خانەوادەی سەردەشت عوسمان بۆ کوردمیدیا: دەستبەرداری کەیسەکەمان نابین

کوردمیدیا:
سبەینێ(٥\٥\٢٠١٧) رۆژی هەینی حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامو نووس سەردەشت عوسمان تێدەپەڕیت، خانەوادەکەشی دەڵێن ئێمە بروامان بە دادگاکانی کوردستان نەماوە و کەیسەکەی دەگەیەنینە دادگای نێودەوڵەتی.
بەشدار عوسمان، برای رۆژمانەنوسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان، بە کوردمیدیا-ی راگەیاند:” سبەینێ هەینی ٥ی ئایاری ٢٠١٧، حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عسمان تێدەپەڕێت، ئەم کەیسە لای ئێمەو لەلای سەرجەم رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان کراوەیە، تا ئەوکاتەی دادگایەکی سەربەخۆ لە کوردستان بوونی دەبێت، چونکە پێمان وایە لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان کە دادگاکان و دەسەڵاتی قەزائی سەربەخۆ نین و لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:” لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، ئێمە پێمان وایە ناتوانین لەڕووی یاساییەوە بکوژان و پلان داڕێژەران و  ئەوانەی لەپشت تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و باقی رۆژنامەنوسانەوەن دادگایی بکرێت، بەڵام لە دیوێکی دیکەوە ئەگەر بڕوانینە کەیسەکە ئەوە کەیسی هەموو خەڵکی کوردستان و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازانە “.
سەبارەت بە هۆکاری بەرەوپێش نەچوونی کەیسەکەیان بەشدار وتی:” لەسەرەتای دادگایی کردنەکەدا کەسێکیان هێنا، کە گوایە دەستی هەبووە لە رفاندن و گواستنەوەی شەهید سەردەشتدا، بەڵام هەر کەسەکە خۆی لەنێو هۆڵی دادگادا دانی بەوەدانا کە سێ مانگ بەر لە تیرۆرکردنی سەردەشت لە هەولێر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە زیندانی بووە، بەمەش سیناریۆکەیان شکستیهێنا، بۆیە هەرلەیەکەم رۆژەوە کە زانیمان ئەوە سیناریۆیە، دادگاکانی کوردستانمان بایکۆتکرد و لە یەک دانیشتنی دادگاکانی کوردستاندا ئامادە نەبوین و  ئامادەش نابین”.
راشیگەیاند:” ئێمە لەهەوڵی بەردەوامداین و بەڵگەکانمان لەبەردەستدان کە سەردەشت پێش تیرۆرکردنی، بکوژانی خۆی بە هەموان ناساند و دەیوت کە لەسەر نوسین و رەخنەکانی لەدەسەڵاتی کوردی هەرەشەم لێدەکرێت، هەروەها پێش ئەوەی تیرۆربکرێت دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادارکردۆتەوە، هەروەک کاتی تیرۆرکردنیشی لەبەر چاوی خەڵکی رفێندراوە، بۆیە ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین کە دادگایی کردنەکەی بدەینە دەس نێودەوڵەتی و لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین”.
براکەی شەهید سەردەشت وتیشی:” بۆیە ئێمە پێمان وانییە هیچ مرۆڤێکی هۆشمەند بڕوای بە دادگاکانی کوردستان هەبێت، چونکە بکوژانی رۆژنامەنوسان و د.هۆشیار کەلەماوەی یەک ساڵی رابردوودا تیرۆرکرا، هەروەها ئەو دەنگە ناڕازییانەی تر کە بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی تیرۆرکراون،  لەسەرەوەی دەسەلاتن، بۆیە نە دادگا  و نە پۆلیس دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان لە سەروی ئەمن و ئاسایشەوە بڕیاریان لەسەر کوشتن و  دەنگە ناڕازییەکان داوە”.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا بەشدار عوسمان لە ساڵیای تیرۆرکردنی سەردەشتدا ئاماژە بەوەکرد:” یادی تیرۆرکردنی سەردەشت وەک کلتورێکی لێهاتووە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، یادی مەراسیمی ساڵرۆژی  دەکرێتەوە، هەر بەوبۆنەیەوە سبەینێ هەینی لەسەر گڵکۆی شەید سەردەشت لەمەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان و رۆژنامەنوسان و خاڵکی کوردستان یادی شەهید سەردەشت دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ دەمانەوێت بە دەنگێکی بەرزتر بڵێین کات ناتوانێت سەردەشتمان لەبیر بەرێتەوە، بۆیە بەردەوامدەبین لەسەر پەیامی ئازادی خوازی سەردەشت و کەسیسەکەی لای ئێمە کراوەیەو سوردەبین لەسەر دادگایی کردنی بکوژانی”.

سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین بوو لە ھەولێر. لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لە بەردەم زانکۆکەیدا، نزیک کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ڕفێندرا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە. پاش دوو ڕۆژ، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە مووسڵ دۆزرایەوە.

http://kurdmedia.co/details.aspx?=hewal&jmare=6310&Jor=1
Leave A Reply

Your email address will not be published.