نیسان 20, 2025

باجێکی قورس ..به‌شدار عوسمان

کێن ئەوانەی لە ووتنی راستیەکان دەترسن؟!کێن ئەوانەی دەرگای دیالۆگ لەسەر خۆیان و بەرامبەرەکانیان دادەخەن؟! کێن ئەوانەی وەڵامی رەخنە ونارەزاییەتیەکان بە گوللە و ئاسن دەدەنەوە؟!تەنھا ئەوانەی بە شەفافیەت کۆتاییان پێ دێت.
کامە ھێز تونیویەتی بەکوشتن و بڕین و سەرکوت و داپلۆسین درێژە بە تەمەنی خۆی بدات؟!ئەوە کامە سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە بەرێگای لەناوبردنی بەرامبەرەکەی دەیەوێت پایەکانی خۆی لەنێو کۆمەڵگا بچەسپێنێ؟!ئەوە چ دەسەڵات و حیزبێکە دەیەوێت ترس و تۆقاندن بکاتە تەوقێک و لەگەردنی تاکەکانی بئاڵێنێ،بۆئەوەی خۆی(ئازادانە)مامەڵە بکات؟!دەست بردن بۆکاری کوشتن و تیرۆر و تۆقاندن تەنھا لەسیستەم و بەرنامەی حیزبە فاشی و دیکتاتۆرەکان جێگای دەبێتەوە،بەڵام کاتییە!
ھیتلەر و ناپلیون توانیان ووزە و ئیرادەی تاکەکان وورد و خاش بکەن و ماوەیەک (پاڵەوان)بنٍ، صدام حسێن گەورەترین ھێزی تەرخانکردبوو بۆ سرینەوەی رەقیب و بەرامبەرەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق،بەڵام بەھەوادا رۆیشتن و کەوتنە بەرنەفرەتی مێژوو،ئەوانەشی کە لەسەر ئەو کارانە بەردەوامن چارەنووس و ناوباگیان لەمان باشتر نابێت،خه‌ڵک زۆر له‌وه‌ هۆشیارتره‌ ئیتر ئه‌و هه‌موو نایه‌کسانی و بێ مافیه‌ قبوڵ ناکات ، ئیستا نەوەیەک پەیدابووە دیکتاتۆریەت له‌بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ودا جێگای نابێته‌وه‌ و گه‌ره‌کیه‌تی هه‌موو شتێک بزانێ،بۆ ھەموو کارێکی نەشیاو دەنگ ھەڵدەبرێ و قسە دەکا و گوێش دەگرێ.
سۆران مامە حه‌مه‌،رۆژنامەنوسێکی گەنجی شاری کەرکوک بوو لەماڵەی خۆیدا تەقەی لێکراو تیرۆریان کرد! پێش ئەوەی پەنجەی تۆمه‌ت بۆھەر لایەک درێژبکەین پێویستە چەند شتێک روونبکەینەوە: سۆران وەکو گەنجێکی نارازیی ئەو کۆمەڵگایە بەشێکی زۆری کارەکانی خۆی بۆ بێ سیستەمی و بەربەریەت و زوڵم و ستەم و نایەکسانی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کرکوک بەتایبەت پارتی و یەکێتی تەرخان کردبوو،نەبونی و برسیەتی و سەرگەردانی و یاریکردن بە چارەنوسی خۆی و ھاوشارییەکان و تۆخ کردنەوەی ھەستی تائیفی و قەومی لەنێوانیاندا بۆ دزینی سەروەت و سامانی زیاتری شارەکەی،فشاریان بۆ ھێنابوو،بۆیە دەستی کرد بە نوسین و رەخنەگرتن لەبەرێوەبردنی ئەو عەقلیەتە دۆگمایە(لەودواین ووتاری سۆران ئەمە زۆر بە روون و ئاشکرا دەربڕاوە) بێگومان ئاشکراکردنی راستیەکان و پەردەھەڵماڵین لەسەر دزی و راووڕووت و رێکەوتنە رێرەوژوورەکانیان و باسکردن لە ئێش و ئازار و کێشەکانی خەڵک لەماوەی دەسەڵاتی ئەو حیزبانە لەماوەی دوو دەیەیی رابردوو بە کوشتن و لەناوبردن تەواو بووە و لیستێکی درێژیش لەبەردەستدان.
سەردەمانێک لە ھەولێر و سلێمانی کاردەست کەوتن و دامەزراندن مەرجێکی سەرەکی تەزکییەی پارتی بوون و یەکێتی بوون بوو، ھەزارەھا گەنج و لاوی ئەو مەملەکەتە نان بڕاو کرا و دووچاری ده‌یان روودای جه‌رگبڕ وکاره‌ساتی دڵته‌زێن هاتن و رووبه‌رووی چاره‌نوسی نادیار بونه‌وه‌ تەنھا لەبەر ئەوەی ملی بۆ سیاسەتەکانی ئەوان دانەنواند،بەسەدان خەڵکی نارازی و توڕە زیندان و سوکایەتی و ئیھانە و تێر شەق کران، ئەوانەشی کە ملیان نه‌دا و بەردەوام بوون لە رەخنە و نارەزاییەتیەکانیان بە مەرگ سپێردران و پیاوە قەزەمەکانی حیزبیش بەھانەکیان بۆ داتاشی وەکو ئەوەی ئیستا خەریکن بۆ سۆرانی دورست دەکەن لەبابەت کێشەی شەخصی و دەستی دەرەکی و نەیار و دوژمنەکان و تێکدەرانی وڵات…،به‌ڵام لای دارێژه‌رانیشیان جێگای بڕوا نه‌بوه‌ و نابێت .
ھەموو ئەوانەی لەپێناو دەست راگەیشتن بە ژیانێکی باشتر و ئارام و بێ زوڵم و زۆرداری و نابەرابەری تێکۆشان، باجێکی قورسیان بە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیاندا و تیاچوون،بەڵام سەروەری و مێژوویەکیان بۆ خۆیان تۆمارکرد بۆ ھەتا ھەتایە جێگای شانازییە بۆ بەشەرییەت،بوون بە وانەیەکیش بۆ ئێمە ئیتر دەبێت ئەو دەسەڵات و سیستەمانە بگۆردرێن،چونکە ناکۆکیان لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەو سەردەمە ھەیە و دەبێت بچنە زبڵدانی مێژووەوە،ئەگەر بە تیاچوونی ئێمەش کۆتایی پێ بێت جێگای شانازییە،با بکوژانی سۆرانەکانیش باش بزانن دەست بردن بۆ کاری کوشتن و تیرۆر و پەلاماردان ئاماژەیەکی روونە و پەلەقاژیەکە بۆ مەرگیان و کۆتای پێ ھاتنیان و ئەمە دوا وەسیلەیە بەدەستیانەوە.

بەشدار علی ( به‌شدار عوسمان )
2008-8-1

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *