تیرۆر وەك زەمانەتی چەسپاندنی پایەكانی دەسەڵات

پەیمان عیزەدین:

بۆ یەكەم جار كە سەیری تیرۆركردنی هەر كەسێك ئەكەین،ڕۆژنامەنوس بێت یا سیاسی یا كاسبی ماڵی خۆی، بۆ هەریەكێكیان هۆكار ۆ پاڵنەرێكی جیاواز دەخوێندرێتەوە،ئەمەیان قسەی بە كچەكەی سەرۆك وتوە و ئەوی تریان قسەی لەسەر ئەمنی قەومی كردوە و یەكێكی تر هۆڕنی لێداوە یا پارەی پێبوە.

بۆ هەمو ئەم پاڵنەرانەش هەم بڕوا بون و هەم بێبڕوایش هەیە ، لە هەردو حاڵەتەكەشدا هەر خزمەتە بە قایمكردنی پایەكانی دەسەڵات.

بە درێژایی مێژوو یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی مانە وە و چەسپاندنی پایەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆرێك ،تیرۆركردن بوە ، تیرۆركردن لە یەك كاتدا هەم تۆقاندنی هاوڵاتیان و دروستكردنی لەشكرێك لە خەڵكی كۆیلە و گوێڕایەڵە و هەم تصفیە كردن و ڕاونانی عەقڵ و ئیرادەیە لە كۆمەڵدا، بۆیە كاتئك سەردەشت عوسمان تیرۆر ئەكرێت ، تۆڵە سەندنەوەی خێڵەكی نیە لەبەرامبەر قسەكردنی لەسەر كچی سەرۆك، سەردەشت تیرۆر ئەكرێت چونكە عەقڵی هەبو بۆ درككردن بە ناهەقی و ناعەدالەتیەكان،ئیرادەی هەبو بۆ ڕەخنەگرتن و ڕاوەستانەوە  بەرامبەر ناعەدالەتیدا.

ئەم جۆرە لە ئیرادە خەونی دەسەڵات بۆ چەسپاندنی پایەكانی ئەزڕێنێ و هەنگاوەكانی بەرەو دیكتاتۆریەت خاو دەكاتەوە.

ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەشدا زیاتر ڕەوایی بەو تیرۆرانە ئەدات، كورتنەبونەوەی دیكتاتۆرە لە یەك كە س و یەك پارتدا، دابەشبونی دیكتاتۆرەكانە بەسەر ئاڕاستە و تێڕوانینە جیاوازەكاندا، بۆیە هەریەكیان لە گرنگی تیرۆر بۆ مانەوەی خۆی تێدەگات و لەبەرامبەریشدا بێدەنگی لە ئەنجامدانی تیرۆر لە لایەن هاوڕێ و هاوخەبات و هاو دەسەڵاتەكەی دەكات.

كاتێك سەردەشت تیرۆر دەكرێت تەنیا خەڵكی دەرەوەی دەسەڵات لەسەری بەدەنگ دێن،بەهەمان. شێوە كە سۆرانیش تیرۆر ئەكرێت دیسان هەر هەمان خەلك لەسەری بەدەنگ دێن، كە ئەمە لەلایەك بێئومێدی و ترس بەرهەم دێنێت و هەم زەمانەتی بەردەوامی تیرۆری عەقڵ و ئیرادەی پێئەكرێت.

بە بڕوای من ئەوەی وا دەكات سەردەشت عوسمان و هاوڕا تیرۆركراوەكانی لە بەتەنیا یادكردنەوە و گریان و حەسرەت بباتە دەرەوە ، بەیەك چاو سەیركردنی دیكتاتۆرەكانە، بڕیاردانە لەسەر ئیعلانكردنی دیكتاتۆریەت بونیان و خستنە دەرەوەیانە لە پرۆسەی چاكسازی چونكە كرۆكی چاكسازی نەهێشتنی دیكتاتۆرە.

5-5/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.