“نا” و “ئا”ی سەردەشت عوسمان

زمناکۆ خەسرەو

بەدەستهینانی ئازادی قوربانی دەوێ. کە قوربانیش درا، ئازادی بەدەست دێ. بەڵام بەرهەمی قوربانیدان و ئازادییەکە مەرج نییە دەستکەوتی ماددی و مەلموس بن. خودی ئازدای بەخۆی مەلموس نییە، بەڵکوو هەستە، موماڕەسەیە، پەیپێبردنەکی داخیلی ناخی بەشەرە. ئەنگۆ تەماشاکەن، ئازادیی پۆشین و قسەکردن و بیرکردنەوە جودان. ئەوەی یەکەمیان دەبینرێ، بەڵام دوانەکەی دی جێدەست و ئاسەواریان لەسەر کەسەکە و دەوروبەری دەبی.

زۆر جاران قوربانیدان تەنیا نیشاندانی “نا”یە. ئەوەندەیە کە بتەوێ بە نەیار و چەوسێنەر بێژیت کە ئەتۆ هاوڕا و هاوسەنگەری وی نی، بەڵکوو دژی ڕەفتار و بیرکردنەوە و پەیام و سیستەمەکەی ویت. هەزاران جەوان و لاوی کورد، بە درێژایی مێژوو جەستەیان بوویتە خۆرەمێش دژی سیستەم و ڕژێمە داگیرکەرەکان، خۆ ڕەنگە هێشتانەکەش قوربانیدان بە خوێن و جەستەی وان لۆ ئازادی، لۆ هاونەتەوەیان بەدی نەهاتبی، بەڵام ئەو خەباتی خۆکردنە قوربانییە هەر بەردەوامە. تەنیا و تەنیاش لۆ ئەوەیە، پەیامی “نا” و دژبوون و ناڕازیبوون بدەنە ڕژێمە سەرکوتکەر و داگیرکەرەکە. هەر لۆ نمونە، هەزاران ڕۆڵەی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکوو ر و ڕۆژئاوا، تەنانەت لە باشووریش، جەستەی خۆیان پێشکێش کرد و بوونە قوربانی، تا نیشانی دەن ئەوان دژی سیستەمی لەناوبەر و چەوسێنەری وانن. خۆ هێشتا قوربانیدا بە جەستەی کورد بەردەوامە، دەنا ئازدایش بەدی نەهاتییە، چونکە ناواخنی پەیامی قوربانیدانەکە نیشاندانی “نا”یەکەیە دژی ڕژێمەکە.

سەردەشت خۆی کردە قوربانی لەپێناو ئازادی. بەرهەمی ئەو جەستەیە زۆر گەورەیە. یادکردنەوە و لەبیرنەکردنی خوێنی سەردەشت گەورترین و هەراسانکەرترین و کاسکەرترین دەنگی “نا”ی کوردانی باشوورە دژی ئەو سیستەم و ڕژێمە لەناوبەر و خوێنڕێژە خۆماڵییەی سەردەشتی لەناو برد. سەردەشت بە خوێنی خۆی “نا”یەکی گەورەی دژی سیستەمی خێڵەکی، بکوژی باشوور گۆت و “ئا”یەکی بەرزیش بوو لۆ ئازادی. یادکردنەوەی سەردەشت عوسمان گۆتنەوەی ئەو (نا)یەیە کە ئەو هاواری کرد و دووبارە گۆتنەوەی (ئا)یەکەشە لۆ ئازدای.

یەکەکی دی لە بەرهەمە مەزنەکانی خەبات لۆ ئازادیی سەردەشت عوسمان ڕەمزبوونی ناوی سەردەشت عوسمانە وەکوو “ڕەمزی ئازادی.” بە من بی، چلۆن ئەمریکییەکان پەیکەری ئازداییان هەیە، کوردیش لۆ ئازادی، دەبی پەیکەری سەردەشت عوسمانی هەبی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.