ئەو عاشقی کچەکەی بارزانی نەبوو

ئەو عاشقی کچەکەی بارزانی نەبوو

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان: دیدێکی فرۆیدیانە

بڕوا عەلادین:

پرۆتێستۆکردن کارێکی گرنگە وەک یەکەم کاردانەوەی گەرماوگەرم بۆ قەیرانێک، تیرۆر یان سکانداڵێک. پرۆتێستۆ و ناڕەزایی دەربڕین (لە فۆرمە قەرەباڵغ و کۆلەکتیڤەکەیدا کە دەبێتە هەرا و بۆڵەبۆڵ بە دەنگی بەرز) چالاکیەکی بەرفراوانی سەرشەقامیە بە مەبەستی وروژاندنی گرفتێک تا نەهێڵین ببێت بە ژێر خۆڵ و لێوەوە، لێ بەشێکی زۆر بچووکی پرۆسەیەکی گرنگترە کە بریتیە لە ڕەخنەکردنی ئەو دەسەڵاتەی بەو تیرۆر و تۆقاندنە هەستاوە، یان لە تۆڕی ئەو سکانداڵەوە ئاڵاوە.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە جەوهەرە نائاگا و دەروونیەکەی پرۆتێسۆکردن و نیشاندانی ناڕەزایییش فەرامۆشبکەین کە پتر وابەستەی شەرمە، شەرم لە نیگای ئەو (قۆچی قوربانی/کوژراو) ەی دوای مەرگیشی هەر چاوی لەسەرمانە و هەستدەکەین لە گۆڕەکەیشیدا چاوەڕوانە لەسەری بێینە دەنگ و نەهێڵین خوێنی هەروا بە هەدەر و خۆڕایی بڕوات. شەرم زادەی ئەو چرکەساتەیە کە ئەوی تر لێمان دەڕوانێت (ڕوانین بە مانا سارتەریەکەی نیگا)، کە لێمان مۆڕدەبێتەوە، بە مردوویش، وەک سوبێکتێکی فەنابوو و پاش بوونی بە ئۆبجێکتێکی سڕ و لەش-ساردەوەبوو، هەر چاوی لەسەرمانەوە و چاوەڕوانی کردەیەکە لێمان.

مردووەکان بە مردوویی، کوژراوەکان بە خوێن و جەستەی لەتوپەتکراویانەوە (بە تایبەتی لە دۆخی سەردەشتدا) ئۆبجێکتگەلێکن بەهێزتر لەوەی کە لە ژیاندا بوون و هەناسەیان دەدا، بە ڕادەیەک کە ئێمەی زیندوو، ئێمەی لەژیاندا ماوە، دەکەنەوە بە کوشتە و مردەی خۆیان، بە بابەتی چاوەڕوانیەکانیان لەوەی کە داخۆ دەتوانین بە کردەوەکانمان هەنگاوێک زیاتر بنێین و شەرم و بێئابڕوویمان لە مەرگی ئەوان، بگۆڕین بە شانازی؟

دوای پرۆتیستۆ، ئیمزاکۆکردنەوە، ناوڕیزکردن و خۆپیشاندان، تا لەو دۆخی شەرمەزاریە سایکۆلۆژیە بەرامبەر بە نیگای سوبێکتی مردە و کوژراو دەربچین، تا بیسەلمێنین کە نیگای دەکەین و لە قوڕولیتەی گۆڕەکەیداین و هەستی پێدەکەین و دەیبینین، یا لانیکەم تا بڵیین نابێت ئەم خوێنە جارێکی تر بڕژێتەوە، بایەخدارترین کارێک کە بیکەین پشکنینی چەشن و تایبەتمەندێتیەکانی ئەو دەسەڵات و مێنتاڵتیە و گرێ دەروونیەکانیین کە وا دەکەن زۆر بە سانایی ئەو بکوژن، بەبێ ئەوەی دەرەنجامەکەیان بۆ گرنگ بێت. بە مانایەکی تر، دەبێت مەرگی سەردەشت ئەنگێزەیەک بێت بۆ زیاتر ڕۆچوون بە وردەکاریەکانی سیاسەت و فۆرمی ئەو (پارت/مێنتاڵتی،/ئایدیۆلۆژیا/بنەماڵە)یەدا کە تیرۆری کرد، نەک بەتەنها پرۆتیستۆیەک بێت هەموو ساڵێک لە مانگی ٥ دا بیرمانبکەوێتەوە.

هەموو ئەو نووسین و گوتارانەی ڕەوایەتی بە مەرگ و تیرۆرکردنی سەردەشت دەدەن، تەواوی بەڵگە و ئارگیومێنتەکانیان لەسەر ئەو (بەهانە/بیانوو) ە هەڵچنیوە کە گوایە سەردەشت سنووری پیرۆزی خێزانێکی بەزاندووە و نارسیزمی سەرکردەیەکی ڕووشاندوە کە بارزانیە: بارزانی بەتەنها وەک تاکەس نا، بەڵکو وەک ئایدیۆلۆژیایەکی حەوتڕۆحی تەمەن ٧٠ ساڵەیش.

گەر ئەو گریمانەیەمان بە هەند وەرگرت کە پێی وایە سەردەشت لەسەر ئەوە کوژراوە کە گوایە عاشقی کچەکەی بارزانی بووە (کە دیارە من خۆم ڕام وانیە و پاستر ڕوونیدەکەمەوە)، ئەوا بەم کارەمان ڕاستەوخۆ دەرگا لەسەر جۆرێک لە دیاگنۆس بۆ خەسڵەتی دەروونی ئەو دەسەڵاتە تیرۆریستە دەکەینەوە کە نارسیزمێکی پارانۆییە، کە ئەمەیش خۆی بەشە پۆزەتڤەکەی ئەو گریمانەیەیە و دەرگامان لەسەر لێکشیتاڵکردنێکی سایکۆلۆژییانەی نەستی ئەو خێزان/ئایدیۆلۆژیایە بۆ دەکاتەوە کە گوایە غروری شکاوە و پەڵەیەک بەر داوێنی پاکی کچەکەی (وەک سیمبول بۆ شەرەفی) کەوتووە: شکۆی شکاوە، شکۆ وەک دەربڕینە سیاسیەکەی زاراوەیەکی سایکۆلۆژی کە نارسیزمە.

بەڵام بۆ نارسیزم؟ ئایا نارسیزم لە کوێی دەسەڵاتی بارزانیزمدایە وەک ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیش؟ مەگەر نارسیزم وەسفێکی کلینیکی نیە بۆ ئەو دۆخە لادەرانەیە لە ڕەفتاری تاکەکەس کە وەک ئۆبجیکتێکی سێکسی مامەڵەی خۆی دەکات؟ ئایا ئەمە جۆرێک نیە لە سەرلێتێکچوونی تیۆریی و لادان لە کرۆکی بابەتەکە؟

ڕەنگە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم گرفتە، پێناسەکەی (زیگمۆند فرۆید) بۆ نارسیزم باشتر بە هانامانەوە بێت کە دەڵێت: بۆ ئەوەی دەستنیشان و دیاگنۆسی کەسی نارسیست بکەیت، دەبێت دوو خەسڵەتی سەرەکی لە کەسێتی و کارەکتەریدا فەرامۆش نەکەیت:

 ١- نارسیست کەسێکە کە دەردەشکۆی هەیە و سەرمەستە بە مەزنیی خۆی.

 ٢- نارسیست پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی خۆیەوە نەماوە، لە واقیعدا ناژی و تەواو لێی دابڕاوە.

بەم مانایەیش، دیوە نادیارەکەی نارسیزم (بە زاراوە فرۆیدیەکە) واتە قوربانیدان بە ئۆبێکتی سێکسی، قوربانیدان بە بوونی پەیوەندیت بەوی ترەوە، لێ هاوکاتیش جۆریک لە خۆنامۆکردن و گۆشەگیریی، شکانەوەت بەسەر خۆتدا وەک خۆت و هەڵکردن لەگەڵ تەنیاییە قەشەنگە پیرۆزەکەتدا کە مۆرکێکی تەواو پارانۆییانەی کەسێتیتە.

بەستنەوەی نارسیزم بە مینتاڵتی (بارزانی) یەوە چ وەک ئایدیۆلۆژیا و چ وەک دیکتاتۆرێک لە شێوە پەڕگیرەکەیدا، واتە دەستنیشانکردنی یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندێتیەکانی ئەو، کە تۆقینە لە خۆشەویستی، لە عەشقی ئەوی تر، چونکە خۆشەویستی و ئەڤین بۆ ئەوی تر، واتە دەرچوون لە پێستی خۆت و گەیشتنت بە ئەو لە دەرەوەی خۆت.

کەسی نارسیست بوونەوەرێک نیە بتوانێت خۆشەویستی (وەک پەیوەندی نێوان دوو کەس) بکات، بەڵکە هەستەکانی تەواو ناکۆمەڵایەتی و لولخواردە (introvert) ن، هەر بۆیە خولیای ئەو پتر دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆلکردنن، خواستیەتی هەمیشە نەمربێت و شکۆدار. نارسیزم واتە شکانەوە بەسەر خۆت و قۆزاخە پیرۆزەکەت و کەلەپورەکەتدا و کرکەوتن لەسەریان، واتە هەموو نەوەی دوای خۆت توشی دەردەلاسایکردنەوە و هاوشێوەبەرهەمهێنانەوەی خۆت بکەیت، ناچاریان بکەیت ئەوە بەرهەمبهێننەوە کە تۆ هەتبووە وەک میراتیەکی کۆنی بۆ ماوە لە باوک و باپیرتەوە، بەو مانایەی کۆی ژیان بگۆڕیت بە چەند یادگاریەک کە دەبێت یادبکرێنەوە.

نارسیزم (وەک خۆپارێزی لە جەستەیەکی سیاسی ئایدیۆلۆژی و دابڕان لەوانی تر و چێژەکانیان و بوون بە چەق و جەمسەری خۆت) مانای وایە ئارەزوو بکەیت ئەوانەی دوای تۆ لەسەر ڕێچکەی تۆ بەردەوام بن، وەچەکانت ئەوە ڕابپەڕێنن کە تۆی باوک پیایدا ڕانەگەیشتوویت: واتە بخوازیت کوڕەکانت (خۆیان) نەبن، بەڵکە (تۆ) بن، ئەو پەیامە بڵاوبکەنەوە کە تۆ نیوەیت خوێندەوە و فریانەکەوتیت تەواوی بکەیت. دیارە هەموو ئەو تایبەتمەندێتیانەیش خەسڵەتی دیکتاتۆرەکانن: خودونکردنی هاوڵاتیەکانت و هاوشێوەبوونیان لەگەڵ پێش خۆیان کە تۆیت: تۆی نارسیست / دیکتاتۆر.

گرفتی کەسی نارسیست (بەتایبەتی فۆرمە دیکتاتۆریەکەی وەک ئەوەی لە کەسێتی بارزانیی پیرۆز و خێزان و کچە موقەدەسە نادیارەکەیدا دەیبینین) لێ کەوتن و لێ وونبوونی واقیعە، چونکە بە درۆگەل و بڕێک خورافات و ئەفسانە خۆی پەرژینکردووە کە هەم خۆی بەرهەمیهێناون و هەم خۆیشی وا ڕاهێناوە کە باوەڕیان پێ بکات. ئەم کەسێتیە خاوەن دەردەشکۆییە باوەڕی بە شتێک نیە کە ناوی واقیعە، چونکە واقیع واتای باوەڕکردن بەوەی کە تۆ مرۆڤیت و خودا نیت، واتە لاوازیت (لاوازیی بە مانا ئەریک فرۆمیەکەی وەک خەسڵەتی نایەزدانی بوونی مرۆڤ و زەمینی بوونی کە پێچەوانەی کەسایەتی تۆتالیتێرە).

گرفتی دەسەڵاتداری نارسیست (وەک لە دۆسیەی گرفتئامێزی بارزانی/سەردەشت دا ڕووندەبێتەوە) ئەوەیە کە بەردەوام پارانۆیا بەشێکە لە جەوهەری سایکۆلۆژیای، پارانۆیا بەو مانایەی کە بەردەوام متمانەت بە هیچ نیە و هەمیشە وەک هێزی چەکوشی ئامادە خۆت بۆ داپڵۆسینی هەر نا یەک ئامادەکردووە کە هەستدەکەیت گومان لە ڕەوایەتی و شکۆی پیرۆزی تۆ دەکات، هەر بۆیە توندوتیژی و تۆقاندن تاکە گەرانتین بۆ هێشتنەوەی خۆت وەک بوونەوەرێکی نارسیستی خاوەن پیرۆزی و سنووری تایبەت بە خۆت.

کەڵکەڵەی پارانۆیی بارزانیزم پشتی بە هەڵبەستن و داتاشینی ئەو وێنەیە بۆ خۆی بەستووە کە وەک خۆپاراستن لە دژی ئەوی تر و کاریگەربوون بە سۆز و خۆشەویستیەکەی بە کاریهێناوە. بۆ نمونە هەمیشە پارتی وەک ئایدیۆلۆژیا و بارزانیزم وەک مێنتاڵتی (هزر) ڕایان وایە کە کودیتایەک لە گۆڕێیە دژی ئەوان، پیلانێکی هەرێمی هەیە بۆ جینۆساید و قڕکردنیان، خواستێک هەیە (بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی ململانێ سیاسیەکە بۆ نمونە) بۆ ئەوەی کەلێن بخاتە جەستەی پیرۆز و یەکگرتووی ئەوانەوە، سۆران حەمەیەک هەیە حەرەمی سۆزانیدۆستەکانیان دەشکێنێت، لە هەموویشی مەترسیدارتر، سەردەشت عوسمانێک هەیە زۆر سێکسوێل و رۆمانسی کە دەخوازێت ئابڕویان ببات و وەک ئەسپسوارێکی ئەدەبیاتی سوارچاکی (chivalric romance) کچەکەیان هەڵبگریت و بیڕفێنێت.

خۆی جەوهەری کێشەکەی سەردەشت عوسمانیش لەگەڵ نارسیزمی بارزانیدا (بارزانی وەک خێڵ و عەشیرەت و خاوەن دەسەڵات و پیرۆزکراو) لەوەوە دەستپێدەکات کە پێیان وایە سوارێک (ئەسپسوار وەک سیمبولێکی نێرینە و کردە بە مانا فرۆیدیەکەی) پەیدا بووە (سەردەشت عوسمان) ی ناوە شەوان بە دزیەوە (دیارە شەو لێرەدا سیمبولێکی دەروونیە بۆ هەبوونی کەلێنی میدیای ئەلکترۆنی) لەگەڵ کچەکەی دەچێتە ژووان، دڵداری لەگەڵ دەکات و هەوڵ دەدات لەو پرەنسیپەی باوکی هەڵیبگێڕێتەوە کە داخران و گۆشەگیریەکەیەتی، داخران وەک خەسڵەتە نارسیستیەکەی کە ڕەتکردنەوەی هەبوونی هەر ئۆبێکتێکی سێکسیە لە پەیوەندیدا بە خودەوە. پارانۆیای بارزانیزم کە تۆقینە لە خۆشەویستی کچەکەی، لەوەی کە بتوانێت لە خێڵەکەی و خێزانەکەی دەربچێت و بتوانیت عاشق بێت، وا دەکات وەک هەر دیکتاتۆرێکی تری پۆلیسی، کونوقوژبنی ئەو ڕووبەرە جوگرافیە بپشکنێت تا شکێنەری حورمەت و ئاوێنە نارسیستیەکەی بدۆزێتەوە و بە دڵڕەقانەترین و ناشرینترین شێوە سزای بدات: لەناوی ببات. بارزانی باوک، بارزانی حیزب و دەزگای پاراستن (پاراستن وەک کۆنسێپتێکی کۆنسێرڤاتڤ کە ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی و بۆ خودپارێزیە لەوی تر و ئاوێتەبوون پێی) تەنها بەوەوە ناوەستێت کە سەردەشت تیرۆربکات، بەلکە پاش ماوەیەکی کەم لە تیرۆرکردنی سەردەشت هەستدەکات ئەو سزایە کەمە بۆ ئەو تاوانە کە ئەتککردن و ڕوشاندنی نارسیزمی ئەم (کچەکەیەتی) ە، هەر بۆیە لە گۆڕیشدا تۆمەتی تری بۆ هەڵدەبەستێت و تاوانی تری دەداتە پاڵ. وەک خەسڵەتە پارانۆییەکەی خۆی، حیکایەتی کوشندەتری بۆ دەچنێت، دەیکاتە تیرۆریست، لە جوگرافیای دەرەوەی خۆی فڕێی دەدات، پاشان خەڵکی بۆ دەهێنێتە سەر تیڤی و وەک تیرۆریست وێنای دەکات.

ئەوەی کە کۆی گەمە پارانۆییەکەی دیکتاتۆرێکی نارسیستی وەک بارزانی (چ وەک دەزگای سەرکوتکەر و چ وەک ئایدیۆلۆژیا) تێکدەداتەوە شیکردنەوەی ئەو دەقەی سەردەشتە کە لەسەری کوژرا. هەموو ئاماژەکانی دەقەکە پێمان دەڵین: ئەو هەرگیز و بەهیچ شێوەیەک عاشقی کچەکەی بارزانی نەبووە.

لیکشیتاڵکردنی تێکستەکە ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بە فۆبیا و پارانۆییبوونی بارزانیزم لە خۆشەویستی وەک ڕوخێنەری کۆشکە نارسیستیەکە، بەبێئەوەی لە ئاستی میتافۆرییانەی دەقەکە تێبگات. کۆی دەقەکەی سەردەشت پەیامیکی سیمبولیە بۆ گۆشەگیربوون و داخرانی ئایدیۆلۆژیای بارزانیزم و بارزانیەکان وەک کۆمەڵە خەڵکێکی تەراکەوتە، بۆ دابڕانیان لە دونیا و چەقبەستنیان لەودیو سەری ڕەشەوە، سەرنەدانیان لە دەڤەرەکانی دەرەوەی خۆیان، چوونەوە ناو خۆیان (لولخواردەییان) بەو مانای بەخۆداشکانەوەیەی لە سەرەتادا وەک یەکێک لە خەسڵەتەکانی کەسێتی نارسیستی باسمان کرد.

ئەگەر جوانییەک و جۆرێک لە سەرەڕۆیی لەو دەقەی سەردەشتدا هەبێت کە لە مینیمالیزم بیپارێزێت، ئەو گەمەکردنە ئانۆنیم و شاراوەیەیەتی بە سیمبولەکانی جیهانی بارزانی و پتەویی جەستەی هیرارکییانەی خێزانەکەیان و زاراوەکانیان (بارزانی وەک سەرۆک، نێچیرڤان وەک زاوای سەرۆک، ئیدریس وەک برای سەرۆک، شۆڕشی ئەیلول وەک شکۆی مێژووییانەی سەرۆک، دەسکی خەنجەرەکەی مەلا موستەفا وەک سیمبولی خەباتی سەرۆک (گەرجی زۆر فیوداڵیستیانەیە) و بوونی کچەکانی سەرۆک بە شۆفێری پرادۆ) کە هەر هەمووی ئاماژەن بۆ نارسیزمی بارزانی وەک عەشیرەتێکی تۆکمەی خاوەن چەمکی تایبەت بە خۆیان. بەشی دووەمی دەقەکەی سەردەشت بەس بریتیە لە بەراوردکردنێکی ژیانی خۆی بەو ژیانە خۆشگوزەرانە نارسیسیتیە بارزانییە، چ خۆی وەک بێکارێک، چ براکەی کە خوێندکاری زانکۆیە، چ خوشکەکەی کە بازاڕی نەدیوە و باوکی وەک هاوەڵی ئیدریس و دایکی وەک ڕەنجدەرێک کە ئێستا پێویستی بە چارەسەری تەندروستی هەیە.

وەک دەبینیت، جگە لە نیشاندانی دووری نێوان بارزانیزم لە واقیعی سەردەشتەوە وەک هاوڵاتیەک و ونکردنی واقیع و لێکەوتنی واقیع لەلایەن بارزانیزمەوە (ئەو ڕستەیەی کە دەڵێت سەرێک لە گەڕەکێکی هەولێر یا سلێمانی نادات)، جگە لە ڕوپێوکردنێکی سادە و ساکاری سیمبولەکانیان و بەراوردکردنیان بە یەکتری، دوور و نزیک، هیچ پەیامێکی خۆشەویستی بۆ کچەکەی مەسعود بارزانی نیە. بە پێچەوانەوە، کچەکەی بارزانی فیگەرێکی قەرزکراوە وەک میتافۆر تا ئەو چیرۆکەی پێ بگێڕدرێتەوە کە بەراوردی نێوان دوو جیهانە.

سەردەشت نەک عاشقی کچەکەی بارزانی نیە، تەنانەت وەک ئۆبجیکتێکی سێکسییش نایبینێت، تەنها ئەوەیە کە وەک میتافۆرێک بەکاری دەهێنێت، تا لە ڕێ و بە هۆی ئەو (میتافۆر/خوازە) یەوە، نەخشەی جیهانێکمان بۆ بکێشێت کە دابڕانی ڕادیکاڵانەی بارزانیزمە لە واقیع و ونکردنی، کە هەموو ئەوانەیش ئاماژەن بۆ خەسڵەتی دیکتاتۆری نارسیست، مرۆڤی وڕێنەکار و پارانۆیی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.