کەیسی سەردەشت هی هەموو ئازادیخواز و رۆژنامەوانێکی ئازادە و بەکراوەیی دەمێنێتەوە

بەداخەوە ئەو دەسەڵاتەی سەردەشت بەبەرچاوییەوە رفێندرا و تیرۆر کرا، هێشتا وەکو خۆی ماوە و لەسەر پێیە! وەك سەردەشت نووسی « ئەو دەسەڵاتە باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە »

نەك هەر باکی بە مردنی نەوەکانی نییە، بەڵکو خۆی ئەو نەوانە دەکوژێ کە ئازادن و بیردەکەنەوە. 

ئەمن پێم وایە تا ئەو دەسەڵاتە بەو شێوەیەی ئێستا بمینێتەوە، ئومێدێک بۆ ئازادییەکی تەواو و بێ قەید و بەند و سنوردارکراو نییە، یان ئازادییەک کە ئازادیخوازان هیوای بۆ دەخوازن.

کەیسی سەردەشت عوسمان، سۆران مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن و هەموو ئەو رۆژنامەوان و نووسەرانەی دیکە کە لەلایەن چەند چەکدارێکی بێناونیشانی حیزبگەل و حکومەتێکی ناونیشانداردا تیرۆر کران، تەنیا کەیسی کەسێک و بنەماڵەیەک و چەند کەسێک نییە، ئەو کەیسانە هی هەموو کوردێکی ئازادیخوازن، هی هەموو رۆژنامەوانە ئازادەکانن، هی هەموو جەماوەری کوردستانن بە جیاوازی ئاین و بیروڕا و ئیتنیک و ئینتیمای حیزبیانەوە. بۆیە ئێمە بەردەوام باسی دەکەین، کاری لەسەر دەکەین، ساڵانە یادی دەکەینەوە. لەبەرئەوەشە کە ئەو کەیسانە بە کراوەیی دەمێننەوە، لە رووی یاسایی و لە میدیاکان و لای خەڵکی کوردستان.

چونکە رۆژنامەوان نوێنەری خەڵکە، کوشتنی رۆژنامەوان واتە کوشتنی ئیرادەی خەڵك. واتە تاریک کردنی ئاسۆکانی گەلێك و گەڕانەوە بۆ سەدە تاریکەکانی مێژوو، ئەوکاتانەی کە نووسەران لەسەر بیرکردنەوە دەکوژران و دەسوتێنران.

لە کاتی تیرۆرکردنی رەئوف ئاکرەیی لە دهۆک لە تەنیا دوو ساڵ دوای راپەڕینی ١٩٩١ و دواتریش کوشتنی بەکر عەلی لە سلێمانی، ئاماژەی ترسناک دەرکەوت کە کۆمەڵگەی کوردی لەلایەن ئەو حیزبانەوە بەرەو ئاقارێکی مەترسیداردا دەبرێت.  ئەوکات ئازادیخوازان چ لە خۆپێشاندانەکاندا و چ لە میدیاکاندا هاواریان کرد و نووسییان، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا. دەرئەنجامی ئەو گوێنەگرتنەش هاتنەکای شەڕی ناوخۆ و کوژرانی هەزاران رۆڵەی ئەم گەلە بوو، پاشانیش کوشتنی رۆژنامەوانان و نووسەران، ئەمانە نەك هەر لە ناوخۆی کوردستان، بەڵکو زۆرتر لە دەرەوە کاریگەری هەبوو لەسەر ناشیرینکردنی ئابڕووی هەرێمی کوردستان کە خەریک بوو پشتیوانییەکی نێوەدەوڵەتی باش بەدەست بهێنێت. تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هەموو بانگەشەکانی دەسەڵاتی کوردی و حیزبەدەسەلاتدارەکانی بۆ ئازادی سفر کردەوە و رووی راستەقینەیانی هەڵماڵی. چیتر ئەوان ناتوانن باسی ئازادی بکەن. ئەوانێک کە لەسەر وشە رۆژنامەوان تیرۆر دەکەن. ئەوانێک کە سەدان باندی مافیایان لەناو خۆیان حەشارداوە و هەرکاتێ بیانەوێ دژ بە ئازادیخوازان بەکاریان دەهێنن.

گومانم هەیە کە لەژێر دەستی ئەو دەسەڵاتەی ئێستای کوردستان بکوژانی سەردەشت بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن، بەڵام ئەوەی گومانم لێی نییە ئەوەیە کە چارەنووسی هیچ دەسەڵاتێک باش نابێ کە دژی ئازادی بێت.

هەڵگور سەمەد

5-5/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.