تیرۆر کردنی (سەردەشت عوسمان) ئەزموون و وانەکانی

هیدایەت مەلا عەلی:hidayat mala ali

لەهەر جێگایەکی گۆی ئەم زەمینە، هەر هێزێک و دەستەوتاقمێک کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، ئامانجیان (پاراستنی پایەکانی دەسەڵات، بێدەنگ کردنی ئازادی، سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکانی خەڵکە)، بۆ ئەم مەبەستە زۆر نمونەی ناوخۆی و ناوچەی و جیهانی لەبەر دەستدایە.

بەڵام هەندێک جار ئەو پیلانە وەک ئەوەی هێزە سەرکوتگەر و تیرۆریستەکان دایدەڕێژن ناگاتە مەنزڵگای خۆی، لەباری فیزیکیەوە تەنها کارە قیزەونەکەی تیرۆر ئەنجام دەدرێت، پاشماوە و ئامانجی تیرۆرەکە هاوکێشەکەی پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ڕسوابونی  تیرۆریستان.
لە ڕفاندن و تیرۆرکردنی خوێندکار و ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) پێچەوانەبونەوەی هاوکێشەکەی تیرۆریستان، تەواو پڕ بە پێستی ئەو نمونەیەیە کە  دەسەڵاتداران و تیرۆریستانی تیدا ڕسوابوون و کەوتنە بەردەم ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکی ئازادیخواز.
ڕفاندن و تیرۆکردنی (سەردەشت عوسمان) ئەوەندە کارێکی نائینسانی و شەرمهێنەربوو، سنوری ئارامی و بێدەنگی بڕی و شەپۆلێکی گەورە لە نارەزایەتی و نەفرەت کۆمەڵگای کوردستانی گرتەوە، تیرۆکردنی (سەردەشت عوسمان) بوویە خاڵی وەرچەرخان لە ڕووبەڕبوونەوەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا، بۆ یەکەم جاربوو پریشکی ناڕەزایەتی دژی تیرۆر بەم جۆرە خۆی بگەیەنێتە شەقام و (نا)یەکی ڕاچڵەکێنەر بدات بەڕووی دەسەڵاتدا.
ڕفاندنی (سەردەشت عوسمان) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڕۆژی ڕوناک، بەبەرچاوی هێزی چەکداری (پارتی دیموکراتی کوردستان)ەوە، لەبەردەم زانکۆ، گوێزانەوەی  بەناو دەیان بازگە و خاڵی پشکنیندا، پاشان تیرۆرکردن و دۆزینەوەی تەرمەکەی لە شاری (موسڵ)، سەرگوزشتەی کار و کردەوەی دەسەڵاتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە باکی بە نەبوونی هیچ مۆڕاڵیکی ئینسانی نیە، زانینی ئەم چیرۆکە ئەفسوناویەی مەرگی (سەردەشت عوسمان) لە هەناوی خەڵکی کوردستاندا، زەمینەیەکی ڕەخساوی بۆ ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ فەراهەم کرد، لە هەناوی هەگبەی وەستانەوە لە دژی تیرۆکردنی (سەردەشت عوسمان)دا، ٦٢ ڕۆژ خەبات و نارەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان خۆی هەڵگرتبوو، دەنگێک هاتە مەیدان کە قڵشتی نیوان خەڵکی ناڕازی و دەسەڵاتدارانی کردە ئاسمان و ڕێسمانێک.
ئەگەر لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە گشتی و (پارتی دیموکراتی کوردستان) بەتایبەتی، تیرۆکردنی (سەردەشت عوسمان) زەمینەسازی بووبێت بۆ سەرکوتی هەردەنگێکی ئازاد، پێشبینیەک بوو بێت بۆ ئەگەری ڕودانی ئاڵوگۆڕ لە کوردستان و ناوچەکەدا، سەرەڕای داخ و ئازاری زۆرمان بۆ مەرگی (سەردەشت عوسمان)، بەڵام مەرگی (سەردەشت عوسمان) بوویە سەرەتایەک بۆ هەندێک هەنگاو کە ئەنجامدانی لە کاتێکی ئاساییدا ئەرکێکی گرانبوو، هەر ئەم هەنگاوانەش بوو هاوکێشەکەی دەسەڵات و پیلانی تیرۆرەکەی پێچەوانە کردەوە.
پەرچەکرداری تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) لەلایەن خەڵکەوە، ئەو ئامادەسازییەی بەرهەم هێنا کە هێڵی گشتی بۆ کۆکردنەوەی تواناکان بدۆزرێتەوە، بەرگری لە ئازادی وەک پێداویستیەکی  چارەنوسساز سەیر بکرێت و هەموومان بە هەستیاریەوە لەدەوری کۆببینەوە، تیرۆری (سەردەشت عوسمان) ئازادیخوازانی خستە بەردەم شەڕێکی دەستەویەخە لە پێناوی ئازادی بیڕوڕادا.
 سەرەڕای هەرکەموکوڕیەک و نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتدارن لە هێرشیان بۆ سەر ئازادی و مافەکانی خەڵک، بەڵام جۆش و خرۆشی دەنگی ناڕازی ئازادیخوازان، بۆ یەکەم جار غرور و ئامادەیی هاتنە مەیدانی بردە ئاستێکی بەرزەوە، یەکەم جار بوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بەگشتی و (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەناو قەفەزی تاوانباریدا ڕابگیرێن و لە لایەن خەڵکەوە دادگایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکرێن و، پێیان بوترێت ئێوە تیرۆریست و سەرکوتگەرن.
ڕەنگدانەوەی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) تووانی لە مێژووی ژیانی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک لە دەرەوەی کورستان، لە (ئەوروپا، کەنەدا، ئوستورالیا) هەنگاوێکی گەورە بهاوێژێت، ئەگەر سەردەمانێک دەسەڵاتدارانی کوردستان خەڵکی دەرەوەی کوردستانیان وەک خەڵکانێکی نەفی کراو سەیر دەکرد. ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورستان پێیانوابوو کە ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە ناتوانن کاریگەریان لەسەر واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کوردستان هەبێت، ئەوا تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) بەشێک لەو بەستەڵەکەی ئەقڵی دەسەڵاتدارنی تواندەوە. هەموو بینیمان کە بەشێکی زۆر لە پایتەخت و شارە گەورەکانی جیهان بوونە مەیدانی ناڕازایەتی و شانۆی مەحکوم کردنی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان)، سەدان وێنەی (سەردەشت عوسمان) بوونە پلاکێت و لافیتەی دەستی خەڵکی لەبەردەم سەفارەت و نوێنەرایەتی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان، سەردان و پەیوەندی لەگەڵ دەیان پەرلەمانتار لە پەرلەمانی وڵاتان و حیزب و ڕێکخراوە جیهانیەکان بەڕێوەچوو، بەهەر کەموکوڕیەکەوە کۆبونەوەی ڕەوەندی کوردی لە دەوری ئاسۆیەک کە ئامانجەکەی فراوانکردنەوەی مەوداکانی ئازادی و مەحکوم کردنی تیرۆر بوو، بوویە تایبەتمەندی  قۆناغێک لە هەڵسوڕان لە دەرەوە، مەرگی (سەردەشت عوسمان) بورکانی ڕق و بێزاری خەڵکی تەقاندەوە و دەرەوەی کوردستان و ناوەوەی کوردستانی کردەوە بە یەک سەنگەر لە دژی تیرۆر و سەرکوتکردن، تیرۆکردنی (سەردەشت عوسمان) ڕایەڵەی چالاکی دەرەوەی کوردستانی کردە جەمسەرێکی بەهێز و دانەبڕاو لەگەڵ ناوەوەی کوردستاندا.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر تیرۆرکردنی خوێندکار و ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) ئەم دۆسیەیە بە کراوەی ماوەتەوە لە نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکی کوردستاندا، شکاندنەوەی ئەم دۆسیەیە بە قازانجی ئازادی و خەڵک، لەگرەوی هاتنە مەیدانی خەڵکی کوردستاندا بۆ بەدەست هێنانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.