خوێنى سەردەشت دابڕانى جەماوەر لەدەسەڵات چڕتر دەکاتەوە

د.کامەر ان مەنتک:
10-5-2010:
قووڵترین تەنگژەى هەموو دەسەڵاتێکى سیاسى ، لە هەموو دنیادا ، ئەوەیە کاتێک روو بەرووى خەڵکى خۆى دەبێتەوە ، سەنگەر دروست کردن لە لایەن خەڵک و دەسەڵات دژ بە یەکتر، سەرەتایەکە بۆ شکست هێنان و ماڵئاوایى کردنى ستایلێکى سیاسى ، چونکە لە هیچ رووبەروو بوونەوەیەکى نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا ، خەڵک نەیدۆراندوە ! زیانى لێکەوتوە … قوربانى زۆرى داوە ، ئازارى چەشتوە ، رۆڵەکانى لە سێدارە دراوەو تیرۆر کراوە ، بەڵام لە کۆتایدا ، ئەو لایەنەى کە گۆڕەپانەکەى جێهێشتوە ، هەمیشە دەسەڵاتداران بووینە نەک خەڵک ! هەمیشە ئەو کەسانەى خراونەتە بەردەم دادگاکان و لەبەردەم میدیاکاندا دادکایى کراون ، دەسەڵاتداران بوون ، بەعسیەکان چى نەما بە کورد نەکەن ، چەند بە وردى پلانى لە ناوبردنى کوردیان داڕشت ، هەمووشمان بینیمان چەند ریسواو زەلیل بوون ، بەر لەوانیش نازیەکان لە ئەڵمانیا ، فاشستەکان لە ئیتالیا ، دەیان و دەیان نمونەى تر لە مێژوودا دەکەونە بەرچاو ، کە لە هەر هەموویان هەمیشە دەسەڵاتدارە تاوانبارەکان ریسوا بووینە !!!
ئاشکرایە کە ئەمڕۆ دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستان لە تەنگژەیەکى گەورە دەژیت ، تواناى گۆڕانکارى و خۆگونجاندنى لەگەڵ سەردەمەکەیدا نەماوە ، لە پڕسە سیاسیەکاندا دووچارى شکست لەدواى شکست بۆتەوە ، لە بەرەى ناوەخۆ دووچارى ناو زرانێکى خراپ هاتوە و گەندەڵى وێنەکانى لەبەر چاوى خەڵک ناشرین کردوە ، تەنانەت بەرپرسە گەندەڵەکان بە شێوەیک دزێو بوون ، خەڵک بە قێزەوە سەیریان دەکات ، دەسەڵات لە دۆڵێکدایەو خەڵک لە دۆَلێکى تر ، کە ئەمە بواربۆ دەسەڵات دەڕەخسێنێ ، بۆ خۆ رزگارکردن لەو شکستە سیاسیە گەورانە ، مەسەلەى تر بوروژێنێ ، تا مەسەلە بنەڕەتیەکان فەرامۆش بکرێن .

تیرۆر کردنى رۆژنامەنووس و قوتابى زانکۆ سەردەشت عوسمان ، سەرەتاى گۆڕانێکى ترسناکە لە پەیوەندیەکانى نێوان خەڵک و دەسەڵات ، سەرەتایەکە ، پەیوەندیەکە لە رەخنەو تەنزو نووسینى گاڵتە ئامێز، بۆ بە کارهێنانى هێزو توندو تیژى دەگوازێتەوە، ئەو کارە دەرگا بۆ زۆر مەسەلەى مەترسیدار ئاوەڵا دەکات ، کە نەخەڵکى کورستان سوودى لێوەردەگرێت نە دەسەڵاتى سیاسى ، دەرگا بۆ ناحەزانى کورد ئاوەڵا دەکا ، کە زیاتر دەست لەو ئەزموونە بوەشێنن ، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ رۆژنامەنووسان و خەڵکى کوردستان ئەقلمەندانەترو بەرپسیارانەتر رەفتار بکەن ، نابێت رێگا بدرێت کوردستان بەرو توندو تیژى ببرێت ، چونکە ئەمە هەموو دەستکەوتەکانى کورد دەخاتە مەترسیەوە ، هاوکات رووبورو بوونەوەى توندو تیژى لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى ، بەر لە هەموو شتێک زیان بە بەرژەوەندیەکان خەڵک دەگەیەنێ ، ئەو گۆڕانانە دواتر دەخا کە لە کۆمەڵگاى کوردى دەستى پێکردوە ، توندو تیژى بیانگە بە دوژمنانى گەل دەدات ، تا گۆڕانکاریەکان بەو ئاڕاستەیە دا ببەن ، کە خزمەتى خەڵک و ئەزموونى کورستان ناکات ، بۆ رێز گرتن لە خوێنى سەردەشت ، پێویستە خەڵکى کوردستان زیاتر دەست بە خەباتى ئاشتیانەوە بنێت ، زیاتر برەو بە پەرە پێدانى دیموکراسیەت بدات ، کە ئەمانە وا دەکەن ، گۆڕانکاریەکان بەو ئاراستەیە بڕۆن کە لە بەرژەوەندى کورد خەڵکى کوردستان دابێت .

دەسەڵاتى سیاسى کوردى دەبێت وەڵامێکى بۆ خەڵکى تووڕەى کوردستان پێ بێت ، چونکە کوشتنى رۆژنامەنوسێک بەو چەشنە ، بەر لەوەى ئیهانەى خەڵکى کوردستان بێت ، بەر لەوەى ئیهانە بێت بۆ رۆژنامەنووسان و خاوەن پێنووسە ئازادەکان ، ئیهانەیە بۆ خودى دەسەڵات خۆى ! ، خەڵک بۆیە دەسەڵات هەڵدەبژێرێت ، خەڵک بۆیە ئامادەبێت دەست بەردارى بڕێک لە مافە سروشتیەکانى خۆى بێت بۆ دەسەڵات ، بۆ ئەوەى ئاسایشى بپارێزرێ ، بۆ ئەوەى ژیانى بپارێزرێ ، بۆ ئەوەى ژینگەیەکى بۆ بەرجەستە بکرێت ، کە مرۆڤ بوونى خۆى تیا فەراهەم بکات ، بەڵام کاتێک دەسەڵات تەنیا داواى مافەکانى دەکات و ناتوانێت ئەرکەکانى جێبەجێبکات ، ئەوە شەرعیەتى دەسەڵات بەڕێوەبردنى نامێنێت ، ئەوە دەبێتە باندێکى مافیاو باجى خوێن و سامان لە خەڵک وەردەگرێ ، با رێگا نە دەین دەسەڵاتى کوردى بگاتە ئەو ئاستە ، با رێگا نەدەین ، ئەو ئازادیانەى خوێنى لە پێناو کراوەتە قوربانى بە هەدەر بچێت ، بە هەڵچوون و رەفتارى پڕ لە کەف و کوڵى سۆزاوى شەهیدەکان سەر لە نوێ شەهید نەکاتەوە ، با فێرى ئەوە بین ، کە مەدەنیانەو بە نەرمى مامەڵە لەگەڵ گۆرانکاریەکان بکەین ، با ئەو سندووقانەى کە ئێمە لە رێگایەوە درۆمان لەگەڵ حۆمان کرد ، لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بە بوێریەوە درۆى لەگەڵدا نەکەین …

Leave A Reply

Your email address will not be published.