یاسین عومەر ئیبراھیم:
ھەموو بکوژەکان، یان ئەوانەی لەپشت پلانی کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوانەوەن، گرەوێکی گەورە لەسەر زەمەن دەکەن ھەتا خوێنی قوربانییەکە لەزاکیرەی خەڵکو لەشاشەی میدیاو لەدڵی مێژوود
ا کاڵبکاتەوە، خوێن وەک ھیچ شتێکی دیکە نییە، خوێن بەپێچەوانەی بۆیەو مەرەکەبو ئادگارەکانەوە ھەتا کۆن بێت تۆخترو تۆختر دەبێتەوە، ئێستا خوێنی ھابیل لەھەر کات تەڕترە، کۆنەستی مرۆیی ھەزاران ھەزار ساڵە خوێنی ھابیلی لەکۆڵناوە، ئەگەر خوێنڕشتنی ھابیل رووداوێکی میسۆلۆژیزەکراویش بێتو تەنیا زادەی خەیاڵ بێت، ھێمایە بۆ ئەوەی کە خوێن تەنانەت ئەوکاتەی لەفەنتازیای مرۆڤیشدا دەڕژێنرێت سامناکەو بارگرانییەکی گەورەیە بەسەر ویژدانی مرۆییەوە.
خوێنی سۆرانی مامەحەمە، خوێنێکی ھەمیشەتەڕە، خوێنێکە نە خزمایەتییەکی لەگەڵ زەمەن ھەیەو نە ملکەچی تێپەڕینی کاتە، سۆران برای ھابیلە، برای یوسفە، برای جەمال عیرفانو لۆرکایە، سۆران برای بەکر عەلیو سەمیر قەسیرە، برای داھێنەرە شەھیدکراوەکانە، ئەوانەی کە جێبرینیان کانییەکەو چواروەرزە خوێنی لێدەچۆڕێت.
لەم سۆنگەیەوە؛ ئەوانەی لەپشت شەھیدکردنی سۆران-ەوە بوون ئێستا لەھەرکات شەرمەزارترن، بێومێدترو ماندووترن. شەرمەزارن؛ لەبەرئەوەی باش دەزانن سۆران وەکو ھەموو شەھیدەکانی قەڵەم لەدنیادا؛ جگە لەمرۆڤێکی بێگەردی نیازپاک ھیچی دیکە نەبوو. بێئومێدن؛ لەبەرئەوەی زۆر ئاشکرا دەزانن سۆران ئێستا ئایدیالێکەو سەدان گەنجی کوردستان خۆیانی پێبەراورد دەکەنو دەیانەوێت لەسەر رێچکەکەی ئەو ببنە رۆژنامەنووسو ھەمان رۆڵی سۆران (بێ زیادو کەم) وازیبکەن. ماندوون؛ لەبەرئەوەی تارمایی سۆران لەھەزاران لاوە دەورەیداونو وێنەی ئەوانی لەقوربانیی بەعسەوە گۆڕی بەجەللادو بکوژی رۆژنامەنووسان.
گەورەترین تێکۆشان بۆ ئەوەی سۆران بەزیندوویی بمێنێتەوە ئەوەیە کە ھەمیشە ئەو وەکو ئایدیالێک بھێڵدرێتەوە، چاوی لێبکرێتو وەکو وانە بووترێتەوە، ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بکوژەکانیو دادگاییکردنیان، بچووکترین ئەرکی سەرشانمانە، جارێ ئاشکرابوونی بکوژەکان دەکەوێتە ئەوکاتەی کە رێکەوتنی ستراتیژیی دەگاتە قۆناغە پێشکەوتووەکانی درزتێبوونییەوە. دادگا ناشرینەکانی ئەم وڵاتەش زۆر لەوە بێدەسەڵاتترن بتوانن کەیسێکی سەرنجڕاکێشو گرنگو پڕبایەخی وەکو کەیسی سۆرانی مامەحەمە یەکلاییبکەنەوە، ئەوان پاڵەوانی مەیدانی دادگاییکردنی رۆژنامەنووسانو کەیسی تەڵاقو تەملیکو ھێلکەدزو کێشە دوور لەچەرمەسەرییەکانن، لەخەویشیاندا بیر لەیەکلاییکردنەوەی دۆسییەی لەم بابەتە ناکەنەوە، لەھەموو حاڵەتەکانیشدا شتێک لەئەتمۆسفیری بووندا ھەیە پێیدەوترێت دادپەروەری (ھەرچەندە ھەبوویەکی میتافیزیکییو نەبینراوە)، بەڵام ئەو خۆی ئەرکی ھێشتنەوەی ئەم دۆسیەیە بەزیندوویی دەگرێتە ئەستۆ.
خوێنی سۆران مۆری ناوچاوە، نەفرەتەو ھەتاھەتاییە، ھەتا بکوژو پیلانگێڕو نەخشەدانەرو تیۆریزەکەرانی خوێنەکەی بەشوێنی شایستەی خۆی نەگەیەنێت ئۆقرەگرتن نازانێتو لەدەیان فۆرمی تارمایی ئاسادا خۆی دەردەخاتەوە.
رێک وەکو چیرۆکی (پاڵتۆ)ـی نیکۆلای گۆگۆڵ، پاڵەوانەکەی (ئەکاکی ئەکاکیڤیج)، مرۆڤێکی ھەژارو سەرکزو دڵپاکو فەرمانبەرێکی جیدییە، بەدرێژایی تەمەنی ھەندێک پارەی پاشەکەوتکردووەو رۆژانە لەقوتی خۆی گرتوویەتییەوە ھەتا پاڵتۆیەکی پێبکڕێتو لەسەرمای پیترسبۆرگ-ی مرۆڤکوژ خۆی رزگاربکات، پاڵتۆکە دەکڕێتو چەند سەعاتێک لەبەریدەکاتو دواتر لێیدەدزن، بەھۆی سەرمای تەزێنەرو لەداخی دزینی پاڵتۆتازەکەی، ئەکاکی دەمرێتو دوور لەھەر گرنگیپێدانێک دەنێژرێت، بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەتو گەورەیی گۆگۆڵ-یش بەھۆی دوو شتی واوەیە، ھەر بەوھۆیەشەوەیە دۆستۆیۆڤسکی دەیوت “ھەموومان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە ھاتووینەتەدەر”. رۆحی ئەکاکی لەگۆڕ دێتەدەرەوەو تۆڵەی خۆی لەجەللادەکەی دەکاتەوە.
ئایدیای گەردوونی ئەم چیرۆکەو رەھەندە مرۆڤدۆستانەکەی زۆر ئاشکرایە بەوەی کە خوێنو ماف بەمردنی خاوەن مافو خوێنەکە کۆتایی نایەت، ئەگەر پاڵتۆکەی گۆگۆڵ سیمبولی ژیانی گۆگۆڵ بێت، ئەوا ژیانی سۆرانیش چوون پاڵتۆکە وایە، ئەکاکی ئەکاکیڤیج بەھۆی زەوتکردنی پاڵتۆکەیەوە دەمرێت، سۆران راستەوخۆ شەھیددەکرێت، بەڵام دواجار ھەردوو قوربانییەکە لەخۆڵەمێشی خۆیاندا ھەڵدەستنەوەو ژیان لەجەللادانیان دەکەنە دۆزەخ. مەرجیش نییە فۆرمی ھەستانەوەکە لەیەک قاڵبدا قەتیسبمێنێت، دادپەورەی ھەزاران رووی ھەیە.
سۆران وشەیە، وشەکانیش وەکو واڵت ویتمان دەڵێت “لەئاودان، لەھەوادان، لەھەمووماندان، سۆران چیرۆکێکە دەینووسینەوە، لەدڵماندا ھەڵیدەگرینو دەماودەم دەیگێڕینەوە، سۆران گۆرانی (ست فاتیمە)یەو تا ئەبەد، تا نەمانی کات دەیڵێینەوە
١٩/٧/٢٠١٢