پارتی به‌كاوه گه‌رمیانی تۆڵه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان له‌یه‌كێتی ده‌كاته‌وه
پارتی بایه‌خێكی گه‌وره به‌تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی ده‌دات، له‌بارزانی‌و نێچیرڤانه‌وه بگره تا ده‌گات به‌فراكسیۆن‌و میدیا‌و به‌رپرسه‌كانی باس له‌خوێنی به‌ناهه‌قڕژاوی كاوه ده‌كه‌ن، چاودێران پێیانوایه پارتی ده‌یه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه تۆڵه‌ی خۆی له‌یه‌كێتی بكاته‌وه، كه له‌كاتی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان، ده‌نگی ناڕه‌زایی ده‌ربڕی، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ده‌ڵێت “ئێمه موزایه‌ده به‌سه‌ر كه‌سه‌وه ناكه‌ین”.
ئه‌مه له‌كاتێكدا كه له‌چه‌ند رۆژی رابردودا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مان‌و چه‌ندین به‌رپرسی پارتی له‌ئاسته جیاوازه‌كان‌و میدیاكانی ئه‌و حیزبه، وه‌ك ئامڕازێكی سیاسی بۆ دژایه‌تیكردنی یه‌كێتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان به‌كارهێناوه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه كاتی خۆی یه‌كێتی شێلگیرانه كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمانی وه‌ك فشارێك له‌دژی پارتی به‌كارهێنا.
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ئاوێنه وتی” به‌داخه‌وه پارتی‌و ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه چه‌ند رۆژێكه به‌ناهه‌ق هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان‌و موزایه‌ده به‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌ن‌و یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی، ئه‌مه له‌كاتێكدا پێشوتر له‌ده‌ڤه‌ری زه‌رد سه‌رده‌شت تیرۆركرا‌و ئه‌ندامانی پارتی‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی پشكی زه‌رد له‌لیستی كوردستانی نقه‌یان لێوه نه‌ده‌هات”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتیشی” تیرۆركردنی كاوه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت جیاوازه، سه‌رده‌شت به‌نوێژی نیوه‌ڕۆ له‌ناو زانكۆ رفێنراو دواتریش ته‌رمه‌كه‌ی له‌موسڵ دۆزرایه‌وه، به‌ڵام تیرۆركردنی كاوه له‌به‌رده‌م ماڵی خۆی بوه‌و به‌شه‌ویش بوه‌و به‌دڵنیاییه‌وه بكوژانیشی ده‌دۆزرێنه‌وه، به‌ڵام با پارتیش جورئه‌ت بكات بكوژانی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌شت ئاشكرا بكات”.
له‌به‌رامبه‌ریشدا په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌وان موزایه‌ده به‌سه‌ر كه‌سه‌وه ناكه‌ن، به‌ڵكو سیاسه‌ت‌و ئه‌جێندای پارتییه گۆڕاوه.
ئومێد خۆشناو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی زه‌رد له‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاوێنه ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئه‌ندامانی پارتی‌و سه‌ركردایه‌تی پارتی‌و فراكسیۆنی زه‌رد له‌په‌رله‌مان به‌رامبه‌ر به‌تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی ده‌ینوێنێت، موزایه‌ده نییه به‌رامبه‌ر به‌هیچ گروپ‌و لایه‌نێك، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قه‌ناعه‌ت‌و گۆڕانكارییه‌ی سیاسه‌تی پارتی كه له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنی به‌خه‌ڵك داوه ئه‌مجاره‌یان له‌به‌ره‌ی خه‌ڵك بێت‌و داكۆكی بكات له‌مافه‌كانی خه‌ڵك”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌ی بۆچی به‌رامبه‌ر به‌تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان په‌رله‌مانتاره‌كانی پارتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێستای نه‌بو كه به‌رامبه‌ر به‌تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی هه‌یانه خۆشناو وتی” ئه‌و كاته‌ش كه‌س به‌په‌رله‌مانتاره‌كانی پارتی نه‌گوتوه كه له‌به‌رامبه‌ر تیرۆركردنی سه‌رده‌شت بێده‌نگیی بنوێنن، به‌ڵكو ئه‌وه په‌رله‌مانتاره‌كانی پشكی پارتی له‌فراكسیۆنی كوردستانی خۆیان كه‌مته‌رخه‌مبون‌و ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره له‌وان بكرێت”.
سەرچاوە : ئاوێنە