سەردەشت:خوێنێکی پاکی ڕشت!
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە ناوەڕاستی هەولێری پایتەختی کوردستانی باشور لەبەردەم کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین ،خوێندکار و ڕۆژنامەنوسی گەنج و بوێر ، سەردەشت عوسمان لە پێش چاوی هاوڵاتیان و کۆمەڵێک خویندکار ،بە پیلانێکی داڕێژراو لە ٤ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ ڕفێنرا ، دوای ڕۆژێک لە ڕفاندنی تەرمەکەی لە ( ٥ ـی ئایاری ٢٠١٠ ) لە شاری موسڵ بە کوژراوی دۆزرایەوە و بەگوللەیەک کە لەنێو دەمی درابو تیرۆرکرا . سەردەشت عوسمانی تەمەن ٢٣ ساڵ خوێندکاری کۆلێجی زمانی ئینگلیزی بوو ،ئەو کۆتا ساڵی خویندنی بوو ،دوای ئەوەی خوێندنی بەسەرکەوتووی تەواو کرد،بەرهەمی خویندنەکەی نەخوارد و لەژێر سێبەری بڕوانامەکەی نە حەسایەوە ،ئەو هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە خۆی هەوڵی داوە بەدوای کاردا بگەڕیت و سەربەرزانە بژی و خۆی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی دابین بکات ،وەک زۆربەی خویندکارانی تر سوودی لە پشووەکان بینیووە و کاری تێدا کردووە . تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کپکردنی دەنگی ئازاد و ڕێگریکردن بوو لە جوڵانەوەی بوێرانەی ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانانی کورد ،تا ببنە بەربەستێک لە گەیاندنی خزمەتی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە بوێرانەوە لەڕێگەی کارەکانیانەوە . ئەو دەسەلاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد دەسەڵاتێکی قێزەون و کارێکی تیرۆرستانەی فاشیل بوو ،کە قەڵەمێکی لە نووسین خست و گیانێکی لە ژیان خست و دڵێک لە لێدان و خوێنێکی پاکی ڕشت ،فرمێسک جۆگەلەی بەست و قەڵەمی شاعیر و نوسەران کەوتنەکار ،بەڕادەیەک زیاتر لە ٤٠ هەزار تەنها نوسین و هەواڵ و راپۆرت و هتد ،لە سەرجەم دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵاوبوویەوە ،بو نوسین بینرا و بیستراو ،لەگەڵ هەندێک میدیای دەرەوەی کوردستان . دوای پێنج ساڵ لە تیرۆری سەردەشت عوسمان و هەروەها تیرۆری کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە و ڕفاندن و دەستگیرکردنی دەیان ڕۆژنامەنوسی تر و هەڕەشە و تۆقاندنیان ،وە تەقە کردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ ـی شوبات بەڵگەکان هێندە رۆشنن، کە ئەگەر دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و سەربەخۆ و دادوەر هەبوایە ، بەئاسانی دەتوانرا بکوژەکانیان و ئەوانەی بە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان هەستاون بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن. بەڵام تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی لەسەر تەخت بن و فەرمانڕەوایی بکەن بێگومان بۆمان دەردەکەوێت و دەزانین کە ئەو کارە ئەنجام نادرێت و کەیسی سەردەشت و ئەوانی تر هەر بەکراوەی دەمێننەوە . سەردەشت عوسمان لە دێڕێکیدا وتبووی ( تائهوکاتهی ماوین دهبێت قسه بکهین، ئهوکاتهی کهتهمهنیشم کۆتای دێت، باهاوڕێکانم خاڵێکم بۆ دابنێن وسهرلهنوێ بهدێڕێکی تر دهستپێبکهنهوه ) . هەزاران هاوڕێ و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و شاعیر و بگرە لەدەرەوەی کوردستان و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی میدیای کوردیش لەسەر سەردەشت عوسمان هاتنە دەنگ و ئەو خاڵەی سەردەشت عوسمان ئاماژەی پێدا دایان نا و دیسان لەسەرەتای دێڕەوە ئەوەی سەردەشت مەبەستی بوو نوسیان ،پەیامەکەی سەردەشت گەشت زۆربەی ڕۆژنامەنوس و هاولاتیان . هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنوسان ئازادیخوازان رۆژ لەدوای رۆژ پێداگری زیاتر دەکرێت لەسەر داواکاری دادگایی و بەسزاگەیاندنی بکوژەکانیان و ئەوانەی دەستیان هەبوو لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان . پاش بیست و سێ ساڵ فەرمانرەوایەتی کوردی باری ژیانی رۆژنامەنووسان بەرەو خراپی دەچێت و هەرەشەکان لەسەریان چڕتردەبنەوە چاو سورکردنەوە و تۆقاندن لەبری پاداشت بەکار دەهێنرێت ، ئەگەر هاتوو رۆژنامەنووسێک ویستی گەندەڵییەک ئاشکرا بکات بە بەڵگە و داتاوە بە بەڵگە و فایلی دروستەوە ، پێش هەموو شتێک بڵاوکردنەوەی هەرەشەیە لەسەر ژیانی ، لەجیاتی ئەوە هاوشانی ڕۆژنامەنوسەکە دەستبکرێت بە بەدواداچون لەسەر ئەو فایلە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت،دەست دەکرێت بەهەڕەشە و ترسان و تۆقانی ڕۆژنامەنوسان و پاشان ئەو لایەنەی پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵیەکەوە هەیە بەشوێن سەرچاوەی فایلەکەدا دەگەڕێن تا بزانن چۆن مەترسیەکی ئاوایان لەسەر دروست بووە و چووەتە دەرەوەی دەزگاکە ، هەندێک کات لەکاتی بڵاوکردنەوەی بابەتێک و دۆسیەیەکی گەندەڵی بانگدەکریین و داوامان لەسەر تۆماردەکرێت ،دادگاکان لەبری ئەوەی لێپێچینەوە لەگەڵ کەسی تاوانبار و گەندەڵچی بکات ، لێپێچینەوە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن چۆن شتێکی وامان دەست کەوتوە و چۆن دەتوانین بەشوێن ئابرو حەیای کەسانی وا گەورەدابین . ئەوە ڕۆژنامە نوسە ڕاستیەکان ئاشکرادەکات و دەیان گوازێتەوە لە ڕاگەیاندنەکاندا ،بەلام ئاکامی ئەمە هەر قوربانیدانی ڕۆژنامە نوسانە ،ئەگیان هەتا ئێستا دۆسیەی ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکان لەدادگادا بەکراوەیی ماوەتەوە . دەکرێت بڵێین ئەوەی ئێستا لە کوردستان بەرامبەر ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوس دەگوزەرێت ،سنوری ئازادی تێپەڕاندووە و لەچەند تەوەرێکی جیا جیا خۆی دەبینێتەوە ،لە ئێستادا ڕۆژنامەنوسیش دەکرێت حیزبی بێت و دەکرێت بێ لایەن ، ئەوانەشی حیزبین دابەش دەبن بەسەر لایەنی دەسەڵات و لایەنی ئۆپۆزیسیۆن .کاری ئەم ڕۆژنامە نوسانە جیاوازە،هەیە ئیش بۆ حیزب دەکات و گۆڕانکاری لە راگەیاندن و ڕاگەیاندراوی حیزبەکەی دەکات ، ئەوانەشی بێلایەنن زیاتر بەدوای ڕوداوی ڕاستی و گرنگ و واقیعی ڕوداوەکەوەن ،کاریان دەرخستن و پیشاندانی لایەنی شاراوەی هەر ڕوداوێک و هەر نادادپەروەریەک و سەرجەم ئەو ڕوداوە جۆراوجۆرەن کە ڕودەدات . هەندێک میدیا و میدیاکاریش ، کار دەکەن لەپێناو بەدەستهێانی مادەو بەرژەوەندی شەخسی و شاردنەوەی ڕوداو و پێشهاتە ڕاستیەکان . لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران میدیاکار و ڕۆژنامەنوسی تر هەن کار دەکەن لەپێناو گەیاندنی ڕاستی ڕێگریکردن لە گۆڕانکاری لە ڕوداو و پێشهاتە جیاوازەکان و پرسی کورد و گەندەڵی و داکۆکی کردن لە مافی هاوڵاتیان و ئازادی ڕادەبڕین و یەکسانی دەسەڵات و ئەرک و مافی هاوڵاتیان . ئاکار و ڕەوشتی ڕۆژنامەنوس گرنگی دانە بە یاسا و پاراستنی و لانەدان لێی ، ڕۆژنامە نوس دەکرێت بە پارەێزەرێکی تری نیشتمان ناو بنرێت،چونکە وەک چاودێرێکی هەمیشەی سەرجەم پرس و ڕوداوەکانی کۆمەڵگا وایە و دەبێتە ڕیگر لەبەردەم ئەنجامدەرانی کاری نادروست و ئەنجامدانی گەندەڵی لە نێو کۆمەڵگا و حکومەت و داکۆکیکردن و هەڵدان بۆ گواستنەوە و پیشاندانی ڕاستی بابەت . بەڵام بە پێچەوانەی پیشەی ڕۆژنامەنوس و بە پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و هەستنەکردنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ڕۆژنامەنوس .لە پێناو کپکردنی دەنگی ئازاد و ڕێگری کردن لە پیشاندانی لایەنی شاراوە و گرنگی پێشهات و ڕوداوەکان لەلایەن ڕۆژنامەنوس ،دەستدەکرێت بە ترسان و تۆقاندنی ڕۆژنامەنوس و هەڕەشە و تەشیر و جنێو سوکایەتی پێیان،لەسەر هەموشیانەوە ڕفاندن وپاشان لێدان و ئەشکەنجە و ئازاردان و تەنانەت تیرۆر و کوشتنیان .
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٤٣ گۆڤاری داهێنان ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە