ئەم دەسەڵاتە باکی بە مەرگی ڕۆڵەکانی خۆی نیە!

گۆنا عەلی:

بەیانی ئەو ڕۆژە هەموو شتێک ئاسایی لەخەو هەستابوو، هەتاو، شنە، میهرەبانی دراوسێکان . هەموو شتێک لەم شارەدا وەک خۆی وەستاو، ڕەنگ بزڕکاو کپ بوو ،تەنیاسەرئێشەی دوای ژینمەستی ئەم کوڕە نەبێت کە لە ڕۆژی دواتردا سەری پڕ ژانی دەپرژێ وبۆ ئەبەد ئازاری دەکەوێتەناخی دورونزیک. ئەو گەنجێک بوو خەمی قورسی ڕۆژگاری سەختی خۆی و شارو وڵاتێکی دەکردە شەرابی خەونێک و دەینا بەسەریەوە ,شەو بە سەرخۆشی ئەو خەیاڵەوە مەراقی نەوەیەکی هەژار، بێ دەرفەت و بێچارەی یاداشت دەکرد، هەندێ جاریش لە بەرگی ناوێکی خوازیاردا وتارێکی ڕووناکی بۆ ڕۆژنامەکی یاخی دەنارد نەبا تاریکی بیخنکێنێ . شەوێک زەردەشت لە دوای خەمنۆشیەکی زۆر و بەدەم وڕێنەی خەیاڵێکەوە خەوی لێ دەکەوێ . بەیانی کە بە خەبەردێت ، هێشتا تاریک و ڕونی خەوەکەی لە پێش چاوە کە ئەو قسەیەی دایکی بیردەکەوێتەوە کە قەدیمە پێیان ووتوە “ڕۆڵە ،کە خەوێکی خراپتان بینی بۆ ئاوی بگێڕنەوە تا بەتاڵ بێتەوەو خوا بەخێری بگێڕێت ” ،بەڵام کەس بە سەردەشتی نەووتبوو گەر لەسەر کاغەز بینوسیتەوە خوای مەملەکەت بە مەرگی وەردەگێڕێ . هەر بۆیە لاوی خوێن گەرم پەلاماری کاغەزو قەڵەمی تاقە هاودەمی خۆی دەدات و دەست دەکات بە نوسین. ئەمشەو لە خەومدا:ـ عاشقی شازادەی مەملەکەت ببوم ، شازادەی نیان لەگەڵ خۆی بردمیە کۆشک و پاشا وەک کوڕی خۆی خۆشیویستم ، چیتر دەسەڵاتدارانی کۆشک بێزیان لە نەداری و بیرکردنەوەکانی من نەدەکردەوە. کوڕەکانی پاشا وەک برای شیری خۆیان کارو خۆزگەو هیوایان لەگەڵ بەشکردم . لەو خەوەمدا دونیا پڕ ببوو لە پێکەنین و ئازادی و عەدالەت .پاشا بەدەستی خۆی دانی بۆ کۆترەکانی بەر قەرات ڕۆ دەکرد، دەستی مناڵە عەلاگە فرۆشەکانی ناو بازاڕی ماچ دەکرد و دەیناردنەوە بۆ قوتابخانە ، پاشای خەونەکە دەیووت ، گەنج و مناڵ داهاتوی ژیانن لەم مەملەکە ئەرکی منە گوزەرانی خێزانەکان فەراهەم بکەم . کچان و کوڕان دەبێت فێری فڕین بن لەبری پەردە ، دڵخۆشی بە پەنجەرەی هەموو ماڵەکانەوە هەڵواسرابوو. بەو جۆرە سەردەشت هێشتا خاڵی کۆتایی نامە خەونەکەی دانەنابوو، قۆڵبەستکرا و بەتاوانی دزەکردن بۆناو شورای بڵندی کۆشک و بینینی ئۆخەی خەونێک, تیرۆرکرا ‎ئەم چیرۆکە ئەفسانەی سەدەکانی زوو نیە تا بەم شێوازە نوسینە بۆ مناڵەکانمی بگێڕمەوە ، بەڵکو ئەمە واقیعێکی تاڵ و بەردەوامی ژیانی ئەمڕۆی میللەتێکە کە جەنگی پاراستنی کورسی و قەپی گەورەو پێڕاکێشانی زیاتری ناحەقی و دواکەوتووی دەسەڵاتدارەکانی سەری نەوە دوای نەوەی دەخوات. دەسەڵاتێک تەنیا بەوە ڕازی نیە هزر و خەون و خەیاڵمان بە ژیانێکی باشترە وە دەدزێ بەڵکو وەک سەردەشت عەسمان ووتی ‎” ئەم دەسەڵاتە باکی بە مەرگی ڕۆڵەکانی خۆی نیە”

5-5/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.