چوار دایک، یه‌ک چیرۆک
دوابینین و دیداری سۆرانی مامه‌حه‌مه و دایکی، زیاتر له چیرۆکێک ده‌چێت که‌سینارستێک، بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمێک نووسیبێتی، نەک به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه.
کاتێک سۆران دایکی ده‌باته نه‌خۆشخانه بۆئەوەی سه‌ردانی خزمێکیان بکات، له‌گەڵ گه‌یشتنی به نه‌خۆشخانه دایکی بەجێدەهێڵێت و خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، دواوته‌کانی دایکی سۆران بۆ کوڕه‌که‌ی ئاگادارکردنه‌وه‌یەتی، له‌وه‌ی که ئاگای له‌خۆی بێت.
“کاره‌ساته تراژیدیاکه لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات”
لەوکاتەدا کە دایکی سۆران لەلای نه‌خوشه‌که ده‌بێت له‌ناکاو هاوار و قیژەی گریان و کۆمه‌ڵێک ژن و پیاو باڵ به‌سه‌ر نه‌خوشخانه‌که‌دا ده‌کیشێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی گریانی کوڕ و برازا و سینه کوتانی کچه‌کانی خۆی بناسێته‌وه، دواتر له ژووره‌که دێته دەرەوه له په‌رستاره‌کان ده‌پرسێت چی ده‌گوزه‌رێت ؟ له وه‌ڵامدا په‌رستاره‌کان ڕێنوێنی ده‌که‌ن که بچێته‌وه ژوره‌که‌ی و پێی ده‌ڵێن “کوڕێکیان کوشتوه” ئه‌ویش دەگەڕێتەوە ژوره‌که و به نه‌خۆشه‌کان ده‌ڵێت کوڕێکیان خه‌ڵتانی خۆێن کرد‌وه و دیسان ڕۆڵه‌یه‌کی ئه‌م نشتیمانه‌یان کوشتووه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی جگه‌رگوشه و ئازیزەکەی دڵیه‌تی و له‌به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه به‌ده‌ستڕێژی گوللـه‌ی چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراو گیانی سارد کراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌یه‌کێک له که‌سه نزیکه‌کانی دێت و بە دایکی سۆران دەڵێت، با بڕوینە‌وه سۆران شه‌هیدکراوه، ئیدی ئه‌و دایکەی کوڕه‌کەی به‌زیندویی گه‌یاندبوویە نه‌خوشخانه، له‌گه‌ڵ لاشه‌که‌یدا ده‌چێته‌وه بۆ ماڵەوە.
“له بکوژه‌کان خۆشدەبم”
دوای هه‌شت ساڵ له شه‌هیدکرنی جگه‌ر گوشه‌که‌ی، که‌ته‌نها ٢١ به‌هاری ته‌مه‌نی بەڕێکردبوو، دایکی به سەرپۆشێکی سپی و جلێکی کوردیه‌وه له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌یەک له ژوورێکدا که په‌رتووک و بڕوانامە و دیاری و جله‌کانی سۆرانی وه‌کو یادگاری تێدا هەڵگیراوە دەژی، ژورێک که بۆنی سۆران له قاته کوردیه‌که‌یەوه که فریانه‌که‌وت بیکاته به‌ری، له ژێر درزی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه، به‌حه‌سره‌تی سه‌ره‌دانکردنی هاوڕێکانی ئاهێکی ته‌نهایی و هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هەڵدەکیشێت.
ئه‌وه‌ی که‌سه‌رنجی ڕاکیشام له‌م دیداره‌دا، ئه‌وە بۆ کەدایکی سۆران وتی “ئاماده‌م له بکوژه‌کانی کوڕەکەم خۆش ببم، به‌مه‌رجێک بکوژه‌کانی بێن و پێم بڵین که بۆچی جگه‌ر گوشه‌که‌میان کوشت و ئه‌وانه‌شی که له پشت شه‌هیدکردنەکەیەوەبوون ئاشکرای بکه‌ن”.
“ساتی ڕوح ده‌رچوون له‌باوه‌شی دایکیدا”
ئه‌و که کوڕه‌که‌ی له باوه‌شی خۆیدا به‌فیشه‌ک سارد کرایه‌وه، هێشتاش وه‌کو خەونێک له زهنیدا ماوه‌ته‌وه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، ئێستاش دیمه‌نی شه‌هیدکردنی کاوه وه‌کو ئه‌هریمه‌نێک یه‌خه‌ی ماندوێتی ته‌مه‌نم به‌ده‌ست ڕاکه‌ڕاک و ژیان بەرنادات، شه‌وانه سه‌رینه‌که‌ی ژێر سه‌رم به‌کوڵێک فرمێسک ته‌رنه‌کەم چاوه‌کانم ناخه‌ون.
“له‌دایکبوونی ئامه‌د”
تاکه شتێک که ئارامی به‌دڵه‌ماندوه‌که‌ی ده‌به‌خشێت ئامه‌دی کوڕی کاوه‌یه، ئامه‌د بەبێ ئه‌وه‌ی بزانێت داپیره‌ی بۆچی له‌سه‌ر گۆڕی باوکی ده‌گری به به‌رچاوی ئێمەوه وێنه‌ی کاوه‌ی باوکی له‌سه‌ر کێله نه‌خشێنراوەکە ماچ ده‌کات.
له‌سه‌ر گۆڕی کوڕه‌که‌ی، دایکی به‌ئێن ئاڕ تی وت “ده‌مه‌وێت ئامه‌د هه‌مان ڕێچکەی باوکی بگرێته‌به‌ر و ببێت به ڕۆژنامه‌نووس، به‌ڵام هه‌رگیز پێی ناڵێم که باوکت شه‌هیدکراوه، به‌ڵام هه‌ر ده‌یزانێت، له‌سه‌ر گوڕه‌که‌ی به‌جلێکی گەرمیانیەوە به‌ده‌م لاواندنه‌وه‌وه ده‌سته‌کانی ڕوو له ئاسمان سکاڵاکه‌ی لای خوا ده‌کات و داوا له‌یەزدان ده‌کات حه‌قی ئه‌و بسێنێت.
“برینی دڵم بە له‌توپه‌تکردنی بکوژه‌کان ساڕێژده‌بێت”
به‌پێچه‌وانه‌ی دایکی سۆران، دایکی کاوه به‌ئێن ئاڕ تی وت “ئەگه‌ر بکوژی کوڕەکەم بکه‌وێته ده‌ست، ئه‌وا کوت کوت و ڕێزە ڕێزەی دەکەم و هه‌رگیزیش لێیان خۆش نابم”.
دڵی ئه‌م دایکه به‌شێوه‌یه‌ک زامداره به‌کوشتن و له سێداره‌دانی بکوه‌ژەکانی کوڕەکەشی بڕینه‌که‌ی سه‌ر دڵی ساڕ‌ێژ نابێت، هه‌موو دنیا لای ئه‌و به‌بێ بوونی کوڕه‌که‌ی له بیابانێک ده‌چێت، کە نه قومێک ئاو ده‌ست ده‌که‌وێت بۆ شکاندنی تینوێتی و نه‌سێبه‌رێک بۆ پشوودان.
دایکی وه‌دات وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌نگێک له ئاسمانه‌وه خه‌به‌ری دابێت که‌سه‌فه‌ربکات تا مه‌رگی کوڕه‌که‌ی نه‌بینێت، ٢٢ ڕۆژ بوو سه‌فه‌ری ئامه‌دی باکوری کوردستانی کردبوو، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت “بیرکردنێک بیری هه‌موو منداڵه‌کانم ده‌کرد تامه‌زرۆی باوه‌شێکیان بووم له‌ناویشیاندا وه‌دات”.
جیاوازی وه‌دات له چاوی دایکیدا له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی دیکه‌ی ئەوە بوو، کە وەدات کاروباری ڕۆژانه‌ی ماڵه‌وه‌یانی به‌ڕێده‌کرد و کوڕێکی گوێڕایه‌ڵ و زیره‌ک و له‌سەرخۆ بوو، وەک دایکی دەڵێت.
دایکی که‌بیست و دوو ڕۆژ له چاوه‌ڕوانی باوه‌شێکی گه‌رمی کوڕه‌که‌یدا بوو، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوور وه‌دات پێشوازی لە دایکی بکات هەواڵی شەهیدکردنی وه‌دات له غوربه‌تدا، سه‌فه‌ره‌که‌ی تەعزێ بارده‌کات، شه‌وێک پێش شه‌هیدبوونی وەدات به‌تەله‌فۆن قسه‌ی له‌گەڵ دایکی کرد‌وه، پێی وتووه که به‌دڵی خۆی بێته‌وه خه‌می ئه‌وانی نه‌بێت، دایکیشی دواقسه‌کانی بۆ کوڕه‌که‌ی خه‌می هاوسه‌ره پیره‌که‌ی خۆی خستوەته ملی وه‌دات که ده‌بێت ئاگاداری باوکی بێت بێ‌ئاگا له‌وه‌ی کێ ئاگای له‌وه‌دات بێت کە کومه‌ڵێک بکوژ به‌دوایه‌وه‌ن.
دایکی وه‌دات به‌قورگێکی پڕله‌گریان و دونیایه‌ک حه‌سره‌ت له‌چاوانیدا بە ده‌ستێکی به‌تاڵ و ته‌مه‌نێک له لێواری ئاوابوون به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆی به‌ئه‌سته‌م ده‌نگی دەرده‌هات، چیرۆکی ژیانی وه‌داتی بۆ گێڕاینه‌وه.
دایکی له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی ده‌یان جار به قوربانی سمێڵ و ڕیشه‌که‌ی بوو، ده‌ستی بەسه‌ر سمێڵە ڕەشەکانیدا دەهێنا به‌بێ ئه‌وەی موه‌کانی قژو ڕیشی بێن به‌ده‌ستیەوە، به‌ساقه و حه‌یرانیان ده‌بوو.
“بۆ بەو شێوازە تۆیان کوشت و په‌نجه‌کانی تۆیان شکاند بۆ چاوه‌کانی تۆیان کوێرکرد و شیشیان کرد بەسکتدا، چه‌نده بێویژدانانه بوو کوشتنی تۆ.. ئاخ با بە مەردانه به فیشه‌کێک تۆیان بکوشتایه، نه‌ک به‌و هه‌موو ئازارەوه، ئه‌و له‌شو‌لارە ناسکه‌ی تۆ کوا به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌شکه‌نجه‌دانه ده‌گرێت” دایکی وه‌دات له دیداری کوڕه‌که‌یدا له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی وای وت.
“ئێمه‌وه‌ک بکوژه‌کانی وه‌دات نین”
دایکی وه‌دات هه‌م دڵنه‌وایی خۆی ده‌داته‌وه و هه‌م ڕووده‌کاته بکوژه‌کانی و پێیان دەڵێت ئێمه وه‌کو ئێوه‌نین، هه‌موومان کوڕ و کچی کوردانین ئه‌گه‌ر ئێستا بکوژەکانی بکه‌ونه ده‌ستمان لێیان خۆشده‌بین، ناتوانم ئه‌وان بکوژمه‌وه، چونکه ئێمه موسڵمانین کوا موسڵمان وا له‌گه‌ڵ برای خۆی ده‌کات، دایکی وه‌دات خودا دەکاته دادوه‌ر و دەڵێت، خوایە ئه‌و زوڵمه قبوڵنه‌کەیت و ئه‌و ده‌پارێته‌وه کە هیچ دایکێک به‌و شێوازه جه‌رگ سوتاو نەبێت، حه‌سره‌تی زاوابوونی ئه‌و ده‌باتە ژێرگڵ، وه‌ک خۆی ده‌یڵێت.
دایکی وه‌دات به‌ده‌م دوعاکردن و سەڵاواته‌وه سکاڵاکانی به‌ره و ئاسمان به‌رزدەکاته‌وه و داوا له‌خودا ده‌کات، له‌م تاوانه‌خوش نه‌بێت، دەڵێت “ئه‌م ئازاره جەرگمی له‌ت له‌ت کرد و ئه‌ژنۆکانمی شکاند، به‌م ته‌مه‌نه‌وه هاوارێک له خودا دەکه‌م که هه‌رگیز هیچ دایکێک به‌و شێوازه جه‌رگ سوتاو نه‌کات و حه‌سره‌تی زاوابوونی ئه‌و ده‌به‌مه ژێرگڵ” دایکی وه‌دات له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی وای وت.
له ئێواره‌یه‌کی دره‌نگدا له گه‌ڕه‌کێکی شاری هه‌ولێر، له ماڵێکی کپوخامۆشدا دایکێکی ڕه‌شپۆش لەگەڵ هاوسه‌رێکی گۆچان به‌ده‌ست و سه‌دان یادگاری تاڵی له‌بیرنه‌کراو کە له پشت په‌راسوه‌کانی هه‌ست به ژانێک ده‌که‌یت که ڕە‌نگ و بۆنی کوڕه نازداره‌که‌ی تێدا حه‌شارداوه، ئاگرێک له سینه‌یدا داگیرساوه به بارانی هیچ زستانێک دانامرکێته‌وه، شین و واوه‌یلای ئه‌و بۆ کوڕه‌که‌ی نه‌سنووریان هه‌یه و نەڕۆژگارێک بۆ کوتایی هاتنیان، ئەو دایکی سه‌ره‌ده‌شتە که ئیستاش وێنه‌کانی جگەرگۆشەکەی به‌دیواری ژووره‌که‌یدا هه‌ڵواسراون.
دایکی سه‌رده‌شت باس له نازداری کوڕه‌که‌ی بۆ ئێن ئاڕ تی ده‌کات، ئه‌و ده‌ڵێت “کوڕه‌که‌م هێنده نازدار و بەڕه‌حم و له‌سه‌رخۆبوو هه‌رگیز بۆ ساتێکیش نه‌لێم توڕەبووه و نه‌دڵمی شکاندوه و نه‌براکانیشی ئازارداوە، ئه‌و هه‌میشه که ده‌هاته‌وه بۆ ماڵ دوای نانخواردن یه‌کسه‌ر ده‌چووە ژورەکەی خۆی و به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی کتێب و ڕۆژنامەوە تا دره‌نگانی شه‌و ده‌مایه‌وه زۆرجار پێمده‌وت واز له‌و نوسین و پینوسه‌ت بێنه کوڕی خۆم سه‌رت له‌سه‌ری داده‌نێیت، به‌ڵام بێسودبوو”.
سه‌ره‌ڕای چه‌ندینجار ئاگادارکردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دایکیەوە، ئاخۆ هیچ کێشه‌یه‌کی هەیه به‌ڵام سه‌رده‌شت ڕه‌دیکردوەته‌وه که هیچ کێشه‌یه‌کی هه‌بێت، دایکی سەردەشت وای وت.
دوا خواردنه‌وه‌ی چای ده‌ستی دایکی ئه‌وبه‌یانیه بوو که سە‌ر‌ده‌شت به‌ره‌و زانکۆ دەچێت و دوای ئاگادارکردنه‌وه‌ی دایکی له‌لایه‌ن هاورێکانی که بۆچی سه‌رده‌شت نه‌هاتووه بۆ زانکۆ، ئیدی دڵه‌راوکێ و ترس سه‌رتاپای ئه‌م ماڵه داده‌پۆشێت، لەوکاته‌وه دایکی ده‌که‌وێته دوای هه‌واڵ پرسینی، به‌ڵام بێ‌سود ده‌بێت، ماوه‌ی دوو ڕۆژ و دوو شه‌و بێ‌دار و سه‌رلێشێواو گوێی بۆ لێدانی ده‌رگا و زه‌نگی مۆبایله‌که‌شلکردوه، ئاخۆ خه‌به‌رێکی دڵخوشکه‌ر سه‌باره‌ت به کوڕه‌که‌ی پێناگات، سه‌ره‌ڕای چوونیان بۆ نه‌خوشخانه و ئاگادارکردنه‌وه‌ی بنکه‌ی پۆلیس، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێک نەبوو، ئیدی ئه‌و به‌یانیه بۆ دایکی به‌یانیه‌کی شوم بوو.
“بکوژه‌کانی به‌چه‌قۆ ده‌کوژم”
“به‌قه‌د هه‌موو چرکه‌کانی ساڵ من فرمێسکم ڕشتووه له‌پشت په‌راسوه‌کانم ژانێک هه‌یه که ڕه‌نگ و بۆنی کوڕه نازداره‌که‌م تێیدا هه‌ڵگرتووه، من ئاگرم تێبه‌ربووه، دەیان جار ده‌چمه ژووره‌که‌ی به‌دیار وێنه و کتێب و جێگاکه‌یەوە قسه ده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌و دیارنیه سۆز و بێده‌نگی ئه‌و سه‌ده‌ها فرمێسک ده‌بارێنن، چۆن له بکوژه‌کانی خۆشده‌بم ئه‌وان منیان به‌زیندوی کوشتووه، ئه‌گه‌ر بزانم کێن و بێنە به‌رده‌ستم به‌چەقۆ ده‌یانکوژم”.
ئامادەکردنی : موراد سورچی
سەرچاوە :NRT