“لە کڵۆڵى ئەم حەرفە شێتەیە زەمەن دەوەستێ “

پێشکەش بەڕوحى سەردەشت وسۆرانjabar-aziz
جەبار عەزیز
تۆ کە غەریبترین مەخلوقى خشۆکى
هەنگاوت نیە بەسەر زەویدا ڕێ بکەى
کوا حەقى ئەوەت هەیە عەشقى هەتاو بیت ؟
کوا حەقى ئەوەت هەیە لە خزمانى بارانبیت ؟
کوا ئازیزم چڵو چێوى ئەم بەندەرە دۆستایەتى ئێمەى پێوەیە ؟
تۆ کە میدالى موقەدەست بەسنگتدا هەلنەواسیوە
بۆ دەتوێت تەعبیرى بروسکە بکەى
تۆ کەخشۆکى ژێر زەمینێکى شێدارى
چۆن دەتوێًت خزمایەتى عەمامەى لوتکە بکەى؟
تۆ کە لە سەوزبوونى حەرف دەڕوانى
ئەى چیدەڵێى کە لیباسێکت بۆ بچنم
رەنگى تۆخى ئەرخەوانى
*****
ئەى هاوڕێ گیان بەدیدارت خۆشحاڵم
لەمێژە چاوەڕوانیم ئەم ڕۆژەیە
ئاخر وەک ومن زانیومە وشە سنوورى نیە
ئەى تۆ بۆدەتەوێ سنوربەندم کەى
قەڵەم موڵکى قەفەس نیە
تۆ بۆ دەتەوێ لەقەفەسم بکەى
ئێمە تۆوى حەرف دەچێنین و رستەى نەستەق دەچنینەوە
ئەى تۆ هاوڕێم ؟
پێم بڵێ بەیانیەک گوێت لە چریکەى خالقى و
ئێوارەیەک گوزەرت کردووە بەنێو دونیایى پاکى پەشێودا
دەپێم بڵێ هاوڕێم
من و تۆ هەردووک قوربانین
تۆ دەتەوێـت پایەدارى کورسیەکى شەل ببەیتەوە و
منیش دەمەوێت لەم زەمینە حەر ف شین بێت
تۆ کەئەم چڕنوکانە شک دەبەى
چ کارت بەسەر نەرم ونیانى ووشەیە
******
لەداوێنى پەڕەى رەشى رۆژنامەیەکدا
ئەم مانشێتەم خوێندەوە
هێشتا ئومێدێک هەیە بۆ سەوزبوونى شەقام
ئومێدێک هەیە هاوڕێم
لەبەردەم خەیاڵى عارفى خۆمان دانیشین
بەرچنەیەک لیکدانەوە بەدیارى بنێرین بۆتان
هاوڕێم چ مەستە ئەم بەیانیە؟
لەبەردەم کەرنەڤاڵى شیوەنى ئێمەدا
سەوزبوونى شەقام چ خەندەیەکى گەورەیە؟
بەیانیەک لەنێوان خەو بێداریدا
تریفەیەکى ئەرخەوانى پێچى مەچەکى گرتم
رۆشنایمى ئاڵاندە سەرو ملى قەڵەمەکەى کاکە سەردەشت
سۆرانم دیت لەسەر مێزى
عەبدالخاق مەعروف دانیشتبوو بەیەکەوە
لەگەشتى مەریخى مەنگوڕى ووردەبونەوە
دواى تاوێک گوڵەگەنمێکى ئەسمەر
بەوەسێتێکى خوێناویەوە هات و روخسەتى دانیشتنى خواست
گوڵە گەنم کە رەنگ و دەنگى سەردەشت بوو
بە فەرهەنگێکى رەنگ شینى ئۆکسفۆردەوە
داڵغەى وەرگێڕانى وتارێک لەسەر عیلمى مەنتق بوو
هاوڕێم داڵغەى غەریبى خۆت نەبێت
لەم ووڵاتە قەڵەم زگى کەسمان تێرناکا
بەڵام وەک شەراب خوێنمان فڕدەکا
ئەمە تەعبیرى خەونێک نیە بە شەبقەیەکى کلاسیکیەوە
نەدەرکەوتنى ئێوارانى خەبەرە گەرمەکانى ئەم وولاتەیە
ئێوە لە ئاوێنەوە دەڕوانن رقتان لەڕوونى شوشەیە
تروسکایى مۆمێکتان پآ تەحەمول ناکرێت
لەکاتێکدا ژوورى خەوەکانتان گەورەترین گڵۆپى پێوەیە
*****
“ئەى حەرف قەبرێکم بۆ هەڵکەنە بەپانتاى عەڕش”*
چیرۆکى من زەلیلى ئەم تنۆکە خوێنەیە
کاروانى من پێکى ژەهرى سوقرات و
مێخى مەچەکى مەسیحى پێوەیە
لە کڵۆڵى ئەم حەرفە شێتەیە زەمەن دەوەستێ
کوا نیشتیمانى من شایانى ئێوەیە
ئەى حەرف ئەم حەقە کڵۆڵى زەماوەندى وشەى پێوەیە
تیراژى سەبرم زۆر لەوە بەرزترە کەهیواى ئێوەیە
کوا هەناسەى مەندى ئێمە موسیبەتى فرۆشتنى نیشتیمانى پێوەیە
قەڵەم دەردێنم لەسەر سەبرم دەنوسم خەرمان برەکەت وشە
فڕکردنى خوێنى من شایانى بەخشندەى ئێوەیە …….
*نیوە دێڕێکى ڕێبوار سیوەیلە

***         ****         ***

 

 

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.