قەڵەمەکەم دەگریا

هیوا ناچار:Hiwa_Ali

چەند ڕۆژە قەڵەمەکەم گوڕووی بەستووەو نانووسێ!

چەند ڕۆژە قەڵەمەکەم قوڵپ قوڵپ دەگریا..

ئەوەندە پەرۆش دەگریا..

هەندێ جار منیش دەخاتە گریان..

ئەی قەڵەم دەمەوێ چەند ساتێک بنووسم؟

قەڵەم بێ دەنگەو هێواش هێواش..

هەرقوڵپ دەداو هەردەگریا..

شەوهەڵسام و چوومەلای قەڵەمەکەم..

بەڵام قەڵەم بەفرمێسک ئاماژەی بۆکردم!

گوتی نا-نا، لێم گەڕێ بابگریم..

لەتەنیایدا دەمەوێ ئارام ئارام بگریم..

منیش جێمهێشت و کاغەزەکەم..

بەنابەدڵی بردەوە بۆ ژوورە خەفەتبارەکەم!

بێئەوەی یەک پیت بخەمە سەرکاغەزە سپی وسۆڵەکەم!

چەند ڕۆژە کاغەزەکەم هەر سپی دەچێتەوە..

هەرلەچاوەڕوانی گریانی قەڵەمەکەمە ژیربێتەوە..

کاغەزە سپیەکەم..

جگە لە کەمێ ڕووناکی بۆتاریکی ژوورەکەم..

چیتر نابەخشێ، چیتر ڕەش ناپۆشێ وەکو جاران!

ئەویش خەریکە لێم زیزدەبێ وەکو قەڵەمەکەم..

خەریکە لێم بتۆرێ!

چونکە چەند ڕۆژە ڕەشی ناکەم لەسەری پیتێ..

ئەی قەڵەمەشیرینەکەم تکات لێدەکەم چیتر مەگری..

ئەوەتا کاغەزەکەش لێم تۆراوە..

چیتر هاوڕێیەتیم ناکا بەبێ تۆ!

ئای چ پەرێشانە دڵی من چەند ڕۆژە..

قەڵەم لەملا دەگری و کاغەز لەولا تۆراوە..

منیش خەریکە بێچارە دەبم لەم ناوە..

تکاتان لێدەکەم ئاشتبنەوە لەگەڵم..

تکا قەڵەمە ڕووح شیرینەکەم!

من چەند دەمێکە بەتۆ دەنووسم!

چیتر قوڵپ مەدەو پیم بڵێ بۆچی دەگری..

بۆ چەند ڕۆژە تۆراوی لەمن و نانووسی!

ئا بیرم کەوتەوە!

ئێستا دەزانم بۆچی دەگری..

بۆیادی ”قەڵەمە ئازاکە” دەگری!

ئەو قەڵەمەی دەینووسی..

ئەو قەڵەمەی دواجار..

لەسەر نووسین..

گیانی خۆی بەخشی..

ئەی ویژدانی ساردو سڕ!

ئەو قەڵەمەت بۆ لەنووسین خست!

ئەو قەڵەمەت بۆ جوانەمەرگ کرد!

جگە لە نووسین..

تاوانی ئەو قەڵەمە ڕووح سووکە چی بوو؟!

٣/٥/٢٠١٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.