شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سۆران بۆ من هەر کزەبای سبەینان و
هەر نەسیمی ئێوارانی جەستەی لاوازی خەم نییە
سۆران تەنها بەستەی ئەوینی ناکام و
چاوی کزی پیرەدایک و
کەسەری سەر دڵی باوک و
چیرۆکێکی نهێنی ناو باوڵی دڵی کچە دراوسێیەک نییە
ئەو ئێستاکە بۆتە داستانی نێو وشە و
سروودی سەرزاری هەموو عاشقەکانی ڕێی ئازادی
بۆتە گۆرانییەک و هەرگیز لەبیر خەڵک ناچێتەوە
ئەو ئێستاکە قوفڵی داخراوی سەر دەرگای
ئومێدی تاریکپەرست و بکوژانی ئازادییە و ناکرێتەوە
سۆران ئێستا تەوژمی بانگەوازێکە
هەڵمەتبەری باوەڕێکی گەش و مەزنە
هەموو ڕؤژێ وەکو هەتاو دادەبەزێتە نێو ماڵی هەژاران و
سڵاو لە دەنگی دلێری یاخیبوون و
لە گۆرانی تووڕەبوون و
لە چیرۆکە تازەکانی خوێنی نێو ماڵەکان ئەکا
سۆران ئێستا بۆتە هەناسەی ئازادی و
تا ستەم و بەشمەینەتی لەئارا بێ
ئەو قەڵەمێکی سەرکەشە و بێهەدادان
باس لە شیعر و
باس لە وشە و
باس لە جوانی و
باس لە ڕاستی و
دانانی خاڵەکان ئەکا
عەبدوڵاسلێمان(مەشخەڵ)