حوزه‌یران 01, 2026

مەترسییەکی بەردەوام.. کاوە گەرمیانی قەڵەمێکی بوێری تیرۆرکراو

١٢ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، ئەمڕۆ دوای ٣٤ ساڵ لە حوکمڕانی دەسەڵاتی خۆماڵی و ١٢ ساڵیش دوای تیرۆرکردنى ئەو ڕۆژنامەنووسە، هێشتا ئازادییەکان لە ژێرپێی ئەو دەسەڵاتدایە کە تینووە بە چەوساندنەوە و ترساندنی میدیای ئازاد و ڕۆژنامەنووسان.

ئەمڕۆ ١٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی قەڵەمێکی بوێرو چاونەترسی ناو میدیای ئازاد، ئەویش ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانییە، کاوە یەکێکە لە شەهیدانی قەڵەم کە لە پێناو وتن و گەیاندنی ڕاستییەکان و ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی گەندەڵی و نا دادیی و تاڵان و بڕۆی دەسەڵاتدارە بازرگانەکان، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا و لە باوەشی دایکیدا تیرۆر کرا.

کاوە گەرمیانی ناوی راستەقینەى خۆی ئەحمەد محەمەدە، بەڵام لەدەرەوەى  خانەوادەکەی بە کاوە گەرمیانی ناسرا بوو، ساڵی ١٩٧٩ لە ئاوارەییدا لە شاری ڕەشتی ئێران لەدایکبووە.

 ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی کەلار چووە بۆ خوێندن و تا پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە، پاش ئەوەی باوکی ئەنفال کراوە، بەهۆی هەژارییەوە و بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، وازی لە خوێندن هێناوە و دەستی بە کرێکاری کردووە.

سەرەتاکانی کاری ڕۆژنامەنووسیی کاوە گەرمیانی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ کە بە وێنەگریی دەستی پێ کردوە، پاشان دەستی بە نووسینی ڕاپۆرت و بابەتە ڕۆژنامەوانییەکان کردوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە پەیامنێری هەردوو ڕۆژنامە و سایتی (ئاوێنە و ڕادیۆی ئازادیی).

ساڵانی دواتر کاوە گەرمیانی کاری پەیامنێری بۆ هەریەکە لە ڕۆژنامەی (کوردستان ڕاپۆرت و ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان) کردووە، دواتریش بووە بە پەیامنێری ڕۆژنامەی (گەرمیانی ئەمڕۆ).

لە نیسانی ساڵی ۲۰۱۲ـدا، کاوە گەرمیانی دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری گەڕان، دواتریش لە ١٠ـی ئەیلولی ۲۰۱۲ گۆڤاری (ڕایەڵ)ـی دەرکردووە، کە خۆی سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بووە و بە چڕیی کاری لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی بەرپرسان لە سنووری گەرمیان کردووە، تا ساتی تیرۆرکردنیشی، بەردەوامبووە لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە و کۆتا ژمارەی گۆڤاری ڕایەڵ بەر لە تیرۆرکردنی ژمارە (١٤) بووە.

گەرمیانی، لە کارە ڕۆژنامەوانییەکانییدا، بنکۆڵکاریی بۆ دۆسییە گەندەڵییەکان کردووە، لە ئەنجامی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانیشیدا، لە ساڵی ٢٠١١ کتێبێکی لەژێر ناونیشانی “گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە ڕەشەکاندا” بڵاوکردووەتەوە.

لەسەر کارە ڕۆژنامەنووسییەکانی، چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و لێدان و گرتن بووەتەوە، تا دواجار لە شەوی ٥ـی ١٢ـی ٢٠١٣ کاوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆر کرا.

بە بڕیاری دادوەر، کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە سزای هەتاهەتایی بۆ دەرکرا و تۆمەتبارەکانی دیکەش بەهۆی نەبوونی بەڵگە لە دژیان، بە بڕیاری دادوەر ئازاد کران، دواتریش بە بڕیاری دادوەر کەیسی تیرۆرکردنەکەی داخرا.

بەڵام لای ئازادییخوازان و کەسوکاری کاوە گەرمیانی، کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە و داوای ئاشکرا کردنی دەستی پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەکەن.

کاوە گەرمیانی بەشێکە لە ئەڵقەی ئەو زنجیرە ڕۆژنامەنووسانەی کە بە درێژایی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون کە دیارترینیان( سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین)، بەڵام وەک هەمیشە بکوژان و پشتیوانەکانیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون.

ئێستا کە یادی ئەو ڕۆژنامەنووسە بوێرە کاوە گەرمیانی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لەژێر حوکمی ترس و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاراندایە، دەسەڵات بێ سڵەمینەوە دەست بۆ خوێن و گیانی ڕۆژنامەنووسان دەبات و ئەوەی پێی بکرێت بۆ دەمکوت کردنیان دەیکەن.

دەسەڵاتدارانى هەرێم خۆیان کە بانگەشەی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و میدیایی دەکەن، بە بەرچاویانەوە هێزە ئەمنییەکان لە ڕوماڵی ڕاستەخۆدا پەلاماری ژنە ڕۆژنامەنوسێک دەدەن لە هەولێر و ڕێگری لە کاری میدییایی دەرەوەی حیزبی دەسەڵات دەکەن، پێشتریش هەر بە بەرچاوی ئەو بەرپرسانەوە چەندین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراو کەناڵێکی ئاسمانی زومیش داخرا و بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانی ئەو کەرناڵەش بۆ جێگایەکی نادیار برا.

لەڕووداوەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووی گوندی لاجان هێزە ئەمنییەکان زۆر بە توندی دژی ڕۆژنامەنووسان وەستانەوە و ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسیان دەستگیر کردو کەل وپەلەکانیان شکاندن.

لە ساڵیادی تیرۆری کاوە گەرمیانیدا ئەو جارێکی تر ئەو ڕاستییە سەلمێندرا کە بانگەشەی ئازادی ڕۆژنامەگەری میدیایی تەنها دروشمێکە و بەرپرسانی ئەم هەرێمە وەک خویەکی ڕۆتین بەردەوام دەیڵێنەوە، بەڵام لە کرداریدا ئەوەی وەسف و پیاهەڵدانی هێزە دەسەڵاتدارەکان نەکات لەو بازنەیەی ئەوان ناویان ناوە ئازادی ڕۆژنامەگەری جێی نابێتەوە.

ئەو ئازادییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیانی پێوە بادەدەن، تەنیا بۆ میدیا کۆنترۆڵکراو ئاڕاستەکراوەکەی خۆیانە و لە دەرەوەى ئەوان هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەژێر هەڕەشە و مەترسی بێدەنگکردن و تەمێکردندان.
سەرچاوە: رۆژ نیوز

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *