سەما ی جەستە و قەڵەم
دەنگێکی یاخی بە هێز ،
شۆڕشێک بەرپا دەکا ،
گڕکانێک لە یاخیبوون دادەگیرسێنێ
دەبێ بە هێزو تین ،
بۆ ئەوانەی برسی ئازادی ڕادەربڕینن ،
ئەی ئەوانەی دەست لەژێر چەنە و ڕوو لەئاسۆ
زۆر بە ناچاری فرمێسک لە چاو قەتیس ماون ،
ئەی ئەوانەی بە زەبری چەک
لە داهێنان خەسێنراون ،
ئەی ئەوانەی خامەکانتان
وەکو تیغە لە چاوی مێژوو چەقیوە ،
کەچی ئەمڕۆ کپکراوون ،
ئەی ئەوانەی لە هزروبیر ئازادن
لە نوسین کۆت و بەندکراوون
ئەی ئەوانەی لە ژێر دەستی نەفامەکان
بوونی خۆتان لێ بەڵایە !!
ئەی ئەوانەی پڕ حەسرەتن
سوژن لەجەستەنتان بئاژنن ،
بێگومان خوێنی لێ نایە ..
ئەی ئەوانەی وشەکانتان لە خاچ دراو ،
قوربانیدانتان میدالیای شەرەف بوو بۆ بەرۆکتان
ئەی ئەوانەی زۆر بە پەرۆش و دڵسۆزی ،
(( نا )) یەکەی ٭سەردەشت عوسمان٭ تان کردە
درووشم و بوو بە ((بەڵێ )) بۆ ئازادی و
چووە مۆزەخانەی نەمری ،
بە هاواری بەسە ژیان بە بێدادی ،
قەڵەمەکانتان بە گەرخەن
سەمای ئازادیان پێبکەن ..
سروە عوسمان
۲۰۱۷/٥/٤