ئەو دەسەڵاتە مەشروعیەتی نییە کە بکوژانی دەنگی ئازاد لە ناوەندی بڕیاردانیدان!

Baker_Osmanبەکر عوسمان:
لە پێنج ساڵ لەمەوبەرەوە لەسەر دۆسیەکانی کوشتنی دەنگەئازادەکان گەلێک ڕاستیمان چەند بارە جەخت کردۆتەوە. ڕوونمان کردۆتەوە کە بۆچی ئەو دۆسیانە بەئەنجامی خۆیان ناگەن؟ بۆچی تاوانباران داداگایی ناکرێن و بەسزای یاسایی ناگەیەنرێن؟

گوتومانە بکوژەکانی سەردەشت و کاوە و سۆران لە کەس شاراوە نیین. ڕامانگەیاندووە کە دادگای سەربەخۆ لە کوردستان بوونی نییە و دادگاکان پارێزگاری لە بکوژانی دەنگە ئازادەکان دەکەن. ڕاشکاوانە گوتوومانە کە تیرۆرکردنی سەردەشت و دەنگە ناڕازیەکانی تر وەک تاوانێکی سیاسی، له‌ پێناوی ئامانجى سياسى و ماددی دەسەڵاتی سیاسیدا ئەنجامدراون. ئامانج لێیان  بێدەنگکردنی گەنجان و رۆژنامەنووسان و ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بووە.

تائێرە زۆربەمان هاوڕاین لەسەر هەڵسەنگاندن و ڕونکردنەوەی ڕوداوەکان و ئامانجەکان و یاریە سیاسیەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان لە کوردستاندا.

ئەمرۆ بەدوای پێنج ساڵ لە تیرۆرکردنی سەردەشت، ئیتر دەڵیین دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی مافیاییە کە بکوژانی دەنگی ئازاد لە ناوەندی بڕیاردانی ئەو دەسەڵاتەدان. هەربۆیە ئەو دەسەڵاتە کە بناغەکەی لە سەر تیرۆرکردن و کوشتنی دەنگی ئازاد و گەنجانی وڵات بنیاتنراوە، هیچ مەشروعیەتێکی نییە.

دەسەڵاتی کوردی مەشروعیەتی خۆی لە عەدالەت، دادپەرەوەری،  ئازادی و وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکەوە وەرناگرێت. ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگای کوردستان خۆی بەرهەمدێنیتەوە. ئەو دەسەڵاتە لەسەر گەندەڵی و بەتالانبردنی سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی کوردستان درێژە بە بوونی خۆی دەدات. ئەم دەسەڵاتە ئەمڕۆ بە شەڕی داعش و بە مەترسی داعش پاساو بۆ مانەوەی خۆی دەهێنێتەوە.

کە دەڵێین دەسەڵات لە کوردستان بە بێدەنگکردنی کۆمەڵگا خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، یەکێک لە بەڵگە مەلموسەکانی بەردەستمان تیرۆرکردنی سەردەشتە. کە سەردەشت لەبەردەم کۆلیجەکەی خۆی بە بەرچاوی خەڵکەوە ڕفێدراو پاشان جەستەکەی لە موسڵ فڕێ درا، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە مەبەستیان نەبوو شاراوە بن و نەزانرێ کێن. ئەوان بۆ ئەوە ئەو تاوانەیان ئەنجام دا تاکو بەئاشکرا بێنە سەر تەلەفزیۆن، بچنە هۆڵی پەرلەمان و لەسەر کورسی و تەختی سەرۆکایەتی دابنیشن و هەڕەشە لە ئێمە و خەڵکی کوردستان بکەن و بڵێن: ئێمە ئەم دەسەڵاتە بۆ کەسی تر بەجێ ناهێڵین. بۆ ئەوە ئەو تاوانەیان ئەنجام دا کە بە خەڵکی کوردستان بڵێن ئێمە بەدیلمان نییە و هێلی سوورین.

تیرۆری سەردەشت ڕووداوێک نییە گوزەرا بێت، تاوانێک نییە پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕی بیت و کۆن بووبێت. ئەگەر وەک تاوانێکی دیاریکراویش بەو جۆرە بێت، بەڵام وەک بەشێک لە واقعێکی گەورەتر ڕابوردوومان نییە، ئێستامانە و بە داخەوە ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش داهاتوومان بێت. تا ئەو کاتەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و تاڵانکردنی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتێکی خێلەکی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا بەڕێوە بچێت، تا ئەو ڕۆژەی ئازادیە مەدەنیەکان لە کوردستان لەژێر ڕەشماڵی پیرۆزیەکاندا بە داری هێڵە سورەکاندا هەڵدەواسرێ. تا ئەو کاتەی گەنجانی کوردستان لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە. تا ئەو ڕۆژەی “بەنازەکان و سەنگەرەکان” لەتاو بێکاری و هەژاری لە پایتەختی کوردایەتی پەنا بەرنە بەر ئاگرلەخۆبەردان و بە دەستی خۆیان گیانی شیرینی خۆیان دەکێشن. سەردەشت هەموو رۆژێک هەڕەشەی لێ دەکرێ، ئیهانە دەکرێت، دەڕفێندرێت و تیرۆردەکرێ، هەر رۆژەی سەردەشتێکمان تیرۆر دەکرێ.

ئەم دۆسیە، دۆسیەیەکی سیاسیە. کۆمەڵگای کوردستان و ئازادیخوازان لەبەردەمی پرسی چارەنوسسازدا ڕادەگرێ. کۆمەڵگا ناتوانێت دەستبەرداری ئەو پرسە چارەنووسسازەی ئایندەی بێت، نابێت و ناکرێت تەسلیمی ویستەکانی دەسەڵاتێکی مافیایی و تاوانکار و خوێنرێژ بێت.

ئەم دۆسیە لەلایەن ئێمە و ئازادیخوازانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئەمەش یانی ئەوەی شەڕی ئازادیخوازانی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی بەردەوامی هەیە. باسەکە لێرەدا تەنها لەسەر دۆسیەی کەسێک نییە کە بە زوڵم کوژرا، باسەکە لەسەر ئەوەیە خەڵکی کوردستان لەسەردەشتدا چارەنوسی ڕۆڵەکانی خۆیان دەبیننەوە. باسەکە لەسەر ئەوەیە بێدەنگی لەم تاوانە، چارەنووسی سەردەشت دەبێتە ئەو وێنەیەی کە دەسەڵات بۆ ئایندەی گەنجەکانمان دەیکێشێت. بۆیە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە کۆتایی پێ نەهاتووە و بەردەوامە و بەردەوام دەبێت.

جارێکی تریش دەیڵێمەوە ئەو دەسەڵاتە مەشروعیەتی نییە کە بکوژانی دەنگی ئازاد لە ناوەندی بڕیاردانیدان!

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت عوسمان
شکۆدارە یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناوی ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیان دەبەخشن

2015-05-03

Leave A Reply

Your email address will not be published.