لەیادی سەردەشت عوسماندا بیرکردنەوەو دەربڕینی تاکەکان ژەهرە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان

لاوژە جەواد:Lawzha_Jawad

ئەزمونی کۆمەڵگای بەشەری ئەوەی سەلماندوە کە بەهەر ڕادەیەک تاکەکان ئازادتربن لە بیرکردنەوە و دەربڕین وە داهێنان، توانیویانە خاوەنی کۆمەڵگایەکی هۆشیار، پێشکەوتو و بەختەوەرتر بن. وە ئەو ڕاستی یە زۆر دەمێکە سەلمێندراوە کە کلیلی ئاسودەیی و بەختەوەری و ژیانی شایستە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگاوە.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر بە ڕونی دەبینین کە جیاوازیەکی زۆر هەیە. لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا  بنەمای بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا لەسەر پایەی هۆشیاری و ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگا  دامەزراوەو وە بە قەولی خۆیان تاکە زامنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەختەوەریان پەیوەندە بە گەشەپێدان و هۆشیاری کۆمەڵایەتیانەوە هەێە. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تاکەکان بەڕادەیەک ئازادییان پارێزراوە کە هیچ چوار چێوەو بەربەستێک نی یە بۆ بەرتەسک کردنەوەی  شێوەی بیرکردنەوەو دەربڕین. ئینسانەکان ئازادن لەوەی چۆن هەڵوێست و بۆچونی خۆیان دەرببڕن سەبارەت بە هەر بابەتێک هەر لە خودای ئاسمانەوە بیگرە تا دەگاتە پاشا، حکومەت  تا دەگاتە بچوکترین دیاریدەی کۆمەڵگا.
بەڵام لە ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاستدا، تاکەکان هەر لەیەکەم ڕۆژی لەدایکبونیانەوە چوارچێوەیان بۆ دەتاشرێت و بە دەرزیەک تلقیح دەکرێن و وە لە سیستەمی پەروەردە و خێزان بەجۆرێک ڕایان دەهێنن کە لەو چوارچێوە تەسکەدا بمێننەوەو بیریان ئازاد نەبێت. پڕۆگرامێکی تایبەت لەسەر مێشکی تاکەکان دادەبەزێنن کە وەک رۆبۆت بێجگە لە پڕۆگرامە کەی حافظەی خۆی هیچی تر ناناسێت و هەمو شتێکی تر بە کۆفر و هەڵە دەزانێت. ئەوەش تەنها یەک هۆکاری هەێە ، هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە جەهالەت بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتدارێتی خۆێان و دەستپێوەگرتنی خۆرافاتی مەزهەبی.
هەمیشە دیکتاتۆرەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی خۆیان قورمیش بکەن. ئەگەر ئەمەیان بۆ نەچێتە سەر ئەوا هەوڵی سەرکوتکردنی دەدەن.
لە نیزامە دیکتاتۆرەکاندا
بۆ نیزامە دیکتاتۆرەکان باشترین و بێ ئاژاوەترین شێوازی کۆمەڵگا ئەوەێە، کە هەموو تاکەکان بێ شعور و ناڕۆشەنبیربن، هەرچی سەرۆک فەرموی کرنۆشی بۆبەرن و بە تاکە ڕێگای هەتاهەتاێەی بزانن، وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ ئیسلام و کەلتووری ئیسلامی بوەتە کلێشەی ژیانی بەشەر، کەس بۆی نیە بیر لە ڕاست هەڵە بوونی بکاتەوە تا بگات بەوەی ڕەخنەی لێبگرێت،دەبێت هەر ئەوە بکەیت کە مەلا فەرمویەتی، ئەرکی بەشەرەکان ئەوەێە کە دەبێت جێبەجێ کەر و عیبادەت کەری باشبن.
سەرۆک یان با بڵین دیکتاتۆر، هەرچی باش یان خراپ بە مێشکی دا هات، دەبێت بە ئاوی زێڕ بنوسرێت و هەموو کۆمەڵگا ملکەچی بێت.
خراپ ترین شێوازی کۆمەڵگا بۆ دیکتاتۆر ئەوەێە کە کۆمەڵگا هۆشیار و رۆشەنبیر بێت، هۆشیاری و رۆشەنبیری ژەهر بەرهم دێنێت بۆ لاواز کردن و ئیفلیج کردنی دیکتاتۆر.
رۆشەنبیران لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکاندا
لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکاندا، رۆشەنبیران دوو ڕێگاچارەێان هەێە، یەکەم ئەوانەی کە هۆشیارانە و بە پێی پلان ویژدان و هەستی مرۆڤانەی خۆێان لەگۆڕ دەنێن و دەبن بە مشەخۆر و داردەستی، دەستی دیکتاتۆر و کرمی گەندەڵی کۆمەڵگاو بەردەوام سەرقاڵی چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستیەکان دەبن و خۆڵ دەکەنە چاوی کۆمەڵگاوە.
دووەم ئەوانەی کە رۆڵی ڕاستەقینەی خۆێان دەبینن و لە هەمو هەلومەرجێکدا پەردە لە سەر ڕاستیەکان هەڵدەمالن و بەهۆشیاری و بیری تیژیان ئەودیوی دیوارەکانی ستەم و چەوسانەوە دەبینن و بێ باکانە هەوڵی بنیاد نانی کۆمەڵگاێەکی بەختەوەر و باشتر دەدەن.
بێگومان سەردەشت عسمان، ڕێگای دووەمی لە پێشگرت، ئاخرین دڵوپی خوێنی خۆی کردە پێنوسەکەێەوە بۆ گەێاندنی ڕاستیەکان.

بەڕای من سەردەشت بە شێوەیەکی جیاوازو داهێنەرانە هات وەزعیەتی کوردستانی پێناسە کرد و دەریبڕی. بەشێوەیەکی تایبەت بە خۆی مەسەلەی گەندەڵی، جیاوازی چینایەتی و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرجەستە کردەوە. ڕەخنەکانی سەردەشت هەمان ڕەخنەو ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە کە ڕۆژانە بە شێوەی جۆراو جۆر دەر دەبڕدرێت.  تاوانەکەی سەردەشت تەنها ئەوە بو کە ڕاستەوخۆ ئیشارەتی بە بنەماڵەی بەرزانی و کچەکەی کردبوو کە ئەمانە لە کوردستان خەتی سورن.
پارتی بە زەبری فیشەک وەڵامی ڕۆژنامە نوسێکی دایەوە. ئەو وەڵامەی پارتی بە سەردەشت بەڕای من زەنگێکی خەتەر بوو. هەرەشە بوو بۆ سەر هەمو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئازادی ڕادەربڕین.
دەسەڵاتدارانی کوردستان سینالێکیان دا بە خەڵکی ناڕازی کوردستان بۆ چاو ترساندن و سەرکوتیان.
تیرۆری سەردەشت دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو،هەم لە ئاستی ناوخۆی کوردستانەوە و هەم لە دەرەوەی کوردستانیش، بوە مەجالێک بۆ  ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ناڕازی کوردستان و کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ کپ کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێک هێنا، بەڵام ئەم لیژنەیە  زۆر گاڵتە جاڕانە و کارتۆنی بوو، هەر لە یەکەم هەنگاوی خۆیدا سازی رسوایی و تەپڵی مەرگی خۆی لێدا، لەجیاتی لێکۆڵینەوە لە ڕاستیەکان و دادگایی کردنی تاوانبارەکان، کەوتنە دروستکردنی بوختانی بێ ئەساس، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی کوردستان لەوە هۆشیارترن کە بەکەونە داوی ئەوجۆرە سیناریۆیانەی دەسەڵاتەوە. بەو سەناریۆێە هەرچی زیاتر داماوی و سەرکزۆڵەکی خۆێان ڕاگەێاند.
ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوامەو کەیسی سەردەشتیش بە کراوەیی ماوەتەوە. ئەو کەیسە بۆ پارێزەرانی ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان هەرگیز داناخرێت و ساڵانە یادی دەکەنەوە.
سەردەشت عسمان بوەتە ڕەمزی خەبات بۆ ئازادی ڕادەربڕین،  یادکردنیشی  وبۆتە دەرفەتێک بۆ یەکخستن و دەربڕینی ناڕەزاێەتی.
یادی دوهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشت عسمان لەمساڵدا تایبەتمەندی خۆی هەبوو. بینیمان بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن، لایەنگرانی ئازادی ڕادەربڕین،  بەشێوەی جۆراو جۆر یادی کرایەوە. لەهەموو میدیاو ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە وێنەو نوسراوەکانی سەردەشت عسمان دەبیندرا. ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی ئازادی لە ناوەو دەرەوەی وڵات نوسینیان دەربارەی مەحکومکردنی تیرۆری سەردەشت عسمان بڵاو دەکردەوەو جەختیان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین دەکردەوە. لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان کەسوکاری گیانبەختکردو، ڕۆژنامەنوسان خوێندکارانی  ڕێکخراوو حیزبە ئازادیخوازەکان بەبێ گوێدان بەدەسەڵات یادی ئەو ڕۆژەیان کردەوەو. ئازادیخوازانی دەرەوەی وڵات بەهەمان شێوە ئەو یادەیان بەرز ڕاگرتوو جێگەو ڕێگەیەکی تایبەتیان پێداو جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بێدەنگ نابین. ئەو ڕۆژە ئەوەندە بەرز نرخێندرا کە مەڕاسیمی شاری گۆتۆبۆرگی  سوئید ڕاستەوخۆ لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە پەخش دەکرایەوەو سەدەها کەس تعقیبیان دەکرد.
بەرزو بەڕێز ڕاگرتن و یادکردنەوەی ئەو ئینسانە شۆڕشگێڕە، لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، ئەوە دەگەێەنێت کە خەڵکی ئازادیخواز چی تر بێدەنگ نابن بەرامبەر بە بەرتەسککردنەوەی ئازادی و تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نوسان، ئەوەی دەگەیاند کە خەڵکی ئازادیخواز باوەڕیان بەو لیژنە لێکۆڵینەوە کارتۆنی یە نەکردوە، بەو توهمەتەی کە بۆ سەردەشت یان دروستکرد، وەک ئەوەواێە جارێکی دی ترۆریان کردەوە، بەم کارە تەنها ڕەق و توڕەیی خەڵکیان زیاتر کرد.
 تاوانباران بۆ خەڵک ئاشکران و داوای سزادانیان دەکەن. دەسەڵاتدارانی هەولێر بە تاوانبارانی ڕەسمی دەناسن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی لایەنی بەرپرس دەکەن.
 هەر شکۆداربێت یادی سەردەشتەکان!

٥ی ئایاری ٢٠١٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.