ئایار 18, 2026

سوپاس بۆ وەفاتان، سوپاس کە کاوەتان لەبیر نەچۆوە.”

پەیامی سوپاس و پێزانین
“بە ناوی بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی و گشت ئازادیخوازانەوە، بە گەرمی و لە دڵەوە سوپاسی ئەو وەفا و دڵسۆزییە بێوێنەیەی ئێوەی ئازیزانی کوردستانیانی دەرەوەی وڵات دەکەین.
​بەڕێوەچوونی یادی کاوەی شەهید لە ژمارەیەکی زۆر وڵاتی جیهاندا، نیشانەی زیندوویی ویژدان و هۆشیاری نەتەوەیی ئێوەیە.
ئێوە سەلماندتان کە خوێنی ڕۆژنامەنووسێکی ئازا، تەنها لەناو سنوورەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو پەیامی قەڵەمە ئازاکەی دەگەیەنێتە جیهانی دەرەوە.
​ئەم یادکردنەوە پڕشکۆیە، جگە لەوەی دڵنەواییەکی گەورە بوو بۆ دڵە پڕژانەکانی ئێمە، هاوکات دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەش بوو کە کاوە بووەتە هێمایەک بۆ هەموو کوردێک لە هەر کوێیەک بێت، هێمایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تیرۆر.
​بە گەورەیی و ڕێزەوە، سەری ڕێز بۆ یەکدەنگی و ئەمەکدارێتی ئێوە دادەنەوێنین. ئێوە بوونە بەشێک لە خێزانی کاوە و ئەو خەمی یەکەمینەی کە لە پێناویدا گیانی بەخشی.
​یادی شەهیدان هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.”
​”وەک بنەماڵەی شەهیدی ڕۆژنامەنووس (کاوە گەرمیانی)، سەری ڕێز و نەوازش بۆ وەفای ئێوەی هاوڵاتیان دادەنەوێنین.
١٢ ساڵ تێپەڕی بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆڵەکەمان لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی، بەڵام ئامادەیی و یادکردنەوەی ئێوە سەلماندی کە گەلەکەم پاداشتی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی خۆی دەداتەوە.
دڵنەوایی ئێمە ئەوەیە کە کوڕەکەمان لە پێناو پرەنسیپ و ئازادی خەڵکدا شەهید کرا و خوێنەکەی بە فیڕۆ نەچوو.
سوپاس کە نەتانهێشت قەڵەمەکەی بکەوێت.”
١٢ساڵە دەمی تفەنگەکان داخراون، بەڵام دۆسیەکانی کاوە هەر کراوەن
​”کاوەی ئازیز… کاوەی دەنگ دلێر..
ئەمڕۆ ١٢ ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو ساتەی کە تاریکپەرستان وایانزانی بە ڕشتنی خوێنەکەت دەتوانن ڕاستییەکان ژێرخاک بخەن. وایانزانی ئەگەر جەستەت تیرۆر بکەن، پرسیارەکانت کۆتاییان دێت.
بەڵام ئەمڕۆ، دوای دوانزە زستان، وەفای ئەم خەڵکە و ئامادەبوونی دڵسۆزان لە ساڵیادەکەتدا، گەورەترین وەڵامە بۆ بکوژانت.
تۆ وتت: (من پشتیوانم نییە، بەڵام دۆسیەم هەیە)، بەڵام ئەمڕۆ ببینە.. هەموو ئازادیخوازانی کوردستان پشتیوانی تۆن.
سوپاس بۆ ئێوەی هاوڵاتیان، کە نەتانهێشت خوێنی کاوە وشک بێتەوە و سەلماندتان کە قەڵەمی ئازاد هەرگیز نامرێت.
هەتا گەندەڵی و ستەم هەبێت، کاوەکانیش کۆتاییان نایەت.”
ئەمڕۆ کاتێک دەبینین دوای ١٢ ساڵ هێشتا ناوی (کاوە) لەسەر زاری خەڵکە و وێنەکەی بە بەرزی ڕاگیراوە، هەست دەکەین کاوە تەنها کوڕی ئێمە نییە، بەڵکو کوڕی هەموو کوردستانە.
ئێوەی هاوڵاتیان بە یادکردنەوەی کاوە، پێتان وتین: (ڕاستە جەستەی تیرۆر کرا، بەڵام ڕێبازەکەی پڕ ڕێبوارە).
سەربەرزین بەوەی ڕۆڵەکەمان لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و داکۆکی لە مافی ئێوە شەهید کرا.
سوپاس بۆ وەفاتان، سوپاس کە کاوەتان لەبیر نەچۆوە.”

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *