نیسان 30, 2024

مەرگی سۆران و خەونی بەھاری رۆژنامەنوسان

69شێرکۆ جەبار:
چوار ساڵ تێپەڕی و رۆژگار سات بە دوای سات کاتژمێری یادەوەرییەکان کاڵدەکاتەوە، کەچی ھەر وادەزانین دوێنێیە، ھەمیشە ئەو وێنە تراژیدییە لە ئاوزماندا کۆپی کراوەو ون نابێت، وێنەیەک بە یادەوەری
یەکی نەخۆشەوە لکێنراوە کە دووچاری ململانێیەکی سەختی کردوین، لە نێوان لەبیرچوون و لەبیرچوونەوە، ھەروەھا لە نێوان جەختکردن لەسەر بەردەوامیی و کۆڵنەدان.
رۆژ و مانگ و ساڵ بەساتە شیرین و تاڵەکان، بە وێنا خوێناوییەکانی رۆژانەی سەر شەقامەکان و ساتە دەگمەنەکانی ئاشتی تێدەپەڕێ، کەچی ھێشتا وێنەی ئەو گەنجە رۆژنامەنوسە رۆشنبیرە خوێن گەرمە وەک نەخش لەسەر تاشە تاوێرەکانی قەراغ شار ھەڵکۆڵاوە، بۆ ساتێکیش بە جێمان ناھێڵێ، چوار ساڵ لە تێپەڕبوونی تیرۆرکردنیدا، دەنگی حیبری سۆران مامە حمە نەوەستاوە و وشک نەبووە.
لەو رۆژەدا کاتێک ئەو ماڵئاوایی کرد، شوێن و زەمەن پڕ بوون لە فرمێسک، ویژدانەکان نغرۆ بوون بە ھەستی توڕەیی و حەسرەت و پرسیارکردن، ئەویان خستەسەر شان و شار بەگڵی نەرم و بۆن و بەرامی قوربانی و ئازادییەکی باڵشکاوەوە توند لە ئامێزیان کرت.
چوار ساڵ لەمەو بەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی ھەواڵی تیرۆرکردنی سۆرانی رۆژنامەنوس، شەقامی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە دەرەوە وروژێنرا، سەرجەم ھۆیەکانی میدیا بوێرەکانی لۆکاڵی و بیانی و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی دەنگی توڕەییان بە ڕووی دەسەڵاتدارانی کوردی بەرزکردوەو ئەو کارەساتە بوو بە مۆرێکی رەش بە نێو چەوانی حوکمڕانی کوردی لە ناوچەکەدا دەرھەق بە رۆژنامەنوسانی ئازادو کەسانی حەقبێژ لە ئەھلی قەڵەم، کە سۆران بەو تەمەنە کورتەی لە بوارەکەدا یەکێک بوو لە ئەندازیارەکانی و بزوێنەرەکانی، جێپەنجەی لە پەیامە سیاسی و گەندەڵییەکانی کاربەدەستانی حزبی و ئیداریی بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەو سنورەدا دیارو لەبەرچاو بوو، کە تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ کەسێک بەو نەفەس و روحییەتەوە نەیتوانیوە ئەو ئەمانەتەو روئیایەو شەفافییەتەی سۆران بپارێزێ لە کاری رۆژنامەنوسیدا لە شاری کەرکوکدا، سۆران بوێرانە دەیگوت خەڵکینە شەقام بۆ گەندەڵکاران و دزو جەردە و مافیاکانی حزب و دەسەڵات چۆل مەکەن.
ئەمرۆ سۆران مامە حەمە بوو بە خەونێک کە ھەرگیز لە یاد ون نابێت، سۆران بوو بە خەونی بەھاری رۆژنامەنوسانی کوردستان، خەونێک ھەمیشە ھاوپیشەکانی سۆران رۆژانە لەسەر ھەر بستە خاکێکی ئەم کوردستانە لە پێناویدا دوچاری سوکایەتیپێکردن دەبنەوە، تاکە ناونیشانی سەرەکی لە مانای شەھیدکردنی سۆران ریسواکردن و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بوو لە شاری خێر لەخۆنەدیوی کەرکوک و ئاشکراکردنی رەفتارو ئاکاری ئەو کاربەدەستانەی کە لەسەر حیسابی خەڵکی ئەم دەڤەرە قوماریان بە چارەنوسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی کەرکوکەوە دەکرد، ئەو ھەمیشە پێی وابوو ھیچ شتێک نیە ناوی حوکمڕانی راستەقینە و دادپەروەر بێت لەم شارەدا بە بێ بوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دانانی کەسانی شیاو لە بەڕێوەبردنی شوێنە ھەستیارەکان و چارەنوسسازییەکان لە شوێنی ئەو باندە گەندەڵانەی کە لەسەر پردی حزبەوە پەڕیبونەوە و داھات و دەستکەوتی ئەم شارەیان بەھەدەر برد.
کێ سۆرانی تیرۆرکرد؟ پرسیارێکە لە ساتەوختی تیرۆرکردنی سۆرانەوە و پاش تیپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تا ئەمێستا لەبەر خۆمان و لە کۆڕوکۆبونەوەکان ئاوەزی ھەموومانی داگیرکردوە، تا ھەنوکە پرسیارێکی بوێرانە بووە لە دوای چوار ساڵ تەرحکردن، بە تایبەتی لە حاڵی حازردا کە ئێمە لە زەمەنی موحەڕەمات و ھێڵە سوورەکان و لە زەمەنی گۆڕانکارییەکان و چاوەڕوانییەکان ئەژین، ئەشێ ئامانجی تەرحکردنی ئەم پرسیارە و قسەکردن لەسەری کێشەیەکی گەورە بێت کە تەنھا پەیوەندی بە خودی کەسایەتی شەھید سۆرانەوە نەبێت وەک شەھیدی ئازادیی ڕادەربڕین و شەھیدی قەڵەمی ئازاد، بەڵکو ھێماو کورتکردنەوەی زۆرێک لە قۆناغ و روداوەکانە، زەمەنێکمان وەبیرئەھێنێتەوە کە تا حاڵی حازر سەرکوتکردنی ئازادییەکان و بیرورای جیاوازو ئازادی رادەربڕین و فشارخستنە سەر رۆژنامەنوسان بەردەوامە، سۆران و شەھیدە ھاوپیشەکانی، ئازادییەکی نوێیان لە کەڵکەڵەی ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان بەرجەستەکرد، ئەوان روحییەتی راستەقینەی ئازادین لە کوردستان سەرەڕای ئەو ھەموو ئەزمونە تاڵ و تفتەی کە لە مێژوودا بەسەر گەلی کورددا ھاتووەو لە پیناویدا قوربانی ئێجگار بێ شوماری لە پێناو ئازادی خاک و نیشتمان بەختکردوە، بە کورتی سۆران و شەھیدە ھاوپیشەکانی مانای راستەقینەی ئازادین.
چوار ساڵ تێپەڕی و کارو چالاکی رۆژنامەنوسانی ئازاو ئازاد بەردەوامەو ھەنگاو ئەنێ بەرەو تێکشکاندنی کۆت وبەند و بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی رۆژنامەگەریی و مافی پیشەیی رۆژنامەنوسان، ئەم بزوتنەوە خۆرسکە رۆژنامەوانییە تەنھا بزوتنەوەیەکی کلتوریی و میدیایی راگوزەری خواستێکی دیاریکراوی کەسێک یان حزبێک یان گروپێکی خاون ئایدیایەکی دیاریکراو نیە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی – کلتوریی خۆرسکی کۆمەڵگای کوردییەو زیاتر شێوەیەکی فەردانییەتی لە خۆ گرتووە لە نێو توێژاڵە جۆراو جۆرەکانی توێژی نوخبەی کوردیداو بەتایبەتی لە نێو رۆژنامەنوسان و میدیاکاران، کە بەردەوام زۆرێک لە دەستپێشخەریی و ھەنگاوی جەریئانەو راستکردنەوەی کێشە چارەنوسسازییە جۆراوجۆرەکانی دۆزی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی و کلتووریی کۆمەڵگای کوردی ھەڵگرتووە.
ئەمڕۆ لە یادی چوارساڵەی تیرۆرکردنیدا، دووبارە رۆژنامەنوسانی ئازاو بوێر لەگەڵ ھەزارەھا کوردی مرۆڤدۆست و خاوەن ویژدان و تینوی ئازادی راستەقینە ئەو پرسیارە دووبارە ئەکەنەوە : کێ سۆرانی کوشت؟ تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ون و نادیارە، ئەگەر چی قەڵەم و جەرائەتی سۆران ھۆیەک بوون لە تیرۆرکردنی بە شێوەیەکی ترسنۆکانە، بەڵام بکوژەکانی سۆران و سەردەشت ئازادن و نییەتیان ئاشکراو زانراوە، چیدی لەمەودوا با ئەو جۆرە پرسیارانە دووبارە نەکینەوە، کێ سۆرانی کوشت، کێ سەردەشتی کوشت؟ لە بری ئەو پرسیارە کە وەڵامی ھەرگیز نیەو نابێت، باشتر وایە لەمەودوا بە دوای وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا بگەڕێین ئەوەش: کەی دادپەروەریی لە کێشەکانی تیرۆرکردن و ھەوڵەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسانی ئازاو بوێر وەدیدێن؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *