لەیادی دووساڵەی تیرۆر‌کردنیدا سەردەشت عوسمان مرۆڤێکی بێناسنامە
یەکێک لە ناسنامەکانی مرۆڤ ناسنامەی هاوڵاتیبوونە کە بەهۆیەوە لەو کۆمەڵگایانەی پێیان دەووترێت دیموکراسی، کەرامەتی مرۆڤ پارێزراوەو خاوەنی هەندێک لە ماف و ئازادییەکانییەتی، بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی لەژێر دەسەڵاتێکی زۆرداریدان، لە جیاتی ئەم ناسنامەیە،
مرۆڤ گیرۆدەی ناسنامە گشتگیرەکانە، وەک ناسنامەی ئاینیی و نەتەوەیی کە ئەم ناسنامانە هێندەی ئەرک و پابەندێتی دەسەپێنێت بەسەرمرۆڤدا نیو هێندە نایکاتە خاوەنی ماف و بگره مرۆڤ ناچار دەکەن، له‌پێناو مانه‌وه‌ی به‌زیندوێتی، دەستبەرداری مافەکانی بێت و قوربانییان پێبدات، چونکه له ده‌سه‌ڵاتی زۆرداریدا مرۆڤ ته‌نها بونه‌وه‌رێکی داوالێکراوه نه‌ک داواکار.
لێرەوە دەکرێت بڵێین ئەگەر بەدیوێکدا کوشتنی سەردەشت پەیوەندی بە ئازادی دەربڕینەوە هەبێت ئەوا بەدیوەکەی تری‌دا پەیوەندی بە پرسی مافەکانەوە هەیە وەک مافی هاوڵاتیبوون.
چونکە سەردەشت لە وتارەکەی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) رەخنەی لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات گرتووه، لەلایەن فەرمانڕەواکانی کوردستانەوە کە پۆست و پلەو ئیمتیازاتە مادی و مەعنەوییەکانیان لەسەر بنەماڵەو کەسە نزیکەکانیان قۆرخ کردووە، تیرۆرکردنیشی له‌سه‌ر ئه‌م ره‌خنه‌یه ده‌چێته خانه‌ی پێشیلکردنی ئازادی ده‌ربڕینه‌وه.
بەڵام بەدیوێکی تریشدا سەردەشت ویستی بپرسێت ئایا هاوڵاتییەکی سادە یا (بە دەربڕینی د.هۆرجۆن) هاوڵاتییەکی پلە نزم دەتوانێت و مافی هەیە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی لەگەڵ کچی کاربەدەستێکی باڵای وڵات یا خانەدانێکدا بکات؟ وەڵامەکەشی دیارە کە کوژرانی خۆی بوو. چونکه له که‌لتووری ده‌ره‌به‌گی و خێڵه‌کیدا سنوری په‌یوه‌ندییه‌کانی مسکێن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گ و شێخه‌کان دیاریکراوه‌و به‌زاندنی ئه‌م تخوبه له‌لایه‌ن مسکێنه‌کانه‌وه ده‌شێت به‌کاره‌سات و تراژیدیا بۆ ئه‌نجامده‌رانی کۆتایی بێت.
سه‌رده‌شت ویستی به وروژاندنی مشتومڕێکی سوکراتییانه ئاستی ئازادی ده‌ربڕین و دۆخی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تاک له‌کوردستاندا نیشان بدات که له چ ئاستێکدایه، به‌ڵام له‌جیاتی دیالۆگ و مشتومڕی عه‌قڵانی تیرۆرکرا. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی سه‌لماند که ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وا له کوردستاندا نه‌ک هه‌ر رازی نین تاکه‌کان له‌ناسنامه‌ی هاوڵاتی پله نزم زیاتریان هه‌بێت، به‌ڵکو هه‌ر که‌سێکیش ره‌خنه یا ناڕه‌زایی هه‌بێت و دژبه‌م دابه‌شکاری و پله‌به‌ندییه بوه‌ستێته‌وه ئه‌وا ناسنامه‌ی هاوڵاتی پله نزمیشی لێ ده‌سێننه‌وه‌و ده‌یکه‌نه تیرۆریست، ئاژاوه‌گێڕو تێکده‌ری سه‌قامگیریی و ئاسایشی کۆمه‌ڵگه. واته له کوردستاندا ئه‌وه پۆلێنبه‌ندی کۆمه‌ڵناسی و سیستمی سیاسی(ده‌ستور، یاساکان و … هتد) نییه که ناسنامه‌ی تاکه‌کان و پره‌نسیپه‌کانی هاوڵاتیبوون دیاری ده‌که‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه ویستی ده‌سه‌ڵاته که ئه‌و ناسنامه‌یه دیاری ده‌کات. خه‌ڵکی کوردستانیش به‌ته‌واوی له‌و پۆلێنکارییه به‌ئاگان و ئه‌م پله دوویی و پله نزمییه به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له نه‌ستیاندا ره‌گی داکوتاوه که له‌خۆڕا نییه له کاردانه‌وه‌یاندا به‌رامبه‌ر به کوشتنی سه‌رده‌شت، زۆربه‌یان به‌شێوه‌یه‌کی نائاگا ده‌ڵێن ئێمه هه‌موومان سه‌رده‌شت عوسمانین، بەمانای ئێمە هەموومان مرۆڤە بێناسنامەکانین.
دەیان ساڵە لەم کۆمەڵگەیەدا، مرۆڤەکان بەهۆی بێبەش بوونیان لە مافی هاوڵاتیبوونەوە لە بۆشاییەکی ناسنامەییدا دەژین. ئەگەر حکومەتەکانی ناوەند لە عێراقدا بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی نەتەوەپەرستیی عەرەبی تاکی کوردیان بێبەش کردبێت لە مافەکانی هاوڵاتیبوون، ئەوا فەرمانڕەوای کورد سەرەڕای بانگەشەو قسەی بریقەدار لەبارەی دیموکراسی و چەمکی هاوڵاتیبوونەوە، بەڵام بە قۆرخکردنی سەرچاوەکانی دەسەڵات، واتە سامان و هێز، ئامادە نەبووەو نییە چەمکی هاوڵاتیبوون بۆ ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە بسەلمێنێت و کۆمەڵگەی دابەش کردووە بۆ سوپەرمرۆڤ(هاوڵاتی)و هاوڵاتی پلە نزم.
ئه‌گه‌ر ئێستا سه‌رده‌شت زیندووبێته‌وه(هه‌رچه‌نده ئه‌مه ئەگەرێکی مییتافیزکیشه)و ئه‌م مشتومڕانه ببینێت که بارزانی سه‌باره‌ت به‌دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی وروژاندوویه‌تی، ئه‌وا بێگومانم که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌ر کوردێک خوازیاری چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد و نه‌مانی سته‌می میللی بوو، به‌ڵام هێشتاش ئه‌و لایه‌نگری ئه‌و پرۆژه‌یه نابێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک دڵخۆش نابێت پێی، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه نا که ئه‌و پرۆژه‌یه هه‌ر بۆ فشارێکی سیاسییه‌و هیچی تر، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ش نا که ئه‌و له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا تیرۆرکرا. به‌ڵکو پرسیاری سه‌ره‌کی سه‌رده‌شت ئه‌وه ده‌بێت که‌چه‌مکه‌کانی ئازادی بیروڕا، عه‌داله‌ت له کوێی پرۆژه‌که‌ی بارزانیدا ده‌بن؟ .. مافه‌کانی ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێیان ده‌گوترێت هاوڵاتییان(چونکه پێشتر ئاماژه‌م به‌وه‌دا که هاوڵاتیبوون به‌مانای ماف له‌کوردستاندا بوونی نییه) له‌ده‌وڵه‌ته پێشنیارکراوه‌که‌ی بارزانیدا چی ده‌بێت؟ .. داخۆ سەردەشتە زیندووەکان هه‌ر هه‌مان هاوڵاتی پله دوو و پله نزم نا‌بن؟ ..
Hasan0156@yahoo.com