ئایار 15, 2026

“سۆران” گڕکانی ویژدان بوو

ڕۆحت شاد قەڵەمە بەخوێن ڕەنگکراوەکەی شاری کەرکوکی داگیرکراو!
کاتێک دەگەینە بەرواری ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی شەهیدی لاوی قەڵەم “سۆرانی مامەحەمە” یەکسەر گەنجێک و قەڵەم و کراسێکی خەڵتان لەخوێن دێتە پێش چاوەکانمان،
ئەوەی سەیرە لە پاش ئەو هەموو ساڵە هێشتا”سۆران”زیندووە لەدڵماندا و بۆ ساتێکیش لەیادمان نەکردووە و هەمیشە هەست بەهێز و بوونی دەکەین،

۱۷ ساڵ لەمەوبەر بوو، مشکە جەواڵدڕەکانی پارتی بە دڕاندانەترین شێوە ڕووی تفەنگە ژەنگنەکانیان کردە “سۆران”و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا ئەم دەنگە ئازاد و یاخییەیان تیرۆرکرد، تەنها لەبەر ئەوەی زەنگی ئاگادار کردنەوی لێدا، پەردەی لەسەر گەندەڵی و بێ ئابڕوویی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکان هەڵماڵی بوو،

لەبیرمان نەچێت سەردەستەی چەتەکان پێشتر زۆر هەوڵی دابوو بەپارە پله و پۆست بێ دەنگی بکەن، هەر وەک چۆن ئێستا چەندین ڕۆژنامە نووس و چالاکوان و مەلا و ڕۆشنبیریان کڕ و کپ و بێ دەنگ کرد.!

شەمشەمەکوێرەکان بە دۆلار و دینار نەیانتوانی سۆران”فریوی بدەن و بیوەستێن چونکە لەلای سۆران شادرنەوەی ناحەقی ئەوپەڕی ناپیاوی و نامەردی بوو!

بکوژانی دەنگی ئازاد، وایانئەزانی بەم کارە پڕشەرمەزارییەیان ئەم دەنگە ئازا و ئازادە کپ دەکرێت و چیتر کەس ناتوانێت پەی بە دزی و کارە چەپەڵ و بێزراوەکانیان بەرێت.!

نەیانزانی ئێستا هەر ماڵێک سۆرانێکی تێدایە بەیەک دنیا زانیاری و هەگبەی پڕەوە چاویان لەسەر کارەنەشیاوەکانی سەرانی دەسەڵاتە و ڕۆژانە بە نوکی قەڵەمەکانیان پەردەی شڕ لەسەر گەندەڵیەکانیان لادەدەن…

سۆران گیان هەر جارێک بمەوێت چەند دێڕێک بنووسم بۆ ئەو ستەمە چەپەڵە دەرهەق بەتۆکرا ….
خەم دامدەگرێت، فرمسک لەچاوەکانم قەتیس دەمێنن و پەنجەکانم لێک دەئاڵێن، هەناسەیەکی توند خەریکە بمخنکێنێت! تەنها دەڵێم…..
چەند جوانن ئەو مرۆڤانەی وەکو “سۆرانی مامەحەمە” هەستی بەرپرسیارێتی گڕکانی دروست کردووە لەدڵیاندا
بوێرن ئازان نەبەزن ناترسن لە وشە و دەربڕینیاندا.

“سۆران” خودی گڕکانی ویژدان بوو
سۆران ڕۆحێکی یاخی و قوتابی قوتابخانەی بەرخۆدان بوو…
ئاخر زۆرن ئەو قەڵەم بەدەست و ڕۆشنبیرانەی کە دەمردن وەک هەر نەبووبن لەبیری هەمووان دەچنەوە!

بەڵام سۆران و قەڵەمەکەی هەمیشە زیندوون و هیچ کات لە زهن و خەیاڵمان نەچۆتەوە!

لەکوێ باسی گەندەڵی و ستەم دەکرێت سۆران بەخۆی و قەڵەمەکەیەوە لەپێش چاومان وەستاوە، بە وشەکانی گەندەڵکارانی لەقەنارە داوە…….

لەهەر شوێنێک بەرپرسێکی شەڕواڵ پیس و سەیارە و سەروەت و سامانیان دەبینین کە بە قوتی خەڵکی هەژار کڕدراوە، سۆران ماندوو شەکەت دێتەپێش چاومان
چەندین مەلەفی بەدەستەوەیە و وەستاوە سەری لە بێ شەرمی سەرانی کورد سوڕماوە……………
.
لە هەر ڕێگە و سەرسنورێک ترێلە دەرمان و دوگ و هێلکەو جگەر تەنکەرە نەوتی قاچاخ بەڕیز قەتاریان بەستراوە، سۆران بەئەندازەی ژمارەی ئەو تەنکەرانە لەسەر بەرزاییەک وەستاوە هێندەی دوگ و دەرمان و جگەر و خواردنی ماوەبەسەر چوو بەئەندازەی نەوتی ناو تەنکەرەکان تفی لەدەمیدایە بۆ نێو‌ چەوانی دەسەڵاتدرانی کورد داناوە……..

لە هەر جێیەک بەهای مرۆڤ شکێنراوە،
دەست بەسەر موچە و قوتی میللەتدا گیراوە لەڕیزی موچە چەندین بەتەمەن ڕۆحی لەبەر بڕاوە
قوتابی ڕەنجی چەندین ساڵی فەوتاوە،
سۆران دەبینین ڕق و ئارەقی بەنێوچەوانیا ڕێچکەی کێشاوە، کەلەسەری زوحاک شێوەی بەرپرسانی ژێر پێی ناوە …….

لە هەر سوچێک لەمپەر بۆ ئازادی دانراوە
دەنگی ئازاد کپ کراوە ڕۆژنامە نوس قەڵەم بەدەست لەزیندان خزێنراوە،
سۆران لەم دیوە شیشەکانە وەستاوە بەقەڵەمی ئاسنینی
دوا بزماری لەتابوتی دەسەڵاتدارانی کوردا داکوتاوە.

هەرکاتێک گەنجێکی بێ تاوان دەکوژرێت خوێنی پاکی تێکەڵی خاک و خۆڵ دەکرێت
سۆران لەو جێیە ڕادەگوزەرێت هێز و بازووی دەسەڵاتی ستەمکاران لەگۆڕ دەنێت…

بەناز حمە علی

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *