دایکی نیشتمان له کوێی؟!
عه‌لی که‌ریمی:
تۆ له‌به‌رچاوانم ئه‌وه‌نده گه‌وره و بێگه‌رد و پاکی، له مێژساڵه ده‌تپه‌ره‌ستم، به کفری نازانم گه‌ر بڵێم تۆ خودامی، دینمی، ئائینمی، خوشه‌ویستمی، تۆ بوون و نه‌بوونمی!
چه‌ند رۆژێکه دیسان گوێم له زڕه‌ی زنجیری ده‌ست و پێته، نازانم بۆ زرینگه‌ی زنجیره‌کانت ئه‌مجاره زۆر زیاتر له جاران به ئازارن، گوێ كه‌ڕ که‌رن، جاران له‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌ت وه‌ک هه‌موو به‌شه‌کانی ترت دێوی ره‌شی داگیرکه‌رانت رایان ده‌کێشای و کۆت وبه‌ندیان کردبووی.
چه‌ند رۆژێکه رۆڵه‌یه‌کی خوێن شیرین و روح سوکت جوانه‌مه‌رگ کراوه، درۆت له گه‌ڵ ناکه‌م و هه‌رگیز نه ناوم بیستبوو و نه ده‌مناسی، به‌ڵام ئه‌وه چوار رۆژه ئه‌وه‌نده به نامه‌ردی و بێبزه‌یانه بزه‌یان لێ ره‌واندۆته‌وه هه‌ناسه‌ی نه‌ته‌نیا له‌به‌ر من به‌ڵکو له هه‌موو رۆڵه به ئه‌مه‌که‌کانت بڕیوه. هه‌رچی سه‌ر دێنم و ده‌به‌م تاوانی چ بوو بۆچی به‌م ده‌رده‌یان برد، رێ ده‌رناکه‌م، ئه‌م کوره‌ت ئه‌وه‌نده به ئه‌مه‌ک و به وه‌فا بوو بۆت، هه‌ولێری بوو به‌ڵام ناوی سه‌رده‌شت بوو.
ده‌زانم له وه‌تی هه‌یه سه‌رت بۆ رۆڵه جوانه‌مه‌رگ و بێ ئاکامه‌کانت ده‌قوڕ ناوه و ئه‌وه‌نده سوتاوی ئه‌م هه‌واڵه‌ش وه‌ک له ده‌ستدانی هه‌موو کچ و کوره‌کانت وه‌رده‌گری و ده‌ڵێی: بڵێم چی روڵه گیان به‌شی دایکی جگه‌رسوتاو هه‌رئه‌مه‌یه!
به‌ڵام نا! دایه گیان ئه‌مجاره برینی زامه‌که یه‌کجار قوڵ و گرانه. ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه بکوژی کوره‌که‌ت له رۆڵه‌کانی خۆت بن و هاوره‌گه‌زی من و سه‌رده‌شت بن!
خۆت باشتر ده‌زانی حوکمی ئه‌م به‌شه‌ی نیشتمانت ئه‌وه چه‌ندین ساڵه داوه‌ته ده‌ست رۆڵه‌کانی خۆت و دێوه‌زمه‌ی داگیرکه‌رمان له‌سه‌ر نه‌ماوه. له ژێر حوکم و ده‌سه‌ڵاتی کوردی، سه‌رده‌شتی لاو و دم به پێکه‌نینت، رۆڵه‌ی به وه‌فا و خوێندکارت به رۆژی روناک و له به‌رده‌م زانستگه‌که‌ی، به زمانی کوردی لێیدرا و رفێندرا و دوو رۆژ دواتر زۆر دورتر له هه‌ولێر، له موسڵ له سه‌ر جاده، ته‌رمی خوێناوی و دمی پڕ له فیشه‌کی دۆزرایه‌وه.
ده‌ڵێن تاوانی سه‌رده‌شت یه‌کجار گه‌وره بووه، کفری کردووه، به‌ردی به که‌عبه داداوه و سه‌ری تۆی دایکی نیشتمانی شۆڕ کردووه!
ده‌ڵێن حاکمی ئه‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌ت ته‌نانه‌ت زۆر له تۆش گه‌وره‌تره و گوێ له تۆش ناگرێت، ئه‌و خه‌تی سوره و گاڵته‌ی پێ ناکرێت، ئه‌و خودایه و بۆ شۆخی و جه‌فه‌نگ نابێت!
ئاخر دایه گیان! سه‌رده‌شت گۆیا خه‌یاڵ هه‌ڵیگرتووه و ویستویه‌تی چه‌ند ده‌ردی دڵ و گله و گازه‌نده‌یه‌ک له زمان لاوێکی به‌ش مه‌ینه‌ت و هه‌ناسه سارد له گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌م نیشتمانه بکات، به چه‌شنی شوانه‌که‌ی موسای پێغه‌مبه‌ر که به خودای ده‌گوت: تۆ له کوێی تا من ببم به نۆکه‌رت و سه‌رت شانه که‌م و جێگا و بانت بۆ راخه‌م و… سه‌رده‌شتیش به خه‌یاڵ و به ئاره‌زوویه‌کی لاوێیه‌تی خوازبێنی کچی سه‌رۆکی کردووه، له شاباڵی ئه‌سپی خه‌یاڵی داوه و رفاندوویه‌ته سه‌ر هه‌وران و دوور دوور دوور له حه‌وت عاسمانانی تێپه‌راندوه و بووه به زاوای سه‌رۆک و به‌م زاوایه‌تێش به هه‌موو ویست و ئاره‌زووه نامومکینه‌کانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی گه‌یشتوه!
ده‌ڵێن رۆڵه هه‌ژار و فه‌قیر و خۆشی له خۆ نه‌دیوه‌که‌ت ئه‌مه تاوانی بووه!
جا دایه گیان! لێم ببوره ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێ و تۆ حوکمی ئه‌م نیشتمانه‌ت دابێته ده‌ستی ئه‌م سه‌رۆکانه و ئه‌وانیش ئاوا له گه‌ڵ سه‌رده‌شت و سۆرانه‌کانت بکه‌ن، ئه‌وه ئیدی تۆ چیتر دایکی من نی و به‌سه‌ری سپیت سوێند ئه‌گه‌ر بکوژانی سه‌رده‌شت هاوزمان و هاوره‌گه‌زم بن که ئاواته خوازم نه‌بن، ئه‌وه بۆ یه‌که‌مین جار شه‌رم ده‌که‌م رۆڵه‌ی تۆ بم و هاوره‌گه‌زی ئه‌م بکوژانه‌ش بم!
جارێکی تر لێم ببوره دایکی نیشتمان زۆر توره و غه‌مبارم!
18-05-2010