لە یادی سەردەشت عوسماندا

دکتۆر ڕێبوار فەتاح:
تەنیا شتێك کە بتوانم بێ دوودڵی، لە یادی سەردەشت-ی جوانەمەرگدا بیڵێم، ئەوەیە کە لەنێو گەلی زیندوودا، شەهیدکرنی گەنجێك و بەو شێوازە هەرگیزای هەرگیزای بەسەر دەسەڵاتدا تێپەڕ نە دەبوو. هەڵبەت گەلی کوردستان گەلێکە گەر نەشمردبێ، لە پرخەی خەودایە، لە ترسدا تۆقیووە؛ ترسێك کە ڕژێمی سەدام حسێن بناغەی دانا و پارتی و یەکیتی بینایان لەسەر کرد بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ناڕەوا و گەندەڵیان، بۆ درۆکردن، بۆ دزین، بۆ خۆفرۆشتن و گەلفرۆشتن، بۆ ئافرەتبازی و ناوگەڵپەرستن.
یەکێك لە نیشانە سەرەکیاکانی گەلی مردوو، خۆفرۆشتن و خۆڕسواکردنی ‘ڕۆشنبیرەکانێتی’. گەر ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، میدیاکاران، ئەکتەران و تد دەستلەسەرسنگ لەبەر دەرکی بەرپرسێکی گەندەڵی پارتی و یەکێتیدا بووەستن بۆ پاداشت، دەرماڵە و پایە، ئەو گەلە وا زوو لە خەو هەڵناستێت.
هەموو تێرۆرێكی پارتی و یەکێتی وا کراوە کە هەموو گەلی کوردستان بزانن کاری ئەوانە، چونکە کوشتنی سەردەشت و سەردەشتەکانی دیکە، تەنیا بۆ لەناوبردنی تاقە کەسێك نیە؛ هەرگیز، بەڵکو بۆ لەناوبردنی دەنگی ئازادیخوازە و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێکی دەستەمۆ و بەرزانی-تاڵەبانی پەرستە.

لەندەن، 05 مەی 2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.