با بە درێژایی ساڵ یادی سەردەشت بکەینەوە

بنار مستەفا:
زۆر جار لە سەرەتای ئایار و ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، یادی بەرز ڕادەگیرێت. بابەتی نەبوونی ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین لە کوردستان و ناسەربەخۆیی دادگاکان باسیان لێوە دەکرێت. ئەمە کارێکی گرنگە و دەبێت بکرێت، بەڵام کەیسی تیرۆری سەردەشت بە تەنها ئەمە نییە.

سەردەشت عوسمان لە نووسینەکانیدا پەنجەی خستە سەر چەند لایەنی گرنگی کۆمەڵگەی کورستان، لە نا یەکسانەوە، تا گەندەڵی و مامەڵەی دەسەڵاتداران و دەزگاکان. لە نووسینەکانیدا سەردەشت ئاماژەی بەوە دابوو، کە چۆن لە سایەی گەندەڵییەکی بێ سنوورەوە، دەرفەتی دەرچوون لە هەژاری و نەهامەتی نزیکبوونەوەیە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان، کە ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان دابین کردووە. سەردەشت باسی لەوە کرد، کە چەندە دەزگا ئەمنییەکان بێ باکن لە بەرانبەر سەلامەتی هاوڵاتیان و کاری سەرەکیان پاراستنی دەسەڵاتدارانە. هەروەها سەردەشت ئاماژەی بەو ڕاستییە دا، کە دەسەڵاتداران چەندە دوورن لە دانیشتوانان و خواستەکانیان دژ بە یەکە. ئەمانە و زۆر ڕاستی تر، کە لە نووسینەکانی سەردەشت عوسماندا دەبینرێن.

تیرۆری سەردەست عوسمان بە جیا لە ئاماژە بەوەی کە لە کوردستاندا ئازادی ڕادەربڕین و دادگای سەربەخۆ بوونیان نییە، هاوکات هێرش و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو دەنگانەی دەیانەوێت ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە ببنەوە و ئازادی و یەکسانیان خستۆتە دەستوورکاریانەوە. هەوڵێکە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی و دەست بەرزکردنەوە و چۆکدادان لە بەرانبەر دەسەڵاتداراندا، تا هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیانیان و کۆمەڵگا نەدەن.

بۆیە کاتێک باس لە کەیسی سەردەشت دەکەین، بە جیا لە ئازادی دەربڕین، هاوکات دەبێت باس لە نایەکسانی کۆمەڵگا و چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەشی بکەین. بۆیە با بە تەنها لە ڕۆژی تیرۆرەکەیدا یادی سەردەشت نەکەینەوە، بەڵکو بە درێژایی ساڵ یادی سەردەشت عوسمان بەرز ڕاگرین!

7.5.2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.