سەردەشت و داعش

نیاز عەبدوڵڵا:

Nyaz_Abdulla
‌لە ئێستادا هیچ گرووپێک هێندەی داعش و گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان لەم ناوچەیە مەترسی نین بۆ سەر ژیان و بنەماکانی دیموکراسی، سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانە، بەڵام نابێت دەروازە بۆ سەرکوتکارانی ناوخۆ و جومگەکانی حوکمڕان واڵا بکرێت بۆ سەرکوتکردنی رەخنەگران و رۆژنامەنووسان، بۆ بەکارهێنانی ئەم دۆخە لە پێناو چنینەوەی بەرژەوەندی زیاتری تایبەتییان.
‌لە پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا ئەوەی پێویستە جارێکی تر بوترێت ئەوەیە: بکوژانی سەردەشت درەنگیش بێت دەبێت لەبەردەم یاسادا باجی تاوانی خۆیان وەربگرن، و تێپەڕبوونی کات ئەستۆی ئەوان لەو تاوانە پاک ناکاتەوە. بە پاڵەوانکردنی بکوژەکان لەبەرەکانی شەڕی بەرگری لە دژی داعش، بە بەرداکردنی کاراکتەری سەربازی بەگریکار بە بەر ئەواندا، ئەوان لە ئەنجامدانی تاوانی پێشینەیان پاک ناکاتەوە.
‌ئێستاش ئەو راددەی ئازادی رادەربڕینەی بە دەستهاتووە، بە هۆی ئازایەتی و لە خۆبردوویی لە گیان و روحی رۆژنامەنووسان خۆیان بووە.
‌بۆیە هەرچەندە بە رێگای جۆراوجۆر فشار خرابێتە سەر رۆژنامەنووسان و لە رێگای کوشتنی چەند رۆژنامەنووسێکەوە بکوژان ویستبێتیان ئازادی رادەربڕین سنووردار بکەن سەرکووتوو نەبوون، بەڵکو لە بەرامبەردا کەسایەتی و رۆژنامەنووس و بەرگریکاری سەرسەختتر لە ماف و ئازادییەکان دروست بوون.
‌یادکردنەوەی ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، ساڵ لە دوای ساڵ لە کاتێکدا تاوانباران ئازادن بریتی نییە لە کات بە رێکردن، هەروەها گوزارشت لە دەستەوەستانی بەرگریکاران ناکات لە ماف و ئازادییەکان، بەڵکو نیشانەی بەردەوامییە لەسەر:
‌١-بەسزاگەیاندنی بکوژان لە رێگای یاساوە.
‌٢-داکۆکیکردنە لە بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین.
‌٣-لەگەڵ یەک وەستانی بەرگریکارانە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان و ستەم بە گرتنەبەری خەباتی مەدەنی.
‌٤-کۆتایی نەهاتنی خەونی راستەقینەی بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان، و بوونی میدیایەکی چاودێر و پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسەکانییەتی.
‌٥-دەستبەردار نەبوونە لە ورە و ئومێد، ئەو ئومێدەی سیاسییە باڵا دەستەکان باڵەکانی تاوانیان لە فڕین بکەوێت و باڵی ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن باڵ بەسەر نیشتیماندا بکێشێت.
‌٦-دەرخستنی خواستێکی راستەقینەیە بۆ سەروەری یاسا و گەڕانەوەی هێزە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، بە مانای راستەقینەش پیشە و کار بۆ دەزگا ئەمنییەکان و جومگەگانی تری دەسەڵات بگەڕێندرێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی دوور لە بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی دەستە و گرووپێک.
‌بۆیە سەرباری یادکردنەوەی تیرۆرکردنی سەردەشت لە سایەی بوونی شەڕی داعشدا، پێویستە ئەوەی دەستبەرداری نەبین سووربوون بێت لەسەر جێبەجێکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ناوخۆی وڵاتدا، نەک چاوپۆشیکردن و بیانوو هێنانەوە بێت بۆ تاوانی تاوانباران.

Leave A Reply

Your email address will not be published.