من ئاشقی کچەکەی بارزانیم .. دەرسێک سەبارەت بە ئازادی

مستەفای حەسەنەگەورە:mustafa hasan gawra

ئەمە ئەو دێڕەبوو ، ئەو کورتە نامەیەبوو ، ئەو خەیاڵ و روئیایە بوو بۆ پێوانەکردنی ئازادی لەسایەی حوکمداری بارزانیدا .. شەهید سەردەشت بەتاکە نامەیەک و فیداکاری گیانی خۆی ، بە ڕستەیەک و ئاڕاستەیەکی زۆر سادە ، حەقیقەتێکی نیشانداین ،

سیحرێکی بەتاڵکردەوە لە نوشتەی ئازادی و ئەفسانەی ماف و تەلیسمی درۆینەی یەکسانی کوردێک بە کوردێکی تر .. بە تەنیا دێڕێک دەماری کۆنەپەرستی و خێڵەکیانەی هەموو مێژووی بنەماڵەی بۆ سەلماندین .. گرنگ ئەوە نەبوو سەردەشت ئاشق بوبێت بە خانم بارزانی ، ئەوەی لەو پەیامە کورتەوە دەری بڕی نیشاندانی هەموو ئەو پیرۆزیانە بوو کە بنەماڵە بەسەر ئێمەدا فەرزیان کردووە ، پیرۆزی ئاخی بارزان ، پیرۆزی شێخی بارزان ، پیرۆزی تەریقەتی بارزان ، پیرۆزی فەشەلەکانی خەباتی بارزان ، پیرۆزی ٣١ی ئاب ، پیرۆزی هەزارپیاوەکە و بەکەعبە کردنی سەری ڕەش .. سەردەشت تەنیا شەهید و قارەمانێک نیە ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی ئەو پیرۆزیانەی بە زرێڤانی و پاراستن و ماکینەی پروپاگەندەکردن دەرخواردی ژیانی خەڵکی ئەدەن ، ئەو لە چەقی ئەو هەمووبتە جۆراوجۆرەی وێناکانی پیرۆزی بارزانیدا ، ئیبراهیم ئاسا کەوتە شکاندنی بتەکان ، دەیزانی مەنجەنیقێک لە تۆڵە چاوەڕوانی دەکات ، بەڵام ئاشق بوون کەی ئاگای ترس و سڵەمینەوە دەزانێت ، سەردەشت ئاشق نەبوو بە خانمەکەی کچی بارزانی بەڵکە ئاشق بوو بە ئازادی ، بە ژیانێک بێ بت و پیرۆزی درۆینە . ئازادی بەرلەوەی دیاردەیەک بێت ، غەریزەیەکی ئینسانیە ، غەریزەی ئازادی سەردەشت لەترۆپکی نەشوە و پێگەیشتندابوو ، کەم کەس هەیە بتوانێت ژیان بگۆڕێتەوە بە ئازادی ، مەگەر ئەم فیداکاریە لە توانای عاریف و سۆفیەکدابێت مەنسوری حەلاج ئاسا لەپێناو حەقدا ، خۆی بکاتە پاروی حەقیقەتە درۆزنەکان .. ئەو ئازادیەی لە کوردستانە زەردەکەی بارزانیەوە باسی دەکرا ، حەقیقەتە درۆینەکەیە کە سەردەشت لەواتا و ماناکانی گەیشتبوو چ هەڵخەڵەتاندنێکە ، چ زیف و گاڵتەجاریەکە .. مەشقێکی ترسناک بوو بە هەموو رۆشنبیر و فەلسەفەیەک نەدەکرا ، چونکە بەرلەوەی هەر شتێک بڵێت دەبێت حساب بۆ مانەوە و پاراستنی گیانی خۆت بکەیت ، بەڵام مەشقەکەی سەردەشت ئەوەبوو ، کە بیسەلمێنێت ، ئەوەی ئێمە پێمان وایە ئازادیە و لە کوردستان مومارەسەی دەکەین ئەو فەزای ئازادی نیە ، بەڵکە فەزایەکە پڕیەتی لە بت و پیرۆزیەکانی .. پیرۆزی لەبری ئازادی دەرخواردی ئینسانی کوردی ئەدرێت ، دەنا لە کەمترین ئاستیدا ئازادی ئەوەیە توانا و بواری قسەکردنم هەبێت ، ئەگەر سەیرکردن و تێڕامان لەبتەکان و پیرۆزیەکان ئازادی بن ، ئەوە شکاندنی زمانە و کەڕولاڵ کردنی ئێمەیە . بەم مەشقەوە سەردەشت لەبەردەم جەلادەکانیدا بەدەست و چاوی بەستراوەوە لەبەردەم دوو ئیختیاردا دەمێنێتەوە ، یان ئەوەیە وەک هەندێک لەو نوسەرە سێرکیانەی ئەکرۆپاتانە بازبازێن دەکەن پەشیمان ببێتەوە و بچێتە ژێر سێبەری خێوەکانی پیرۆزیە درۆینەکان و لەسەر گۆرەکەی بارزانی بەفاتیحایەک بڵێت من هەڵەبووم ، یان ئەوەیە مەنسوری حەلاج ئاسا بڵێت ئەگەر بشمکوژن ، شەهادەتەکەم لە پێناو عیشقێکدایە ئازادیە ، لە پێناو ژیانێکدایە بێ لە بت و بێ لە تەسلیمبوون بە گەوجاندن .

سەردەشت تەنیا شەهیدێک نیە ، ڕوداوێک نیە ، رۆژنامەنوسێکی قوربانی قەڵەمەکەی نیە ، ئەو وانەیەکە ، ئەگەر ئەمڕۆ باسکردنی لەناو چاوگوێ ی بتەکاندا حەرامە ، ئەوا سبەی نمونەیەکە نەوەکانمان لە فێرگەکان بەدەم دەرسی ئازادیەوە باسی دەکەنەوە و جەلادەکانیشی وەک هوبەلەکان بەر نەفرەتی مێژوودەکەون .
رۆحت شاد هاوڕێم ، ئەی سۆفیە عاشقەکەی ئازادی و کچەکەی بارزانی .

Leave A Reply

Your email address will not be published.