مەملەکەتی کوشتنی خەونەکان

سەنگەر موشیر مەنتکی*:
زۆر جار شتی سەیرو سەمەرە دەبیستین‌و دەبینین لەبارەی دانیشتوانە سەرەتاییەکانی ناوچەیەکی دابراو یان دورگەیەکی دورە دەست، یان مەملەکەتێکی کۆن کە هەندێ نەریتیان هەبوە هیچ مەنتقێک ناتوانێت بەئاسانی هەرسی بکات.
با زۆر بەدوای رابردوی مەملەکەتە سەرەتایەکان نەکەوین، دەکرێت وەکو میعراجێکی خەیاڵی بکەین‌و بەئاسماندا سەرکەوین، لەسەرەو سەیری مەملەکتێک بکەین کە مەملەکەتی کوشتنی خەونەکانە، چونکە تاکو خەیاڵمان لەناو ئەم مەملەکەتە بەند بکەین ناتوانین دیاردەکان بەرونی ببینین. لەم بەرزاییەوە زۆر شتی سەیری‌و تراجیدیا دەبینین، بەڵام دەکرێت لێنزی چاومان بخەینە سەر شتێکی زۆر سەمەرە کە باوەر ناکەم لەهیچ شوێنیکی ئەم زەویە لەمێژوی کۆن‌و نوێ هاوتای هەبێت، ئەویش خەونە.

لەمەملەکەتی کوردستان خەونبینین تاوانە، تاکەکان لەسەر بینیی خەون لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ. زەردەشت نمونەیەکی دیاری ئەم راستیەیە. تاوان‌و هەڵەی زەردەشت تەنها بینینی خەونێک بو، لەوەش هەڵەتر گێرانەوەی خەونەکەی بو. خەونی ئەو خەونی هەمو تاکێک بو، بەڵام حوکمرانی کوردی ئەم ساتە خۆشانەی خەیاڵ بەرەوا نابینێت بەهاوڵاتیانی.

دەسەڵات دەیەوێت بەهەمومان بڵێت کە ئەو دەسەڵاتی بەسەر خەونەکانی ئێمەش هەیە، دەیەوێت بڵێت هەمو شتێک سزای خۆی هەیە تەنانەت خەونیش. ئەو پێمان دەڵێت کە نابێت خەون بینین لەدەرەوەی ویستی ئەو یان ببێتە هۆی تورە کردنی.

ئامانجی ئەو دروستکردنی ترسە، شکاندنی رۆحی نەفی‌و بەرهەڵستیە لەمرۆڤەکان کە جوڵێنەری رەوتی مێژوی کۆمەڵگایە، ئەو دەیەوێت مێژو لەخاڵێک بوەستێنێت لەرێگەی کوشتنی رۆحی نەفی لەناخی مرۆڤەکان، بەڵام زۆر بەسادەیی ئەگەر سەیری دیوەکەی تری ئەم کردارانە بکەین دەبینین دەسەڵات دەترسێت، کائینێکی ئەوەندە ترسنۆکە تەنانەت لەسێبەری خۆشی دەترسێت، لەویستی ئازادی مرۆڤەکان، لەجوڵەی مێژو، تەنانەت لەخەونی سادەترین هاوڵاتی.

*خوێندکاری دکتۆرا لەزانکۆی نۆتنگهام –بەریتانیا

Leave A Reply

Your email address will not be published.