نیسان 30, 2024

سۆرانی مامە حەمە

Latif_Fatihfarajلەتیف فاتح فەرەج:
لەبەردەم یادو بۆنەیەکی دیکەی شەھید سۆرانداین ، ئەو کوڕە زیتەی دەیویست لە رێگەی وشەوە دنیایەکی باشتر دروست بکات بۆ ژیان ، ھەمیشە سەر زەنشتی ئەوەیم دەکرد، کەمێک پەلەیە ، ئەویش بەبزەیەکی شیرینەوە دەیگوت قوربان تەلەبەی تۆین. دۆسیەی ئەو رۆژنامەنووسە شەھیدە. چەند ساڵێکە تۆزی لەسەر دەنیشێ وکەس نەما لە دەرگاکەی نەدەین ، کەچی ھێشتا ئەوانەی سۆرانیان تیرۆر کرد ، دەشێ پێَبکەنن وبەشداری خۆشی وشادی بکەن وھەرلە خەیاڵیشیاندا نەبێت ئەوان چ پەپولەیەکیان کوشت!
سۆرانی مامە حەمە بەمانای وشە عاشقی خوێندنەوە بوو ، تەواوی رۆمانەکانی بەختیار عەلی وگابریل گارسیا مارکیزو پاولۆ کۆیلۆی خوێندبوەوە ، ئەوەی بەردەستی کەوتبوو زۆر جار لەسەر بیروڕایەک گفتوگۆیەکی گەرممان دەبوو، ھەر دەم رێزی بیروراکەی منی دەگرت وبەپێکەنینەوە کۆتای بەگفتوگۆکە دەھێنا ھەرشەوێک شیعرێکی تازەی نوسیبا، ئەگەر دوای نیوە شەویش بوایە بۆی دەخوێندمەوە ، شەوو رۆژ زۆر بەیەکەوە بووین وئەو رۆیشت وئێمە ماینەوە بۆ ئازار ، ئەو رۆیشت ودۆسیەکەشی بوو بە قوربانی یادەوەری کاڵی کورد ، رۆیشت وجگە لە دایکی کەس جەرگی بۆی نەسوتا ، تەنانەت ئەو نیشتمانەش کە ئەو خۆی دەکردە قوربانی ولە پێناویدا دەینووسی شنەیەکی پیشکەشی گۆرە بێنازەکەی نەکرد ، لەو گۆرستانە بێنازەی شیخ سەعید ـ لەنێوان من‌و سۆراندا زۆر یادگار وچیرۆکی تاڵ وشیرین ھەیە ، ھەیە چەند رۆژێکی زۆر کەم بەر لە تیرۆر کردنەکەی ((تەسبێکی قەزاونم )) پێ بوو زۆرم لا شرین بوو کردیەملی وئیدی گوتی خێری بۆ بکە بۆیان گێرامەوە کە شەوی تیرۆر کردنەکەی ھەر لە ملیدا بووە ، من پێشتریش جێ گیڤارام خۆش دەویست، بەڵام سۆران خۆشەویست تری کرد لام، من گیڤارام وەک پارتیزانی خۆش دەویست بەڵام ئەو وەک لاوێک سەرسام بوو پێ ی ، لەم دوا دوایەدا شیعرێکی بڵاونەکراوەی ئەوم دۆزیەوە لە نێو کەلوپەلەکانی خۆمدا و دام بە ئارام شوانی نازانم چی بەسەر ھات. پێم سەیرە سۆران تا لە ژیاندا بوو ھەندێک لێیان دەخوێند ، کەچی دواتر ھەر ئەوانە لەسەریان دەنووسی وشینیان بۆ دەگێیرا . لەو روەوە چیرۆکی زۆرم لایە بەھیوام بیبەمە ژێر گڵەوە.
کاتی خۆی زۆرکەس بەلێنیان دا بە دوای دۆسیەکەی سۆراندا بچن . نەچوون بەو ئاوانەی ئەمەبیر خەرەوەیەک بێت ، کەرکوک برینی زۆری کردوەتە دڵم ، دووبرینیان ھەمیشە تەڕن، شەھید کردنی شەھید سۆران وشەھید بوونی مستەفا گەرمیانی گەرمیانیش خەمێکی دیکەیە ، کە لەبیر ناچێتەوە .
دڵ بۆتە لانی خەم وچاو بۆتە کانیاوی خوێن
من بەندی جەلادی ژیان وئازیزانی دی لەکوێن؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *