خەیاڵێکی خوێناوی

sherzad hassanدەقی:شێرزاد حەسەن

لە چ شەوێکی تاریک و پڕلە بروسک و باران بوو کە گەرەکت بوو بە گەمەکانی خەیاڵێکی ئاگرینەوە،زستان لە ناو دڵی تەڕ و چۆڵەوانی رۆحە غەمبارەکەت ڕاو بنێت ؟

دەبوو لە ژێر رۆشنایی لە رزیوی چرا کزەکەدا پیتەکان کە دەبوون بە وشە …. وشەکان دەبوون بەستە و رستەکانیش بە پەرەگراف رژانی خوێنێک ببینیت کە لە بری مەرەکەب دەڕژا ..!

ئەی خەیاڵبازی ناموراد دەبوو ببینیت لەبڕی فاریزە و خاڵ و ئامرازەکانی پەیوەندی ،خوێن نەخشەی خەیاڵەکەت لەسەر کاغەز پەرت دەکات،لەجیاتی نیشانەکانی پرسیار و سەرسورمان،پەڵە و ماکی خوێن لەسەر تەختی تەوێڵ و لالێوی تەقیوو و سەر سینەت دەنەخشێنیت .. نەک هەر ئەوەندە و بەس بەڵکو ئەو ماک و پەڵەی خوێنە دوای کۆچی سوورت لەسەر پەڕەی رۆحی هەر هەموومان .. لەنێو دڵی کوتراومان وەک دەم و ددان و سینەی تۆ ..بەقەد خەون و خولیا و خەیاڵە خوێناویەکەت نیشانەی پرسیار و گومان و سەرسورمانت بۆ ئێمە جێهێشت ..!

sardashtosman4من رادەمێنم لە گوڵە سپیەکانی ناو باوەشت کە بەترسەوە گرتووتن نەکا بەدەستەوە هەڵوەڕێن وەک خەیاڵت ، مەگەر هەر خواوەندی عەشق خۆی بزانێت بۆ کام لەو کیژە خەمگینانەی ناو خانوە قوڕەکان دەتکرد بە دیاری … وای لە خۆم و خەیاڵ خراپێ …رەنگە بۆ هیچ کچۆڵەیەکیش نەبووبێت، لە گوینە تەنها چەپکە گوڵێکی سپی بێت و هیچی دیکە کە بتەوێت نائومێدی خۆت لە خودی عە شق بشاریتەوە،گوڵە سپییەکانی ناو چنگت شەرمی لاوێکی دەشتەکی دەشارێتەوە کە تازە هاتبێتە هه ولێرێ، وەڵێ هەرگیز ئەم گوڵە سپییانە بۆ کچی هیچ میر و بەگ و کوێخا و پادشایەک نەبووە…هەرگیز…کچانی کۆشک و تەلارەکان پێویستیان بە گوڵی هیچ کوڕە کەچەڵێک نییە. چ دەستکرد و چ خواکردە، من پیرم و چاوەکانم کزبوون لێتەوە دوورم، نابینم ئاخۆ گوڵەکانت لە باخێکی پەژموردەوە هێناون کە دوا رۆژەکانی بەهار وەک تەمەنت لە سەر پەڕی گوڵە سپییەکاندا رەش دادەگەڕێن و هەڵدەپرووکێن،یان چەند دانە گوڵێکی کاغەزین ،ئاخر ئێمەی کوڕانی ماڵە هەژارەکان لەکوێمان بوو گوڵی زەرد و سوور و سپی خواکوردە ؟

دزینی گوڵێکیش یان خەونێک باجەکەی خوێنی سەرە ..

(( باخچەی پاشا لەو بەری ئاوە ،

خێڵێ دوژمن دەورەی داوە،

دەرۆم رێگام لێگیراوە،

ناڕۆم، چاوکاڵ لێم تۆراوە ، ))

گوڵە سپیەکانت بەر لەوەی بگەنە ناو ئینجانەی دڵێک خوێناوی بوون و هەڵوەرین..! تۆ چۆن نەتزانی فڕینی خەیاڵ تا باڵەخانە بڵندەکانی خواپێداوەکان پێکرانی مەلێکی بەرزە فڕە کە ڕاوچییە دڵڕەقەکان کەوکوژی بۆی دانیشتوون، پەنجەکانی شایەتمانەیان وا بەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکان، گوڵلەیەک گڕ لە سینگۆڕکی بەردەدات ، خەیاڵ بەچەشنی کۆترێکی سپی دەنوک خوێناوی و بە پەڕ و باڵی هه ڵوەریوەوە هەر بەئاسمانەوە گەردەلولی غەرەزبێکی رەش لوولی دەدات و بەر لەوەی بکەوێتە سەر زەوی هەڵۆیەکی سووری چنگ قوڵاپی تێیدەورکێ و دوورتر لەو خەیاڵەی باڵی گرتووە رووە و ئاسمانێکی پڕ لەتەم و مژ و دووکەڵ دەیبات…هەمیشە سەرکێشی خەیاڵزەدەی هەژاری بووە ،هەمیشە نەبوونی ڕەگی هاری و بزێوی و مل لە چەقۆ سووینە.تۆ تا کوێ خە یاڵت فڕی ؟ تا کوێ ویستت لە سنورەکانی ئاگر وئاسن بپەڕیتەوە ؟ لە کوێوە دزینی شاگوڵێک بوو بە خولیات و شاجوانێک بەخەونت ؟ چ ئەفسانەیەک فریوی دایت…

کە لە شەققەی باڵ بدەیت و تا کەشکەلانی فەلەک بفڕیت…

(( بە باخچەی پادشادا ورد گەڕام، خوارو ژوور

زەرد هەبوو،بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور،

نازانم ئەمجارە دێیت بۆ شایی و هه ڵپەرکێ …؟))

پەریزادەی خەیاڵت زار دەکاتەوە و بەنازی پشکوتنی گوڵێکی دەگمەنەوە چ نازک و شیرین کەلام دەچڕپێنیت

(( نایەم..گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چە پکی !))

ویستت وەک کوڕە ئازای ناو داستانەکان کڵاوی((سەخرەجن)) بکەیتە سەرت و پاسەوانەکان نەتبینن و تەلیسمەکان بشکێنیت و گەمەیەکی ‌‌عاشقانە ببەیتەوە کە تەنیا لەناو هەقایەت و بەیتەکاندا دەبڕێتەوە…وەڵی هەیهات…هەیهات…خەیاڵێکە و چ ئاسان دەپێکرێیت..

(( ناتەوێت ئەم زامی سەردڵەم لە باتی ؟ ))

ئیتر تۆ کوژراویت و خۆش خەیاڵ و شاگەشکەی بەوەی شاگوڵی باخەکانی ناو خەونەکانت بەدەم گریە و شینەوە..دوای کۆچی سوورت…

((هەی هاوار ! تفەنگی دوژمن پێکاتی ؟

راکشی تاوێ سەر بنێ سەرانم

با بگریم بۆ دلێ،بۆگوڵێ دۆڕانم !…))

هاوڕێ هەڵوەریوەکەم…وەک((دۆن کیشۆت))چ کتێبێکی شەیتانی فریوی دایت کە سواری خەونی خۆت ببیت و بەشمشێرێکی دارینەوە پەلاماری هەرێمە حەرامەکان بدەیت،لەبەرانبەر دێوەکان و خێوەکانی ئەودیوی تەڵبەند و شوورا و دیوارە زۆربڵند و مەرمەرییەکان بجەنگیت،چ وشەیەکی پەنگرو چ رستەیەکی بوێر چ مانایەکی شاراوەی ناو رۆحە راچەنیوەکەت تۆیان برد تا ئاقارەکانی مەرگ ؟ کە لەوێندەرێوە جگە لەهاوارێکی کوژراو و خەیاڵێکی خوێناوی و ناڵە و نرکەیەکی دوای ئەشکەنجە و داکەوتوو لەتەک دوا هەناسەی تاساو لەسینەتدا هیچیان بۆ بەجێنەهێڵیت…هیچ…هه رهیچ !

چی وای لێکردیت خەیاڵ مەستت بکات کە وا مەزندە بکەیت کە دەنێو یەکێک لەباخچەکانی پادشادا سەوز و گەش و رازاوە لە هەر چوار وەرزەکەدا شازادەیەکی خەوتوو لەسەر پێخەفی گولچندا چاوەڕێتە ؟ پەریزادەیەک کە سیحرێک وای لێکردوە هەرگیزاو هەرگیز بێدارنەبێتەوە ،پادشاو دەست و پێوەند چاوەڕێتن بەماچێکی عاشقانە و حەکیمانە و گەرمی تۆ زیندوو بێتەوە و چاوەکانی دوو ئەستێرە ئاسا بدرەوشێنەوە ،پادشاش دەنێو خەنی و خۆشی چاوکردنەوەی کچە نەخۆشەکەی،رەنگ زەرد و لارەمل وەک گوڵە مێلاقە،سۆزی ئەوەت پێدەخشێت کچە تاقانەکەی دەقەبێڵی تۆبکات زەماوەندێکی شاهانەت بۆگەرم بکات..! نا ..دەشتی..نا ئەفسوس تۆ زاوای بەزام کوژراو.. بەدبەختی تۆ لەو خەیاڵە خۆشانەوە هات،ئەی فریوخواردووی دەست هەقایەت درۆزنەکان،کڵاوی(سەخرەجن) درۆیەکی دێرینە،شکاندنی تەلیسمەکان و پەرینەوەش لە پەرژینی دەوری بەهەشتی خوداکان کوفرێکی گەورە و نەبەخشراوە ! ئەومناڵە هار وهاج و بزێوە چۆن لە تۆدا زیندوو بۆوە کە بوێریت بپرسێت :

((هۆ دایکە..خودا و بەهەشتەکەی وا لەکوێدا بۆنایبینم؟))

((وا لەئاسمانێ…رۆڵە شیرینەکەم))

((ئاخر..ئەمن حەزدەکەم بیبینم!))

((ناکرێت جەرگی دایە..ناکرێت..کە گەورەبویت..پتر دەیناسیت.))

کەمەکێ گەورەتر و قولانجێکی دیکە باڵات کرد، هێشتا سمیێڵت گووگرە نەببوو، کەچی

خواوەندەکانی سەر زەمین کە ماڵەکانیان وەک چلچرا بەئاسمانەوە هەڵواسرابوون،سەرگەرمی عەیش و نۆش دەنێو قەڵاکاندا کەبەسەر گرد و شاخەکاندا دەردەوشانەوە،شەوانە رۆناهی چراخان ئەوەندە بەتین وتاوبوو کەتا گەڕەکی دۆم و قەرەج و پێی پەتی و دەرۆزەکەرەکان دادەرژا، وەڵی هەرگیز ئەو رۆشناییە نەدەگەیشتە کەلاوەکان و دڵە تاریک و داڕماوەکانی ئێوە هەرگیزاو هەرگیز .

قولانجێکی دیکە باڵات کرد ..

((دایکە..ئاگات لێیە.. هەمیشە ئەوان لەبڵندایی و ئێمەش واین لەنێو کەندو لەندەکاندا..؟))

((خوا پێداوان کزەی جەرگەکەم.. ئەوەندە پرسیاری سەرە خۆرە مەکە . ))

((ئەوانی خۆشتردەوێت..دایکەبۆنەیدابە ئێمە ؟ ))

((حیکمەتی ئیلاهییە…کوڕەکەم ئەوەندە بیژمۆت مەبە..جەرگم مەسوتێنە..ئەم سەرە سەری خۆت نیە.داسەکنێ !))

وای لەدایکت..رەنج بەخەسارێ…وای لەخوشکە شەرمنەکانت..هەش بەسەرێ..

((هۆدایکە..کە گەورەبم وەک هەقایەتی کوڕە کەچەڵ دەبمە عاشقی شازادە یان بەگزادەیەک ؟))

ئەوە هەقایەتە..هەقایەتیش پرە لە درۆ و شتی سەیروسەمەرەیە..فەراقە وجحێڵتر بوویت،بەرلەوەی لەحیکمەتەکانی ئاسمان و سەر زەمین تێبگەیت،بەرلەوەی یەکەمین چیرۆکی پر لەخەیاڵ و درۆزنانەی عەشقێکی ناکام بگێڕیتەوە، زار و زمانیان لێسەندیتەوە، کەچی( شەهرەزاد) هەزار و یەک شەو بە گێڕانەوەی هەقایەتەکان و خەیاڵەکانی خۆی شەهریار”ی سەرمەست کرد،شەهریار_ێک کەخوێنی سەدەها بووکی یەک شەوەی وەک پێکە شەڕابەکان خواردەوە، کەچی رۆحی شەهرەزادی بەخشی و سەرفرازی کرد،کەچی لەم مەملەکەتە بێ خەون و خولیا و خەیاڵەدا،مەملەکەتی خوێن و خەم،شە هریار_ێک نادۆزیتەوە شاگەشکە و بەخشندە بێت لەبەرانبەر حەقایەتخوانێکی خۆشخواندا..بەرلەوەی بڵێت هەبوو.نەبوو..کەس لەیەزدان و پاشا گەورەتر نەبوو،،کۆتاییت هات..!

بەرلەوەی یەکەمین سێوی حەرام بخۆیت،بەرلەوەی زارت بەقسەیەکی ئاگرین بکەیتەوە.. پشکۆیەک زمانتی سوتاند،لەگەل یەکەمین پرسیاری سەرەخۆرەت پێشبینی دایکت هاتەدی ..

“رۆڵەکەم ئەم سەرە سەری خۆت نیە !”

ئۆو..هەر وەکو منداڵە پاک و بێ نازەکەی ناو چیرۆکەکەی “ئاندرسن”هاوارت کرد ..

“هۆ میر و پادشاکان ئەنگۆ رووتن !”

سەرنگومیان کردیت..یەکەمین گومان و پرسیار کە لە زارتەوە وەک دوو تنۆک خوێن داکەوتن،لەتەقینەوە و شەقژنی گوڵلەکان لەناو دەمتدا بەئاستەم و دووبەرا گوێمان لێبوو

“پادشام ئەنگۆ هیچتان لەبەردا نیە”

یەکاندەردوو هەر هەموو دەرگەوانەکان و پێوەند و شاعیرانی دەربار و یاساوڵەکان و وەزیر و گزیرەکان..هەر هەموو بەرگدرووە درۆزنەکانی وڵات بەدەم ژاوەژاو و هەراوە دەنگیان هەڵبڕی..

“گەورەم..منداڵە و کاڵفافە،ئەوەی لەبەر تۆدایە بەرگێکی ئەفسوناوییە !”

وای لەتۆ..وای لەتۆ کە دەتویست منداڵانە بەدەم بای غارەوە خۆت لەبن دەست و پێی هەر هەمووماندا خۆت بشاریتەوە و سادە و ساکارتر لەرۆحی ساوات بەدەم قریوەوە بیدرکێنیت..

” سا بەسەری دایکم..هەمووتان ڕووتن .”

من یاخەی کراسە سپیەکەت دەبینم کەتا سەرسینەت خوێنی هەڵمژیوە، جێگەی کەڵبەی دڕندەیەک بەسەرلاملی چەپتەوە..نا..نا..لەجێ قەپی ئادەمیزادێک دەچێت کەلە منداڵییەوە ڕەوە گورگێک پێکەوە بەخێویان کردبێت،برینی جێگازێک بەلای لێوی هەڵتەقیوت،جێ جرنووقێک بە لاجانگەتەوە کە مەحاڵە بزانم کە هی کام یەكێک لەدڕندەکانی ناو ئەو جەنگەڵەی پشت ماڵمانە !..

چ خولیایەک بوو کە تاوەکو هەرێمی خەونە حەرامەکان تۆی برد ؟ چ خەیاڵێکی خوێناوی بوو کە تۆی خنکاند و ئەو هەموو خەم و حەسرەتەی دەنێو دڵەکاندا بارکرد و ئەو هەموو دڵانەی هەڵڕشتە سەرجادەکان و ماڵەکان و کوڵانەکان کەخوێن دەدەڵێنن ..

وای لەمن رەج بەخەسارێ .. تۆ ئۆغرت کردو نەتزانی چەندە چاوەڕێت بووم،نەتزانی دوا خەتی من چیبوو کە هەتا کۆچی سوریشت وام لێناکات شەرمم بکەم و بیشارمەوە،تۆ بەم خەیاڵە خۆش و هەم جەهەننەمییەت منیشت سووتاند.. ئاخر دەکرا..دەکرا.. هۆ ئەندیشە بازی لاو چاک کەمەکێ کۆچەکەت دوابخەیت، دەکرا لە کوێرە گوندێکی پڕ لە کوخت و کۆلیت و کەلاوەی شان شکاو بەحاڵ بە پێوە وەستاو چ لەبناری سەفین یان پێدەشتی هه میشە غەمگینی قەراج و کەندێناوە کچان و کوڕانی تازە سەر هێلکە داهاتوو کە بەرلەوەی پەڕوباڵ دەربکەن،حەزبەفرین دەکەن، دەکرا لە قوتابخانەیەکی گڵیندا،بەرتەنگ و چکۆلانە کە دیوارەکانی ئەوەندە لەیەکتری نزیکن و بنمیچەکەی ئەوەندە دواکەوتووە کەلەگویندا بێت پەراسووەکانی منداڵەکان بشکێنن،ئەوەندە تاریک کە وشەکانی سەر تەختەرەش نەبینن،دەکرا بەو خەیاڵەوە خۆشە و بەو چرا داگیرساوەی رۆحت پۆلەکانت رووناک بکردایەتەوە،دیوارەکانت دوور بخستایەتەوە لە دەندە و پەراسووی قوتابیەکان،بنمیچەکەش کەلەوەدایە بروخێت بەسەر کەلەسەری وەک هێلکە ناسکیان،دەکرا دەستێکی بدەیتە بەرو رایبگریت،بەدەستەکەی دیکە لەسەر تەختە رەشەکە یەکەمین وانەی(خەیاڵ)یان پێ بڵێیتەوە،وانەی یەکەمی فرین و روانین تامەوداکانی ئاسۆی بەربەرین بەومنداڵانە بڵیتەوە کە کەم و زۆر لەسەر دەستی ژمارەیەک لەباوکەکان و مامۆستاکان و مەلاکان و سیاسەتبازەکان خەون و خەیاڵیان کوژراوە،لە بڕی پەنجەرەیەکی چکۆلانە،دەکرا چەندین پەنجەرەی گەورۆنە دەنێو رۆحیاندا بکەیتەوە،چەندین چاوی دیکەیان بۆ قەرزبکەین کە وەک چاوی هەڵۆ تیژ و دووربین و وەک چاوی چۆلەکەش ئاسا کە هەر چوار دەوری خۆیان ببینن .

دەکرا نەهێڵیت وەک نێچیرێکی شکەستەباڵ چەند راوچییەک بیانخەیتە ناو تەڵە و داوەوە،دەکرا فێریان بکەیت کەخەیاڵی خوێناوی ڕاوکەرەکان بخوێننەوە،خەیاڵی کوشتن و ڕاوکردن. ئەو خەیاڵ کوژانە مەکتەب بە “جێراوگەی شەیتان”دەزانن و خەیاڵیش بە گەمەیەکی شەیتانی و رەش کەتەنیا ئیبلیس خۆی دەزانێت دەمانباتەوە سەر چ مەملەکەتێکی پڕ لە کتێبە قاچاغەکان و سوورەکان .

دەکرا هاورێ وەک”سەمەندی بەهرەنگی”ی چیرۆکنووس کە مامۆستای یەکێک لەکوێرە گوندەکان بوو کەتەنیا لەسەر یەکەمین وانەی”کوژرا کە تیادا وتبووی..

“گەرنان هەیە،هەقە بۆ هەمووان بێت،گەرنان نیە،هەق وایە هەر هەموومان پێکەوە برسیمان بێت !.”

دەکرا دووەمین وانەی تۆش وانەی (نان)بووایە،ئاخر (خەیاڵ) کەتۆی بەکوشتندا ترسناکترین وانەیە لەمەملەکەتی پیاوە_داهۆلەکان…داهۆلەکان بێ خەون و خەیاڵن . ئەو پیاوانەی مەلەکان دەکوژن بەحەواوە، بە تەنیا تەماعێک نیە بەگۆشتی تورت و بەتامیان بەڵکو ترسێکە..ترسێکی کوشندە لەفڕین و باڵگرتنەوە و باڵکردنەوە بۆخەیاڵ . ترسە لەوەی وەک نەورەسەکەی “باخ”بە تەنیا بەرز بفریت و خۆت لە پۆلە نەوڕەسی نزم هەلفڕیو جیابکەیتەوە .

یان ترسە لەلادانی بزنە شێت لەراستە رێگا هەڵەتەبوون بەکوێرە رێگاداو خواردنی گیای حەرام و خۆجیاکردنەوە لە مێگەل..!

لەئاکامیشدا قۆچ شکاندن..

تۆ چۆن وێراویت خۆت بە”ئیبراهیم”بشوبهێنیت و گوایە گەرەکتە بتەکان بشکێنیت،لێرەدا هەنوکە “ئیبراهیم”ە کان بۆیان هەیە چەقۆ بخەنە سەر (ئیسماعیل)ە کان، جگە لە گوێرایەڵی بۆفەرمایشتە رەهاکان،کوڕەکان بۆیان نییە چاوان هەڵبێنن و بپرسن :

“باوکە..بۆچی و بۆکێ دەمکەیت بە قوربانی ؟”

چما تۆ نەتدەزانی تۆ خۆت ئیسماعیل_یت،پرسیارێکی وا خوێناوی یەکێکە لەکوفرە گەورەکان،گەرچی یەزدان هەر زوو فریای ئیسماعیل کەوت و لە بڕی خوێنی ئەو،قوربانییەکی لەئاسمانەوە نارد،وەلێ تۆ کە نەوەی پەیامبەرەکان نیت،ئیسماعیل_ێکی تەنیابویت و سەد چەقۆش بەسەر گەردنتەوە سەمایان ئەکرد ،هیچ فریشتە یان شەیتانێک فریات نەکەوت..قوربانیەکان وان بەڕیز وەستاون و مل لە موو باریکترن، ئیبراهیمەکان خۆیان تیغەکانیانەوە چاوەڕێن..!

وای لەخەونی خراپ..خەونێک کە گێڕانەوەی باجێکی گەورەبوو..باجێک خوێنی سەربوو،خۆتۆ”یوسف”نەبویت تاکو بلێیت،هۆ باوکە من خەونم بینی کە یازدە ئەستێرە و مانگ کرنوشیان بۆبردووم”کەچی بەغالەت و ئیرەیی براکانی کوێر کرد و ..وتیان،”باوکە یوسف لەگەل خۆمان دەبەین بۆسەیران”لەو سەر بەبێ یوسف بەکراسە خویناوییەکەوە گەڕانەوە..

“باوکە..گورگ خواردی..!”

یوسف وەک تۆ نەبوو بەختی یاربوو،خوداخۆی یاوەری بوو لەبنی بیرێکەوە بۆ کۆشکی شاهانەی غەزیزی میسری و شەیدایی زولیخا..”یەعقوب”ی باوک کوێرایی داهات ئەوەندە بگری…

وەڵێ تۆ..ئەی توسف_ی تەنیا و ناموراد و ئافەرۆز،تۆ نەک کراسێکی خوێناوی، تۆ وەک یوسف_ێک کە سەدەها خەون و خولیا لەناوچاوانیدا کوژرا بن، لاشەیەکی شەڵاڵ لەخوێنت گەڕایەوە بەردەمی باوکە،نە مەردوومەکانی سەرزەوی فریات کەوتن،نە تۆلەلەپشتی پێغەمبەرەکانەوە داکەوتبووی تاوەکو لە زریکەی یەکەمی زانەوە تا گەیشتن بەتەختی پادشاهی یەزدان خۆی یاوەرت بێت…هەناسە بەهەناسەت…هەنگاوبەهەنگاو..تۆکەچی تۆ..هەر بەراستی ڕەوە گورگێک لەت و پەتی کردی..

هۆ فەرزندەی فریو خواردووی هەقایەتەکان، گوێ ئاگردانی داپیرە ددان کەوتوەکان.. داستانەکان خشتەیان بردیت،واتدەزانی گەورە دەبیت و هەر وەک کوڕە کەچەڵ دەکەویتە ناو مەملەکەتێک کە ئان و سات پادشا مردووە و باز هەڵدەدەن،بازیش لەسەر سەری کێ بنیشێتەوە تەخت و تاجی پادشا بەمیراتی بۆ ئەو دەبێت،تۆش گەداو گەڕیدە و رێبوارێکی وێل، بەتەماع و خەونی تاج،فریو خواردوو بە هه قایەتەکانی نەنکت و ئەوە خوایە بازەکە لەسەر سەری تۆ بنیشێتەوە، کەچی بازی تاین هەڵدرا رووەو ئاسمان،بەسەرسەری هەر هەموو حەشاماتی چەندین جار بەرز و نزم هەڵفری و خولایەوە… هەر هەمووان سەرسام و چاو لەمۆڵەق و چاوەرێ،تا دواجار بازەکە وەک تیرێك لەکەوان دەرچوو.. تیژ و هار و رووەو تۆ بەتاو دابەزی،خۆشی لەخۆت..ها ئیستا نا..ها تۆزێکی دیکە لەسەر سەری قەلەندەرێکی وەک تۆ دەنیشێتەوە و تەخت و تاج حەڵاڵتە و کچی پادشاش لەباخڵتە…

وەلێ ئەفسوس…دیسانەوە بەختی ناپوختت نەیهێنا..بەدەرو دوور لەهەمو هەقایەتەکانی نەنکت..بازی تاین وەک فڕندەیەکی شەیتانی و برسی بەخوێن و گلێنەی چاوەکانت،بەدوو دەنوک وەشاندن چاوەکانتی هەڵکۆڵی و سۆماییت رژاو هەردوو گڵێنەی چاوەکانتی بەوردترین دەماوەرە لەڕەگەوە دەرهانی و فڕاندی..کوێری کردیت.. هەتا هەتایە تۆی بەتاریکی سپارد،تا هەنوکەش کەس ئەو بازەی نەدۆزییەوە ،تۆش تا ماویت گەڕیدەیەکی وێل..نابینا و رووت و رەجاڵ رێگاکان تەی دەکەیت و بۆ گڵێنەی چاوەکانت دەگەڕێیت..هەزار ئەفسوس.

١٣/٥/٢٠١٠/سلیمانی

Leave A Reply

Your email address will not be published.