سەردەشت بەشێک لە لاپەرە ڕەشەکانی دەسەڵاتی مافیای و بنەماڵەیی هەڵدایەوە، ئەوان تیرۆریانکرد!

بەکر عوسمان:

ئەمرۆ لە یادی ٧ ساڵەی تیرۆری سەردەشتدا خەڵکی کوردستان ڕۆشنتر ئامانجی تیرۆرەکە دەبینن. دەسەڵاتی کوردایەتی لە هەولێر بە ڕۆژی ڕووناک بەبەرچاوی خەڵک و بە ئاشکرا سەردەشت لەبەر دەرگای کۆلیژەکەی دەفرێنن و لە بارەگای دەسەڵاتی کوردایەتی گولـلە دەنێن بەنێودەمیەوە، ئەو تاوانە بۆ کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا و گەنجانی کوردستان بوو. ئامانجی تیرۆری سەردەشت دەمبەستنی گەنجان و رۆژنامەنوسانی کوردستان بوو، لەبەرانبەر تاڵانی و گەندەلی و دزی ئاشکرای سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەلایەن بنەماڵەی حزبی دەسەڵاتداری کوردایەتیدا.

هەندێک هەن فەرهەنگی دواکەوتوویی دەسەڵات دەکەنە بنەما و پاساوی تیرۆرکردنی سەردەشت، بەڵام پاڵنەری ڕاستەقینەی ئەم تاوانە پارێزگاریی لەو دۆخەیە کە دەسەڵات خۆی تێدا بەرهەمدێنێتەوە. سەردەشت بۆیە تیرۆر کرا، چونکە ئەگەر زاری سەردەشتەکان ئازادانە هاواری ناڕەزایی لێ بەرزبوایەتەوە، کۆمەڵگامان بەم جۆرە زەلیل نەدەبوو، منداڵانمان برسی و بێ ناز نەدەبوون، موچە و بژێوی ژیانمان بەم ساناییە نەدەبڕدرا، هەژاری میوانی هەمیشەیی ماڵەکانمان نەدەبوو، لەسەر دەریایەک نەوت لە سەرمای زستاندا جەستەی ڕەقبووەوەی بێ خانەولانەکانمان نەدەدۆزرایەوە، تەندروستی و ژیان و چاوی نەخۆشەکانمان نەدەبووە قوربانی قازانجپەرستی قاچاخچیەکانی دەرمان، لەسەر قوتووە شیری منداڵ ١١ ساڵ حوکمی زیندانی نەدەدراین، گەنجانمان ڕیگای هات و نەهاتی ڕاکردن و جیهێشتنی وڵاتیان نەدەگرتە بەر و بازاڕی لەشفرۆشی لەم خاکە زەلیلەی دەستی پیاوسالاری ئاوا ڕەواجی نەدەبوو

دەبوو سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و چەندینی تر تیرۆربکرێن تاکو ئاشی ستەم و نابەرابەری ئەم دەسەڵاتە ماوەیەکی زۆرتر بگەڕێت. تا زەحمەتکێشان و بێ بەشانی ئەم وڵاتە پردی تەحەمولکردنی ملکەچییان تەمەنێکی درێژتر ڕاکێشیت و نەپچڕێت. سەردەشت تیرۆر کرا تاکو تاڵانکاری ئاشکراو یاسایی و نایاسایی درێژەی هەبێت و هەرچی ناڕەوایە بەرگی ڕەوایی لەبەربکرێت. گەلێک هەن مەینەتی جەماوەر بۆ دواکەوتوویی خەڵک دەگێڕنەوە، گوایە بۆیە “هەولێر بێ دەنگە” چونکە خەڵکەکەی فەرهەنگی یاخیبوونیان لاوازە، ئەگەر ساڵەها شەڕی ناوخۆ و کردنی هەولێر بە مەیدانی جەنگ بیربەرینەوە، ئەگەر ٣١ی ئاب و هێنانی سوپای بەعس بەس نەبێت، ئەوا تیرۆری سەردەشت و دەیانی تر بەدەستی پارتی نیشانی دەدات کە ئیرادەی یاخیبوونی ئەو جەماوەرە ناڕازییە لە چ پرۆسەیەکدا لاوازکراوە و چۆن مانەوەی بەهەشتی سەرمایەدارانی ئەو ناوچەیە لە نهۆمی سەرەوەی دۆزەخی ژیانی ئەو خەڵکە بێ دەرەتانە قەرزاری ئەو گۆماوی خوێنەیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی مەلەی تێدا دەکەن. ئەگەر هیچ بەس نەبێت دووا وشەکانی سەرزاری سەردەشت بەر لەوەی گولـلە وەڵامبداتەوە بەسە بۆئەوەی بڵێین هەولێر بێ دەنگ نەبووە.

تیرۆری سەردەشت بەشێک لە واقعێکی گەورەی ئێستامانە و بە داخەوە ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش داهاتوومان بێت. تا ئەو کاتەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و تاڵانکردنی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتێکی خێلەکی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا بەڕێوە بچێت، تا ئەو ڕۆژەی ئازادیە مەدەنیەکان لەژێر سەرەنێزەی چەکدارانی دەسەڵات سوکایەتی پێبکری. تا ئەو کاتەی گەنجانی کوردستان لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە. سەردەشت هەموو رۆژێک هەڕەشەی لێ دەکرێ، دەڕفێندرێت و تیرۆردەکرێ، هەر رۆژەی سەردەشتێکمان تیرۆر دەکرێ.

بەڵام ئەمڕۆ دەبێ ئەو مژدەیە بە دەسەڵاتداران بدەین کە وشەکانی سەردەشت لە دڵی هەزاراندایە و هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا دەگوترێنەوە، دوور یان نزیک ئەم ناڕەزاییە دەبێتە زریان و لافاوو و تەخت و تاراجی بەزۆر و خوێن داسەپاویان ڕادەماڵێت، سەردەشت گیانی بەرەنگارییە، حەوت ساڵی پڕ مەینەتی دوای تیرۆرکردنی ئەو، ئەو گیانە لە هەناوی سەدان هەزار گەنجی ئەم وڵاتەدا لە جۆشدایە و تارمایی سەردەشت هەروا بەسەر سەری دەسەڵاتی بنەماڵە و حزبەکانی سەرمایەدارانی کوردستان دەخولێتەوە.

بەرزو بەڕێزە یادی سەردەشت

بەرزو بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤە بوێرانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی

مەرگ و ریسوای بۆ دەسەڵاتی مافیایی  بنەماڵەیی و تیرۆر

2017-05-05

Leave A Reply

Your email address will not be published.