نیسان 20, 2025

سۆرانی مامە حەمە، وەک نوێنەری ئەم نەوەیە.

عەزیز ڕەئووف:

لە سۆران مامە حەمەوە دەستیان پێ کرد. بە نیەتی بێدەنگکردن، سەرەتا لە بەردەرگەی ماڵێک لە کەرکوکەوە ویستیان نیشتیمانێک بێدەنگ بکەن. بێ ئاگا لەوەی دوای سۆران ڕێگەکە فراوانتر و دەنگەمان بەرزتر و نوکی قەڵەمەکان تیژتر بوون.
مەرگی سۆران لە مەرگەکانی تر ناچێت. ئەگەر دەستی پشت تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بە ئاشکرا لە پایتەخت بەرپرسانی ئەو دەڤەرە و تەستی پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە کەلار بەرپرسانی ئەم دەڤەرە ببینین، ئەوا دەستی پشت تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە هەردوو هێزەکە دەبینین، یەکیان وەک بکەر و ئەوی تریان وەک دەسەڵاتداری شارەکە و بێدەنگبوون لە کەیسەکەی.
ئەم دۆخە ئاڵۆزەی تیرۆرکردنی سۆران ڕێک دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانمان بیردێنێتەوە کە هەریەک ئەویدی تاوانبار دەکات و کەس خۆی ناکات بە ساحێبی هیچ کەیسێک و سەرجەمیان خۆیان لەم کەیسانە بێبەری دەکەن بێئاگا لەوەی هەموو دەزانین برینەکان لەکوێدان و کێن دروسکەری برین و چەقۆ لای کێیە و دادگا بەدەست کێییە کە ڕێگە نادات دەم و چاوی ڕاستەقینەی بکەرەکان ڕوخساری بکوژەکان ببینین.
بۆمن گرنگە چیتر ئەم کەیسە وەک قوربانی و وەک یادەوەرییەکی غەمگین نەبینین، بەڵکو بۆمن گرنگە کە مەرگی سۆران وەک مەرگێک بۆ هەستانەوە و ڕژانی خوێنی یەکەم شەهیدی قەڵەم ببێنە خوێنێکی تر و وزەیەکی تر و گیانێکی تر لەبەر هەمووماندا. بۆ من گرنگە ئەم یادانە بە دووباتکردنەوەی ڕێگەی ئەم قەڵەمە جوانانە بکەینەوە نەک خەم و فرمێسک و یادکردنەوەی تەقلیدی و بێ وزە و بێ خوێن. چیتر ناکرێت کەرکوک و کەرکوکییەکان وەک قوربانی ببینین، بەڵکو دەبێت کۆی ئەو غەدرە گەورانەی لەو شارە دەکرێت کە گەورەترینیان تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەیە، دەبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ یاخیبوونێکی ڕادیکاڵانە کە چیتر هیچ هێز و کەس و گروپێک جورئەتی ئەوە نەکات دەست بۆ پیرۆزییەکانی مرۆڤ ببات کە خوێن و گیان و ڕۆحی مرۆڤەمانە.
ئەوەی لای ئەم قەڵەمە ڕۆژنامەنوسەدا دەیبینم ئەوەیە کە سۆران بەتەنها موڵکی خۆیەتی و بەس، نابێتە موڵکی هیچ هێزێکی سیاسی و نابێتە ڕێگەیەک بۆ ئاراستەی بیرکردنەوە و بە موڵکزانین و بە ساحێبکردنی هیچ گروپ و هێزێکی سیاسی. بەڵکو سۆران وەک مەسیحێک وێنەی پڕ لەبەرائەت و بێکەسی هەتا مردن دەمێنێتەوە.
ئەوەی لەسەر ئەم مەرگە ڕامدەگرێ و لەسەری دەوەستم وێنەی قوربانییەکی کەرکوکییە کە تا ئەبەد بە قوربانی دەمێنێتەوە و دەبێـتە سیمبوڵی قوربانی ئەو نەوەیەی کە ئێستا لە دنیای ئێمەدا هیچ کەس و گروپ و لایەنێک تەعبیر لە خەون و خەیاڵ و دنیابینییەکانی ناکات. دروست سۆران نوێنەرایەتی ئەم جۆرە لە نەوەیە دەکات کە هەست بە بێکەسی و بێدەنگی و بئێومێدییەی قوڵی لە کۆی هێزەکانی کوردستانی عیراق هەیە.
ڕێک سۆران نوێنەرە بەڵام نوێنەری هیچ هێزێکی سیاسی نا، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەو وشیارییە دەکات کە لە دنیای ئێمەدا ئامادەیە، وشیارییەک کە بە هیچ هێز و گروپ و حزبێک دەستەمۆ ناکرێت. بۆ من ئەوەی لەم یادەدا گرنگە ئەوەیە سۆرانی مامە حەمە بەبێدەنگی و تەنها بە وێنەکانی دەتوانێت نوێنەرایەتیمان بکات و وامان لێ بکات تا ئەبەد بشت بکەینە کۆی ئەم هێزە سیاسیە ناشرینانەی کوردستانی عیراق کە ڕوخسار و سلوک و دیدیان لەیەک دەچێت.
لە ئێستادا سۆران دەتوانێت نوێنەرایەتیمان بکات، ئەویش وەک جوانترین نوێنەری دنیا.
22/7/20233

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *