شەوێک لەگەڵ سەردەشت

بەهزاد شێخ موحسین:Bahzad_Muhsin

بۆ من وایە، ئەوا ساڵێ بەسەر چاولێکنانی سەردەشت تێدەپەڕێ، ئەو مێردمنداڵە بێئەوەی پێشتر بینیبێتم، هەمیشە لەبەرچاومە. هەندێ جار تیژتێپەڕە و سڵاوێک دەکا و دەڵێ با کاتت لێنەگرم، جارێ ماڵئاوا! دواتر دێمەوە، کەسانێک هەن دەبێ سەردانیان بکەم و پەیامەکەمیان پێبگەیەنم.

 هەندێ جاریش بە تایبەتی شەوان کە دەزانێ کاتم هەیە، زۆر دەمێنێتەوە. من بەدەست خۆم نیە بە سۆزەوە، بە سۆزی مەزڵومترین گەنجی ئەم شارە لێی دەڕوانم، بە چاوێکی پڕ لە سکسوتانەوە سەیری دەکەم، ئەویش بێئاگا لە غەریبی خۆی و لە سۆزی من، سەیری هەواڵی تیڤیەکان دەکا و لەگەڵیاندا جارجارە سەربادەدا. من دەمەوێ دوای هەواڵەکان هەندێ پرسیاری لێبکەم و ئەو دەڵێ ئەم بەرنامەیە باسی خۆپیشاندەران دەکا، با سەیری بکەین. من چاوەڕآ دەکەم دواى بەرنامەکە پرسیارەکانمی لێبکەم، کەچی ئەو چارەگێک پێش تەواوبوونی بەرنامەکە دەڵێ تیڤیەکە بۆ کەناڵە محەللییەکان بگۆڕە. ئەمشەو بەرشە یاریی هەیە. زۆر بەتاسەوە سەیری یارییەکە دەکا. هەرکە میسی چەند یاریزانآ تێدەپەڕێنێ و گۆڵێک تۆمار دەکا، لەسەر بالیفەکەی هەڵدەبەزێتەوە ء دەڵێ: دەمزانی، “هەرکە لەسەنتەرەوە هات، دەمزانی گۆڵ دەکا”. هێندە سەرسام ء دڵخۆشە بەم یارییە ء جوڵەکانی میسی، مەگەر هەر تیرۆریستە عەلمانیەکان هێندە بەتیرۆرکردنی قەڵەم بەدەستێکی ئازادیخواز دڵخۆش بن.
یارییەکە تەواو دەبێ ء من پێی دەڵێم نەمدی نوێژی عیشا بکەی. هەرچەندە من نوێژ ناکەم، بەڵام بەرماڵمان هەیە. هەڵدەستێتە سەرپێ ء دەڵێ: دەبێ من بڕۆم، لەگەڵ یار ژوانم هەیە. من دەڵێم: جوند ء ئەنسارە تیرۆریستەکان نوێژ بە ژوان نادەن. ئەو بزەیەکی تاڵ، هێندە تاڵ دەیگرێ، ڕێک لەو لەحزەیە من لەجێی خۆم، خۆم ء شار ء پەرلەمان ء حکومەت ء سەرۆکایەتیی هەرێمەکەم هێندە شەرمەزار دەبین، لە شەرمان ڕەنگمان زەردتر دەبێ، لە زەردیی کفنی جەستەی گەنجێکی ئەم شارە، کە لە ژێر خاکدایە. بەڵام بۆ لەحزەکانی دواتر بە جۆرەها ماسک ء میکیاژ ڕەنگە زەردەکان سپی دەکرێنەوە.
 بۆ من وایە، بەم نیوەشەوە سەردەشت دەڕوا ء بۆ من شنەیەک ء لەگەڵ خۆشیدا گەردەلول ء زریانێک بەرپا دەکا ء بە هەزاران گەنج لەگەڵ خۆیدا سواری مەوجەکە دەکا. ڕوەو ئاسمان بەرزبەرز دەبنەوە. من لە پەنجەرەوە سەیری ئاسمان دەکەم، پۆلە گەنجەکە سەردەشت بە ئەستێران دەسپێرن ء خۆیان دەگەڕێنەوە شار ء لە ترسی شەشەمەکوێرەکان لە تاریکیی شەودا خۆیان لە پەنای فەیسبووک ء چات ء کۆلێژ ء چایخانەکاندا دەشارنەوە. من وام دیت، سەردەشت بەئاسمانەوە بووە ئەستێرەیەکی گەش ء هەردوو حەفتەوانەی گەورە ء بچووک خۆیان لێکهەڵوەشاندەوە ء بە دەوریدا خەرمانەیان بەست. دوای هەندێ جوڵەی هارمۆنی ئەستێرەکان شێوەی گەنجێکی مەشخەڵ بەدەستیان وێنا کرد. مەشخەڵێک هێندە ڕووناک ء گەش جگە لە مەشخەڵی ئازادی، لە هیچ مەشخەڵێکی دیکە نەدەچوو. خەریک بوو پەنجەرەکە داخەم ء بچم بخەوم، وێنەی گەنجە مەشخەڵ بەدەستەکە بە هەمان هارمۆنیا هەڵوەشایەوە ء مەشخەڵەکە کە گەشترین ئەستێرەیان بوو، ڕژا ء سەرەتا بەسەر شاردا ء دواتر بەسەر گەڕەکێکدا ء دواجار بەسەر ماڵێکی دیاریکراودا پژا.
 پێنەدەچوو لەمێژبووبێ خەوتبم، سەردەشت لەپەنجەرەی خەونەوە هاتەوە، گوتم ژوانەکە چەندە کورت بوو! گوتی نا، دیاربوو یار دوای چاوەڕوانیەکی زۆر خەوبردبوویەوە ء منیش دڵمنەهات بەئاگای بێنم. گوتم بۆ من وایە هەمیشە کە بیر لە تۆ دەکەمەوە، نازانم لە کوێڕا دەستپێبکەم. نازانم پرسیار لە کتێبخانە بێنەواکەت یان لە قەڵەمە سەرمابردوەکەت بکەم. پرسیار لە دڵۆپە فرمێسکە گەورەکانی یار یان لە هەنسکە ساردەکانی دایکت. دەمەوێ بپرسم کاتێک گوللەیەک لە دەمتەوە ڕەوانە دەکرێ ء لە پشتی سەرتەوە دێتەدەرێ، حەرفی ڕۆمانەکانی کازانتزاکیس یان پامۆک یان بەختیار عەلی، کامە ڕۆمانەی هەلاهەلا کرد. تۆ پێم بڵێ تۆیەک کە لە نێو تەبارەی گەنم گەورە بووی، گوللە چۆن جورئەتی کرد بتبَڕێ! دەمەوێ بڵێم کاتێک کەسانێک بۆ دڵدانەوە دەچنە لای باوکت ء ئەویش وەک شەرمێکی پیاوانە زۆر لە خۆی دەکا بۆ تۆ نەگری ء کەچی خۆی پێناگیرێ ء فرمێسکەکانی دێنە خوارێ، گەر تۆ لەوێ بی، هەستت چی دەبێ؟ ئەم گۆڕستانە لەم دەشتە چۆڵە بەم تاریکی ء بەم ساردییە ناتترسێنآ؟ پێم بڵێ تۆ زۆر تەنها نی…؟ من سەر بەرز دەکەمەوە ء چاوەکانی ئەو پڕ دەبن لە ئاو، ئەو نایەوێ چاوەکانی دابخا، نەوەک دڵۆپە قەتیسماوەکان بڕژێنە سەر ڕومەتەکانی.
دوای کەمێک بێدەنگی گوتی منیش پرسیارێکم هەیە. ئێوە من چۆن دەبینن؟ گوتم: من نازانم خەڵک چی دەڵێن، بەڵام من تۆم دیت “هەرکە لە سەنتەرەوە هاتی، ئەم یارینەزانە پیرانەت تێپەڕاند ء جوانترین گۆڵت تۆمار کرد”. گۆڵێک کە دڵنیام دەبێتە جوانترین گۆڵی ئەم سەدەیەی وڵاتەکەم. بەڵێ، جوانترین گۆڵی سەردەشت. سەردەشت!ئەی بچوکتر لە هەموان، ئەی براگەورەی هەموان.
 
تێبینی: ئەگەرچی ئەم بابەتە پار نوسراوە، بەڵام کە سبەی یادی تیرۆرکردنی “سەردەشت”ـە، با جارێکی تر بخوێندرێتەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.