاو بووی..

من ئەمەم چەند جارێك بەگوێی خۆم بیست

گیانسپاردنی تولەسەگە برسییەكەم بەڕۆح هەستپێكرد

سۆران لەم مەشهەدەدا، کۆمەڵێک وێناى جیاواز دەردەخات، بە بێ ئەوەى بە ڕاستەوخۆ قسان بکات، ئەوە شاعیرەکە بووە تەرمى سەگەکەى هەڵگرتۆتەوە، دەستى داوەتێ، پێیان وتووە گڵاوە، وەک ئەوەى سەگ گیاندارێکى نەفرەت لێکراو بێت و پیس و گڵاو بێت، ئەمیش کە دەستى داوەتێ کافرە، دانانى وشەى کافر لەو ڕستەیەدا بەرپەرچە بۆ وشەى ئیماندار لە ڕستەکانى سەرەوەدایە (کابراى ئیماندار) کە گوایە ئیمان سەرچاوەى مرۆڤدۆستییە، بێ باکانە لە سەگەکە دەدات و دەیکوژێت و دەڕوات، ئەمیش کە بەلاى گشتەوە کافرە سەگەکە هەڵدەگرێتەوە و دەیخاتە سەر شەقامەکە.

لێرەدا دەکرێت هەڵوەستە لەسەر تێگەیشتنى تاک و گشت لە ماناکانى کافر و ئیماندار، گڵاو و نەفرەتلێکراو بکەین، سەحنەى ڕووداوى ئەم شیعرە وڵاتێکى موسوڵمانە، تیایدا ئیماندار زۆرینە و کافرەکانیش بە دزیەوە و بە دەنگى نزم دەبێت بێباوەڕى خۆیان دەرنەبڕن، ئیماندار و کافر لێرەدا دال و مەدلول نین، ئەوەندەى شاعیر ویستوویەتى دوو وێنەى دژ بە یەک لەو دوو کەسایەتیەدا نیشان بدات، ئیماندارێکى بێباک و کافرێکى میهرەبان، وەک ئەوەى بووترێت بکوژێکى بەخشندە، تەڵەکابازێکى ڕاستگۆ، ڕاستگۆیەکى بێسەروبەر، هەر وێنەیەکى دیکەى هاوشێوە. شاعیر بە گوێى خۆى گوێى لێبووە کافرى دەکەن و بەچاوى خۆى بینیویەتى ئیماندارەکە لە سەگەکەى داوە، لێرەدا شاعیر دەیەوێت گەواهیدانەکەى ببەستێتەوە بە دوو هەستەوە، هەستى بینین و هەستى بیستن، بینین بۆ خۆى و بیستنى دەنگى ئەوانى تر، ئەشێت بۆنى خوێنى سەگەکەشی کردبێت، ئەوە جگە لەوەى تامى ڕووداوە ناخۆشەکەشی کردووە و هەستى دەستلێدان لە سەگەکەشی لە دەقەکەدا جێگاى کردۆتەوە. لەم تێکستەدا بە نزیکەیی هەر پێنج هەستەکە بوونى هەیە و هەستى شەشەم هەستکردنە بە بەرپرسیارێتى، هەستکردنە بە تاوان، بە مرۆڤبوون، شاعیر لەم تێکستەدا بۆ خۆى کارئەکتەرى سەرەکییە و هەم شاهیدى ڕووداوەکەیە و هەم پاڵەوانى چیرۆکەکە، شاعیر لەسەرەتاوەوە گێڕەڕەوەیە، زۆر ناخایەنێت خۆى دەبێت بە کارئەکتەرى سەرەکى، ئەو کارئەکتەرى نیوە ئەرێنییەکە پێک دەهێنێت، هۆکارى خێرە، گەرچى لە لایەن گشتەوە سەرزەنشت دەکرێت، گڵاو دەبێت و لاشەى دەبێتە بەشێک لە لاشەى سەگەکە، چۆن ئەویش دەستى لە سەگەکە داوە، هەر ئەم ڕوئیاییە درێژە دەکێشێت و لە کۆتا دێڕدا شاعیرەکە خۆى دەچوێنێت بە سەگەکە.

من گڵاو بووم!

من كافر بووم!

من كەی مرۆڤم، من سەگم

باشتر كەمرۆڤ نەبم.

میکاییل سۆرپ لە بارەى هەستى شاعیرەوە دەڵێت زیاتر لە خەڵکى ئاسایی هەست بە دەوروبەرى خۆیان دەکەن، ئەم هەستەیە سۆرپ باسی دەکات سۆران لە مرۆڤبوونى خۆی حاشا دەکات و دەڵێت من سەگم، ئەوە وەزیفەى شاعیرە خۆى بخاتە جێگاى ئەوانى دیکە، سۆران بۆ ئەوەى نیشانى بدات بەرگاریکارێکى سەرسەختى ئاژەڵانە، وە لە هەمان کاتدا دوژمنى مرۆڤى بودەڵەیە، دەڵێت من کەى مرۆڤم، من سەگم، هێماکردن بۆ سەگبوون واتاى توڕەبوونێتى لە مرۆڤبوون، بەچەشنێک زیاتر قوڵى دەکاتەوە لەوەى باشترە مرۆڤ نەبووە.

سۆران لە قوفڵى ئەم دەقەدا ئامانجەکەى چڕ دەکاتەوە، بەوەى پێمان دەڵێت مرۆڤ چەند بێباک و چەند بێدەربەستە بەرانبەر ڕووح، سەگى بەستەزمان و بێزمان دەبێتە قوربانى، شاعیر بۆ ئەوەى نەبێتە بەشێک لەو دنیا ناشرینە، خۆى دەکات بە سەگ و حاشا لە مرۆڤبوونى خۆى دەکات.

لێرەدا ئێمە دەکەوینە بەردەم پرسیارێکى زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە: وەزیفەى(ئەرک) شیعر چییە و وەزیفەى شاعیر چییە؟ ئەگەرچى لە ڕواڵەتدا ئەو دوو وەزیفەیە جیاوازن، لێ لە ناوەڕۆکدا وابەستەى یەکن و لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن، وەزیفەى شاعیر ئەوەیە ئەوە ببینێت مرۆڤى ئاسایی نایبینێت، ئەشێت لەم شیعرەى سۆراندا چەند کەسی دیکە لەسەر ڕووداوەکە ئامادە بووبێتن، هەندێکیش ئاهیان بۆ سەگەکە هەڵکێشا بێت، لێ ئەوە شاعیرەکەیە خۆى دەکاتە جێگاى سەگەکە، ئەوە سۆرانە دێت ڕووداوەکە دەکات بە شیعر، وەزیفەى شاعیر ئەوەیە لە ترافیکلایتەکەدا منداڵە چڵمنەکە ببینێت و هەست بەو سەرمایە بکات دەچێتە لەشێوە، ئەشێت لەو دیمەندا وەزیفەى مرۆڤبوون بریتى بێت لەوەى چەند تۆپە کلێنسێک لە منداڵە چڵمنەکە بکرێت، لێ وەزیفەى شاعیر ئەوەیە هەست بە ناخى منداڵە چڵمنەکە بکات، وەزیفەى شاعیر ئەوەیە وێناى ڕاستەقینەى قۆناغەکە بگێڕێتەوە، لە ڕێگەى نیشاندانى ئەو وێنە بچوکانەوە وێنەیەکى گشتگیرى قۆناغەکە بکێشێت، ئەمەش دەکاتە ئەوەى وەزیفەى شاعیر لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر لە جوگرافیاییەکەوە بۆ جوگرافیاییەکى تر دەگۆڕێت، شێرکۆ بێکەس کە سەردەمى شۆڕشی نوێ دەیان شیعرى بەرگرى بۆ شۆڕش و پێشمەرگە و حیزب نووسیوە، لێ کاتێک دەگاتە کۆتایی چامەى (ئێستا کچێک نیشتیمانە) دەنووسێت، وەک ئەوەى پێمان بڵێت وەزیفەى ئێستاى من لەم قۆناغەدا ئەوەیە نەفرەت لە نیشتیمان بکەم کە شۆڕشگێڕەکانى دوێنێ و بازرگانەکانى ئەمڕۆ شێواندیان، ئەوە وەزیفەى شاعیرە پشت بکاتە بەرژەوەندى و ڕووبکاتە هەقیقەت، پشت بکاتە فەرەحانى و برسێتى بکات بە قیبلە.

وەزیفەى شیعر نووسینەوەى وەزیفەى شاعیرە، کەم نین ئەو شیعرانەى هێندەى دەیان شۆڕشگێر کاریگەریان هەبووە، کەم نین ئەو شیعرانەى بە تەنها خۆیان شۆڕشێک بوون، جا شۆڕشی هۆشیارى بووبێت یان شۆڕشی گۆڕانکارى، ئەوە شیعرى قەلەڕەشی ئەدگار ئالان پۆیە دەتوانێت ببێت بە ناسنامە، ئەوە تێکستەکانى شکسپیرە زمانێکى باڵاى وەکو ئینگلیزى قەرزارێتى، ئەوە زمانى عەرەبییە قەرزدارى جوبران خەلیل جوبرانە، ئەوە فەڵستینە قەرزدارى مەحمود دەروێشە. وەزیفەى شیعر ئەوەیە شاعیرەکە بنووسێتەوە، ئەگەرچى بۆچوونەکان لەبارەى وەزیفەى شیعرەوە جیاوازە، بەڵام لە خاڵێکدا هەمووان کۆکن کە وەزیفەى شیعر ئەوەیە شاعیرەکە بنووسێتەوە، وەزیفەى شیعرە لە ڕێگەى جوانییەوە کار لەسەر دنیاى قێزەوەنى مرۆڤبوون بکات، وەزیفەى شیعرە ژیان جوانتر بکات، گەر شیعرێک کاریگەرى لەسەر جوانى نەبێت، واتە وەزیفەى خۆى وەکو پێویست نەپێکاوە، گەر جیاوازى جوانى نەبێت لە نێوان شیعر و قسەى ئاساییدا، دەکرێت بە هەموو نووسینێک بووترێت شیعر و بە هەموو شیعرێکیش بووترێت نووسین.

سۆران مامە حەمە لەبەر ئەوەى هەم شاعیر بوو هەم ڕۆژنامەنووس، بە هەردوو بارەکەدا دەیویست کار لەسەر ئەو خەمانە بکات کە بوون بە هۆکارى ئەوەى ئەم زۆنى مەرگى ڕۆژنامەنووسانە جوانتر بکات، سۆران دێت بە ڕاپۆرت و دیدارەکانى وەزیفەیەک ئادا ئەکات، ئەوەى دەزانێت کارى ڕۆژنامەوانى لە عۆدەى نایات دەیکات بە شیعر، کۆکردنەوەى دنیاى ڕۆژنامەنووسی و دنیاى شیعر، لە سۆراندا کۆنەبۆتەوە و سۆران نمونەیەکى دەگمەن نییە، بگرە دەیان شاعیر و ڕۆژنامەنووسمان هەیە، ئەوەى ئەو دوانە کۆدەکاتەوە هەستى کەسەکەیە بەرانبەر ڕووداوەکان، مادام بەهرەیەک هەیە بۆ شیعر و هەوڵێک هەیە بۆ ڕۆژنامەنووسی، کەوابوو ئومێدێک هەیە نووسین جێگاى خۆى بگرێت.

ڕەنگە هەڵە نەبم بڵێم ئەوانەى تواناى نووسینیان هەیە، ئەشێت بەختەوەرتر بن لە هەندێک جومگەدا، هەرچۆن ئەوانەى دەنووسن بە تایبەت شیعر هەڵگرى کۆڵى گران و بوخچەى پڕ لە پرسیارن، بەڵام بەهرەى نووسین وا دەکات وەزیفەت زیاتر بێت لە کەسانى ئاسایی، هەرچەند ئەو بەهرەیە لە ناخى خۆتدا بشاریتەوە ناتوانیی خەفەى بکەى، هەرچۆن گەورە ڕۆمانووسی جیهانى ڤێرجینا ۆڵف دەڵێت: بەهرەى نووسین هەرچەند کەمیش بێت مەگەر مردن بیشارێتەوە. ئەمەش بە خاترى ئەوەى تۆ بەهرەیەکت هەیە و دەتەوێت لە ڕێگەى ئەو بەهرەیەوە کار لەسەر لارى و ناڕێکێکان بکەى.

خوڵاصە، سۆران خاوەنى ئەو بەهرەیە بوو، گەرچى هێشتا لە چرۆکردندا بوو، بەڵام تموحى نووسین لاى سۆران واى کرد، بە ماوەیەکى کەم زۆر بوار تاقیبکاتەوە، هەر لە شیعر و شانۆ و نامەى ئەدەبی و ڕۆژنامەوانى، مەخابن ئەو دەستە ڕەشەى لە بینەقاقای هەریەکێماندایە زووتر زەفەرى بە خوێنى گەشى سۆران هێنا، ڕەنگە ئەو بکوژە زەلیلانە بە تەنها وایانزانیبێت دەستیان چۆتە خوێنى ڕۆژنامەنووسێک، بەڵام لە هەقیقەتدا ئەوان جگە لە بکوژى بەهرەیەکى شیعرى بوون، دەشیا دەنگێکى جیاواز و بڵندى ئەدەبی لێدەرچووبایە، ئەو دۆستانەى تاریکى بە تەنها گەنجێکیان نەکوشت، بە تەنها ڕۆژنامەنووسێکیان تیرۆر نەکرد، بە تەنها شاعیرێکیان لەناو نەبرد، بگرە هەموو ئەوانەیان پێکەوە کرد و ئومێدێکیان لە گۆڕ نا دەشیا، بە ڕێگەى خۆى زۆر جوانى دروست کردبا.

هێشتا بۆنی سەگەكەم لێ دێت

ئۆتۆمبێلێكی سوور ڕەنگی شڕ

توڵەسەگێكی ماتی ڕەشتووك..

چەند مەترێك لەپێشمەوە ئەمە ڕویدا:

بۆرە تایەی تاریكی دواوەی لای ڕاستی تڕومبێلەكە

سەری ڕەشەتولەكەی پژان..

شۆفێرە ئیماندارەكە بێباكانە سەگەكەی تێپەڕاند

من ڕاسكە ڕاسكی مردنی تولەكەم بە چاوی خۆم بینی

دەستبەجێ‌، هەڵم گرت‌ و خستمەی لای ڕاستی شەقامەكەوە

مرۆڤەكان هەموو هاواریان دەكرد:

گڵاوە.. گڵاو.. گڵا..

كافر فڕێی بدە گڵاو بووی..

من ئەمەم چەند جارێك بەگوێی خۆم بیست

گیانسپاردنی تولەسەگە برسییەكەم بەڕۆح هەستپێكرد

من گڵاو بووم!

من كافر بووم!

من كەی مرۆڤم، من سەگم

باشتر كەمرۆڤ نەبم.

کەرکوک ٢٦/١/٢٠٠٨

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *