سەردەشت ئاشق بوو یان تیرۆریست !؟

CREATOR: gd-jpeg v1.0 (using IJG JPEG v62), quality = 85
CREATOR: gd-jpeg v1.0 (using IJG JPEG v62), quality = 85

سێ شەممە, 05 ئایار 2015 00:25
نوسینی: ساڵح میراودەلی..

( ئەگەر ئازادی بیر و ڕا نەبێت و ئێمەش بێدەنگ بین، لەوانەیە پاشان وەک مەڕ بمانبەن بۆ سەربڕین- جۆرج واشنتۆن- سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس و خوێندکار سەردەشت عوسمان، پێناسەکردنی هەر ئەوەندە هەڵدەگرێت، بڵێین ئەوە پێوەری ئاستی ئازادی ڕا دەربڕینە، لەو هەرێمە دابەشکرا و و داگیرکراوەدا، ئەوانەشی لە میدیاکانەوە بالۆرەی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بۆ ئەو دەسەڵاتە خودکوژە لێدەدەن، جگە لە چاوەش و لۆتیەکانی دەسەڵات هیچی دیکە نین.

ئەوە گوتمان سەردەشت تیرۆر کرا و پێش ئەویش چەندان ئازادیخوازی دیکە لە ژێر ناو و پاساوی دیکەدا تیرۆرکراون، دوای سەردەشتیش بە هەمان شێوە، تیرۆری کاوە گەرمیانی و چەندانی دیکەش زیندان و ئەشکەنجە دراون، بەهۆی دەربڕینی بیر و ڕای خۆیان و پێگەکانیانەوە، بەڵام تا وەکو ئەو ساتەشی لەگەڵدا بێت، هیچ یەکێک لەو کەیسانە بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە یەکلایی نەکراونەتەوە، نە دەسەڵاتیش خەمی لێخواردوون، بەڵکو بەردەوام دوای هەر یەکێک لەو تیرۆر و پێشێلکاریانە، لیژنەیەکی ڕۆبۆتیان لە پیاوەکانی دەسەڵات پێکهێناوە، ئەوەندەیان ئاڵۆز کردووە، نە کەس و نە خۆیشیان سەریان لێدەرناچێت، ڕێگەش نادەن هیچ ڕێکخراو و لایەنێک یان کەسێکی دەرەوەی دەسەڵات دەست بۆ جوڵاندنیان بدات، ئەگەریش هەوڵ بدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک کۆسپ و کێشەی بۆ دروستدەکەن.

لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون، بۆ کەیسی تیرۆری سەردەشت عوسمان، بە لیژنەیەک سپێردرا، کە هەر ئەندامانی ئەو لیژنە و حزبەکەیان تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بوون، یەکەمجاریش بوو لیژنەیەک لە کاتێکی کەمی ئاوا دیاریکراودا، ئەنجامی کۆتایی بداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێڕای ئەوەی سەردەشتیان بەو شێوازە نامرۆڤانە ڕفاند و دواتریش تیرۆریان کرد، کەچی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکەدا سەردەشتیان کردە تیرۆریست، ئەگەر تیرۆرکردنی سەردەشت جارێک لە دڵی ئازادیخوازاندا بەسوێ بوو بێت، ئەوا ئەنجامی لیژنە کارتۆنیەکەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، کە سەردەشتی سەرسەختی ئازادیان بە تیرۆریست ناساند، چەندین جار سوێی ئەو زامەی کولاندە وە، بۆ هەتا هەتایەش کەس و کاری سەردەشت و ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان، لەو دەسەڵاتە بێ ئومێد بوون و هەرگیزیش لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە دز و دیکتاتۆر و داگیرکەرەدا، چاوەڕێ ئەوە ناکەن، نە کەیسی سەردەشت و نە ئەو کەیسانەی تریش لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە، نە ئەوانەش دوای تیرۆری سەردەشت، بەشێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە یەکلابکرێنەوە، تەنها چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی ئەو نادادپەروەری و تیرۆر و تۆقاندنە، ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەیە.

لێرەوە باشرۆڤەیەکی سەرەتایی بۆ سەردەشت بکەین، ئایا سەردەشت ئاشق بوو یان تیرۆریست؟

لەدوای ڕاپەڕینەوە، هەزاران کەس بە ئاشکرا تیرۆر کراوە، لە تێکۆشەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بگرە تا دەگاتە ژنان و ئنجا کادیرانی پارتەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵات، ئەوە جگە لەو سەدانەی ڕەشە کوژ و زیندە بەچاڵکراون، لە ساڵانی شەڕی نێوخۆدا، ئەنجامدەرانی ئەو کوشت و بڕانە کەسیان لەدەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەهاتوون، هەموویان مرۆڤکوژەکانی ناو ئەو دەسەڵاتە بوون و زۆرجاریش شانازیان بە تاوانەکانیانەوە کردووە و لەلایەن حزبەکانیانەوە بەو هۆیەوە پلە و پۆستیان پێدراوە، پرسیار ئەوەیە، ئایا لەماوەی ئەو بیست و چوار ساڵەدا، تیرۆرستێکی خۆماڵی یان بکوژێکی ڕامیاری ئەو هەرێمە لەسەر تاوانەکانی سزای دادپەروەرانە دراوە، بە یەقینیەوە دەتوانین بڵێین نەخێر، چونکە لەسنوری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا، مرۆڤ لەسەر تاوان و تیرۆر و کاری نەشیاو سزا نادرێت، بەڵکو ئەوانە سزا دەردرێن، کە دەست بۆ نەهێشتنی ئەو تاوان و تاوانبارانە دەبەن، ئەو کەسانە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت، کە گەرەکیانە جوانیەکان بێننەوە نێو ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا و کۆتایی بەو تاریکپەرستی و گەمژاندنە بهێنن، زۆر جاریش لەوە زیاتر، تیرۆری ئەو ئازادیخوازانە دەکەن، کە دەست دەخەنە سەر برینەکان و دروستانە گوزارشت لە خەمەکانی خەڵک و ئێش و ئازارەکانیان دەکەن، بۆیە بەو پێوەرەی دەسەڵات بێت، سەردەشت تیرۆریست و تێکدەر بووە.

ئەو دێت و لە نوسینێکی تەنزئامێز( سەتیر )دا، بە زمانێکی سادە وێنای ئەو هەموو نادادپەروەری و جیاوازی چینایەتی و خێڵەکیە دەکێشێت، کە چەندین ساڵە ئەو دەسەڵاتە، بەناوی ئازادی و دیموکراتی بە خەڵکی ستەمدیدەی باشوری کوردستانی دەفرۆشێتەوە و لە ژێر ناوی ئەو دروشمانەشدا، دەستیکردووە بە تاڵانکردنی نیشتیمان و قۆرخکردنی هەموو پایەکانی دەسەڵات و داهاتی ئەو هەرێمە، سەردەشت دێت و لە ڕوخساری خوشک و براکەی خۆیدا، ڕوخساری ئەو کوڕ و کچانەمان پێنیشاندەدات، کە بەڕەنجی خۆیان و خێزانیان، بە سەت کولەمەرگی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام سەرەنجام ڕەنج بەخەسار دەبن و لەهیچ دام و دەزگایەکی ئەو هەرێمە دەرەتانی دامەزراندنیان نیە، بۆ بەردەوامی ژیانێکی سادەی ڕۆژانە، هەر لەبەرئەوەی سەر بەو دەسەڵاتە نین، دێت و وێنایەکی سادەی تەندروستی دایکی دەکات و خراپی سیستەمی تەندروستی ئەو هەرێمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە ڕێگەی باوکیشیەوە، باسی ئەو نادادپەروەریە دەکات، کە پەیوەستە بە خەڵکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەوە، بە بەراورد لەگەڵ ناپاک و ئەنفالچیەکاندا.

سەردەشت نە ئاشقی کچەکەی بارزانی و هیچ کچێکی ئەم نیشتیمانە سوتماکە نەبوو، بەڵکو سەردەشت ئاشقی نەهێشتنی جیاوازیەکان و تێکشکاندنی ئەو بەند و باوە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوریانە بوو، کە چەندین ساڵ بوو، وەک مۆتەکە ئاوێتەی ژیانی هاونیشتیمانایانی کرا بوو، هەر گڕی ئەو ئەشقەش بوو سوتاندی و ئازایانە باس لە مردنی خۆی و ساتەکانی دوای ژیانی خۆی دەکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.