لە یادی شەش ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان،کوردستان پڕە لە کەیسی تاوان و تیرۆر

Lawzha_Jawadلاوژە جواد:

ئەگەر چاویک تەنها بەمێژوی 25 ساڵی ڕابردوی حیزبەکانی ناسیۆنالیستی کوردو ئیسلامیەکان بخشێنین پڕە لەخوێن ڕشتن. یەک لەدوای یەک تاوان کراوە.
سەیرکەن نەزیر عمر لە بادینان تیرۆر کرا تۆمەتبار دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە بوو بەڵام کەس دادگایی نەکرا. هاوڕێ سۆران تەرمەکەی بەسەیارەوە ڕاکێشرا لەناو شاری سلێمانی، شەڕی ناوخۆ بە سەدەهاو هەزارها خەڵکی بێتاوانی کردە قوربانی. حەمەی حەلاق و هاوڕێکانی تیرۆر دەکرێن بەڕۆژی ڕوناک لە بازگەی کۆیە بەبەرچاوی خەڵک، شاپورو قابیل لە هەولێر لەناوجەرگەی شار تیرۆردەکرێن، لە شاری هەولیر پەلاماری چەند لایەنێکی سیاسی نزیک لە پەکەکە دەدرێت و ئێستاش هەندێکیان بێسەروشوێنن.
لە ساڵی 2000 بە بڕیاری سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکیەتی پەلاماری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی دەدرێت و قەتل و عام دەکرێن.
سۆران و سەردەشت و کاوەو عبداڵرزاق شەریف تیرۆر دەکرێن، لە 17ی شوبات و ڕۆژانی دواییدا 11 کەس دەبنە قوربانی، لەم رۆژانەی دواییدا دوو هەڵسوڕاوی پەکەکە لە پێنجوێن بەدوای فراندنیان بە تیرۆرکراوی دەدۆزرێنەوە.
بە هەزارەها ژن هەر لەسایەی ئەم دەسەڵاتە بوونە قوربانی کەلتوری قێزەونی پیاوسالاری و زۆربەی تاوانباران وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچون.
ئەمانەو چەندین تاوانی تر کە بەدەستی ئەم حیزبانە ئەنجامدراون، بەڵام نەک هیچ کەس دادگایی نەکراوە بەڵک و تا ئێستاش هەر دەسەڵاتدارن.
من ئەوە بە زەنگێکی زۆر مەترسیدار دەبینم تاوانبارە سەرەکیەکان سەرۆکن و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، یاخود بە قارەمان و ڕزگارکەر دەناسرێن وە هەندێکیان پرسی مافی مرۆڤیشیان بەدەستەوەیە.
پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا خەڵکی کوردستان ئەوەی قبوڵکردوە کە تاوانباران و ئینسانکوژان دەسەڵاتداربن و حوکمیان بکەن؟ ئەوە ڕاستە ئەوان بە میلیشیا خۆیان سەپاندوەو پێویستیان بە تیرۆر هەیە بۆ چاوترساندنی خەڵک، بەڵام ئەی ئەوانەی ئەمرۆ بە قارەمان و فریاد ڕەس دادەندرێن چی؟
ئایا خەریک نییە تیرۆرو تاوان ئاسایی دەبێتەوە لە کوردستان و لەلایەن خەڵکەوە بەبێ هیچ سزایەک تاوانباران قبوڵ دەکرێنەوە ؟

٤\٥\٢٠١٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.