ئەوانەی یادێک لە سەردەشت ناکەن شەرمە باسی ئازادیی بکەن

Kamal_Chomaniکمال چۆمانی:
هرانت دینک، رۆژنامەنوس و ستوننوسی تورکیایی بە رەگەزت ئەڕمەنیی، لە ١٩ی جانوەری ٢٠٠٧ لە تورکیا تێرۆرکرا لەلایەن گەنجێکی ناسیۆنالیستی تورک. دوای تێرۆرکردنی، هەندێ فۆتۆی پۆلیس بڵاوکرانەوە کە پێدەکەنن و لای بکوژ وەستاون. ئەمە بو بە سکانداڵ لە تورکیا و وایکرد لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت کە دواجار بو بەهۆی لابردنی زۆر لە پۆستی بەرپرسیارێتیی دابون بەهۆی فۆتۆکان. لە کاتی ناشتنی، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بەشداریی رێورەسمی بەخاکسپاردنیان کرد. ئەو داکۆکارێکی راستەقینەی ئازادیی و مافی مرۆڤ بو، هەوڵی دەدا تورکیا و ئەرمێنیا ئاشتببنەوە. نکۆڵیکردنی جێنۆسایدی ئەڕمەنەکانیشی رەخنەدەکرد. لەو رۆژەی تێرۆرکراوە، میدیای تورکیایی، هیچ ساڵێک نەبوە یادی نەکاتەوە، راپۆرتی جدیی لەسەر نەکات و ئیدانەی کوشتنەکە نەکاتەوە، بە سێرچێکی گوگڵ بۆت دەردەکەوێت چەندە راپۆرت و بابەتی رۆژنامەوانیی لەسەر هرانت دینک دەنوسرێن. ئاخر دەبێت سنورێک بۆ نەیارانی دێمۆکراسیی و ئازادیی رادەربڕین دابنرێت.
سەردەشت عوسمان، رۆژنامەنوسێکی گەنج، توڕە و خاوەن روئیا بو. لەپێناو ئازادیی و عەدالەت دا، گیانی بەخشی. لەو رۆژەوەی تێرۆرکراوە تا ئێستا، لای داکۆکیکارە راستەقینەکانی ئازادیی و دێمۆکراسیی، لای ئەوانەی بەڕاستی دەیانەوێت ئازادیی و دێمۆکراسیی هەبێت، هەرگیز بۆ رۆژێکیش لەبیرنەکراوە و هەمو ساڵێکیش یادی دەکەنەوە.
زۆریشن، ئەوانەی قسەی زۆر گەورە لەسەر کوردایەتیی و فەلسەفە، ئازادیی و ئینساندۆستیی دەکەن، خۆیان بە داکۆکیکاری راستەقینەی ئازادیی چاپەمەنیی و ئازادیی رادەربڕین دەزانن، لە دەزگاکانیانەوە، لە شیعر و چیڕۆکەکانیانەوە، لە نوسینی فەیسبوک و تویتەریانەوە، تەنانەت لەو نامانەشی کە بۆ مەعشوقەکانیان دەنێرن، پڕن لە ئینساندۆستی و شەڕڤانانی ئازادیی و شەڕڤان لەپێناو مافی مرۆڤ و عەدالەت دا. بەڵام کاتێک دێتە سەر رەخنەکردنی دەستەڵات، کاتێک دەبێت دەنگیانهەڵبڕن دژ بە بکوژان و ئەوانەی لە پشت تێرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و شەهیدانی دیکەی ئازادیی و عەدالەتن، نەک قسەیەکیان نییە، بەڵکو بێدەنگ و بێ جورئەت، سەری خۆیان کزکردوە تا لە دەزگاکانیان دەرنەکرێن یان موچەکەیان کەمنەکرێتەوە لەبەرئەوەی ئاغاکانیان لێیان توڕە دەبن.
ئەوانەی یادێک لە سەردەشت ناکەن، ئەوانەی داوای لێکۆڵینەوەی جدیی لە کەیسی سەردەشت ناکەن، ئەوانەی لەڕێی دەزگا حیزبی و سێبەرەکانیانەوە رۆژانێک سەردەشتیان کردە تێرۆریست و ئەمڕۆ بێدەنگیی دەنوێنن، شەرمە باسی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی و مافی ئینسان بکەن.
سەردەشت ویژدانی هەمومانە. داواکردن بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی سەردەشت، داوای ماف سەندنەوەی ویژدانی هەمومان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.