لەتیف فاتیح فەرەج:
سۆران زۆر هۆگری دایک و خوشک و برابوو، مکوڕانە کاری دەکرد بۆ ئەوەی ئەوانیش بەتایبەت دایکی بەختەوەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مەیلی بەلای پارەدا نەبوو، لەبەر ئەوەی جارێکیان لەنێوان دوو ئیشدا، من هەوڵمدا ئەوەیان هەڵبژێرێت کە دەسکەوتی مادی و ژیانی باشتری دەستەبەر دەکرد، لێ ئەو ئەوی دیکەی پەسەند کرد، ئەو نەک هەردایک و براو خوشک و کەس و کار تەنانەت هەموانی خۆش دەویست، ڕقی لەکەس نەبوو، ئەو بەر لەهەر شتێک شاعیر بوو شاعیریش ماکی ڕق نین.
حاجی شازادەی دایکی سۆران خاتونێکی بەڕومەت و بەهیمەتی کوردەواریە، ئەنفال و کۆست و دەربەدەری برستیان بڕیوە ، لێ هەرگیز نەکەوتوە، من زۆر لەمەوبەر بەچەند میدیایەکم وت دەکۆمێنتاریە لەگەڵ دایکی سۆران و سەردەشت و کاوەو وەدات بکەن ، بەڵێنیش درا، بەڵام تا ئێستا نەکراوە، ئەو دایکانە پڕ دڵیان لەقسەیە دەبێت بیکەن، حاجی شازادە یەک لەو دایکانەیە هەزاران قسەی لەدڵدایە،ئەوان شیری ئەو شەهیدانەیان داوە، ئەوان شایانی میداڵ و ڕێزن، لای خۆمەوە هەمیشە کڕنوش بۆ ئەو دایکانە دەبەم.
لەبۆنیەکی دیکەی یادی سۆراندا، باپێکەوە دەستی حاجی شازادەو دایکانی جەرگ هەڵقرچاوی ڕێی ئازادی وتن و نوسین ماچ بکەین، با پەیکەری ئەو دایکانە لەگۆڕەپانی دڵدا دابنەین و بڵێین دروود.