نیسان 28, 2025

ژیانێک مانادار و کەرامەتپارێزراو

سۆرانی مامە حەمە یەکێک بوو لەو مندالانەی لە دونیای دوای راپەریندا منداڵیی و گەنجێتی خۆی ژیا، ئەو لە سپێدەی راپەرینی ساڵی ١٩٩١دا تەنها چوار ساڵێک تەمەنی هەبو، ساڵی ٢٠٠٨ یش کە شەهیدکرا تەمەنی تازە ٢٠ ساڵی تێپەراندبوو. لەو ٢١ سالەدا سۆران لەناو رووداوە گەورە و بچوکەکانی دوای ڕاپەڕیندا هەم گەورەدەبێت و هەم هۆشیاریشی بەرووی جیهاندا دەکرێتەوە. دونیایەک کە پارتە کوردییەکان و بنەمالە سیاسییەکان و نوخبە دابەزیوەکە لە شاخەوە، دروست و حوکمڕانیی دەکەن. سۆران لەو ساڵە کەمانەدا دەبێتە یەکێک لە جاوە رەخنەییەکانی ئەو کۆمەڵگایە و بە هۆشیارییەکی رەخنەییەوە سەیری ئەو جیهانە دەکات کە حوکمرانانی کوردستان بەدەوریدا دروستیدەکەن. شەهیدکردنیشی لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، هێما بۆ ئەو فشارە مێژووییە دەکات کە ئەو نەوە گەنجەی دوای ڕاپەڕین لەسەر حوکمرانان، دروست و ئاراستەی دەکەن. شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە هەموومانی لە راستییەکی هێجگار تاڵ ئاگادارکردوە، تاڵیی ئەوەی ئێمە ژیانمان لەناو دونیایەکی تاریک و خوێنناویدا، بەسەردەبەین. ئاخر ئەوەی هەموومانی لە مەترسییە ناوەکیی و توانا داپۆشراوەکانی ئەو فۆرمە لە حوکمڕانیی ناو دوانیای دوای ڕاپەرین ئاگادارکردەوە، تەنها شەری ناوخۆ و گرتن و راونان و شاربەدەرکردنی هەوادارەکانی دوو پارتە حوکمڕانەکە بۆ یەکتری نەبوو، تەنها ئەو توانا گەورەیەی تەزویر و گەندەڵکاریی و چاندنی رق لە هەموو شوێنێکدا، نەبوو. تەنها ئامادەگیی ئەو عەقڵیەتە دابەش و پارچەپارچەکەرەش نەبوو کە ولاتی ئێمەی بە لۆژیکی دوو بنەماڵەی ناکۆک بەیەک، بە دەیان شێوە دابەشکرد. ئەوەی ئێمەی لە مەترسییە ناوەکییەکانی ناو ئەزموونی حوکمرانییە کوردییەکە ئاگادارکردەوە، شەهیدکردنی کەسانی وەک سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و ئەوانیتر بوو. گەیشتنبوو بەو خاڵە کە تیایدا لولەی چەکەکان کرانە سەر دڵ و ژیانی ئەو منداڵانەی لە دونیای دوای راپەڕیندا لەدایکبووبوون و گەورەبووبووبوون. ئەوی مەرگی سۆران و هاوڕێکانی نیشانیداین تەنها رقی سیاسیی هێزەکان لە یەکتر و لە کەسانی لەخۆیان نەچوو نەبوو، بەڵکو گۆڕانی شۆڕش و شۆڕشگێران بوو بۆ ئەو ئاژەڵە ترسناکەی کۆرپەکانی خۆیشی دەخوات. شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە ئەو داگیرسانە کوتوپرەبوو بوو کە نیشانیداین مرۆڤی ئێمە کەوتوینەتە ناو چ جەنگەڵ و تاریکستانێکی گەورەوە. بەڵام ئەگەر شەهیدکردنی سۆران و هاوڕێکانی رووە هەرە تاریک و هەرە ترسناک و هەرە ناشیرینیەکەی ئەو مۆدێلەی لە حوکمڕان و لە حوکمڕانیی نیشاندابین، دەریخستبێت کۆمەڵگای ئێمە رووی بە رووی چ جۆرە بەربەریەتێکدا تەقیوەتەوە، ئەوا بوونی کەسانی وەک سۆرانی مامە حەمە، لە هەمانکاتدا، نیشانیداین ئەم کۆمەڵگایە چ توانایەکی ناوەکیی و گەورەی بەرهەمهێنای مرۆڤی راستگۆ و نەترس و بەرگریکاریی وەک سۆرانی مامە حەمە تێدایە. کەسانی وەک سۆران، مۆدێلێکیان لە مرۆڤی بەرگریکار نیشانداین، کە دەتوانن بچنە ئەودیوی تاریکییەکانی ترس و تۆقاندنەوە، بەم کارەشیان قورساییەکی ئەخلاقیی گەورەیان لەسەر شانی هەر یەکێک لە ئێمە بەجێهێشت. لە دوای کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و هاوڕێکانییەوە، کێشەیەکی هیجگار گەورە و بنەڕەتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەبێت، کە دەشێت بە «کێشەی مانا» ناویبنێین. لەدوای ئەم تاوانە گەورەیەوە دەکرێت لە خۆمان بپرسین ئایا پێکەوەبوونی کەسەکان چ مانایەکی هەیە ئەگەر هەندێک بەبێ بەربەست ببن بە جەلاد و هەندێکی دیکەش بەبێ پاراستن بە قوربانیی؟ کۆمەلگا خۆیشی چ مانایەکی دەبێت کاتێک کەسانێک بەبێ لێپرسینەوە و بەبێ ئازاری ویژدانیی، ئەوەی بە دڵیان نەبوو بگرن و شاربەدەر بکەن و بکوژن؟ ئەی چ مانایەک بۆ نووسین دەمێنتەوە کاتێک نووسین دەبێتە رەچەتەیەک بۆ کوشتن؟ لەدوای شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمەوە هەموو ئەو پرسیارانە یەخەی هەر یەکێک لە ئێمە دەگرێتەوە. یەخەی ئەو کەسانەی بەتەنگ ژیانی خۆیان و ژیانی نەوەکانی ئایندەی ناو ئەم کۆمەڵگایەوە دێن، ژیانێک مانادار و کەرامەتپارێزراو.
مەریوان وریا قانع.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *