چەند پەرەگرافێک لە رۆمانی هەفتە

شوان کەریم:

پاش نیوەڕۆی ڕۆژێکی پایز چووم بۆ بینینی سەربەستی ڕۆژنامەنووس لەو چاخانەیەی ھونەرمەند و نووسەرەکان لێی دائەنیشتن. لە چاوەڕوانیی ئەودا سەیری ئەو ھەموو کەڵەھونەرمەندەم ئەکرد کە لەسەر شاشەکان بەردەوام قسەی به‌باقوبریقیان ئەکرد و لێرە لە ناو ئەو ھەموو دووکەڵەیا ھەر دوو ڕستەیەکیان بە جنێوێک دەستی پێ ئەکرد… لە نێو دەنگی پوولی دۆمینە و غلبوونەوەی زارەکاندا جارجار گوێت لە ھاملێت.. ھۆلیۆد.. سینەمای جاد.. خەڵاتی فێستیڤاڵ… بودجە.. کلاسیکۆ.. ئەبوو.
سەربەست لەگەڵ ھاوپۆلێکیا بە چاکەتێکی شین و پانتۆڵێکی ڕەش و جانتایەکەوە، وەک ئەوەی لە دەرگاکەدا دوادێڕی نوکتەیەکیان کردبێت، بە قاقایەکی بەرزەوە خۆیان کرد بە ژوورا… لە سووچێکی چاخانەکە دانیشتن و چەند جارێک بە ڕاست و چەپا سڵاوی کرد. ئینجا دوو پەنچەی بەرز کردەوە بۆ چایچییه‌کە و ھەر لەگەڵیا بە زەردەخەنەوە وتی لە قۆرییە تازەکە.
من بێ چاوەڕێکردن چووم و وتم:
– سڵاو کاکە سەربەست، چاوەڕێی بەڕێزت بووم، ببوورە یەک دەقە کاتت ئەگرم.
فەرموو برا.
یەکسەر دەفتەرەکەم دەرھێنا. ھەڵبەت یەکێک لەوانەی نووسیبوومنەوە، لە زەرفێکی ڕەشا بۆیم ڕادێرا.
– تکایە ئەمە بخوێنەرەوە. پێویستم بە یارمەتیی تۆیە.
ئەو وەک ئەوەی سەدان جار ئەو شتەی بەسەر ھاتبێت، بە پێکەنینەوە پرسیی:
– شیعرە؟
– نا.. شیعر نییە.. شتێکە کە ئەبێت بیخوێنیتەوە. من نازانم چیی لێ بکەم… بۆیە پێویستم بە تۆیە. هەفتەی داهاتوو لە هەمان ڕۆژ و کاتدا دێمەوە ئێرە. هیوادارم تا ئەو کاتە خوێندبێتتەوە. ببوورە کاکە سەربەست، ئەزانم ئەرکە، بەڵام قەدەری مرۆڤە باشەکانی ئەم نیشتمانە جگە لە ئەرک و ماندووبوون شتێکی تر نییە..
‌ئەو لەگەڵ قسەکانما سەیری ناو چاوی ئەکردم. پێش ئەوەی هیچ بڵێت، من دەستی تەوقەم بۆ ڕاکێشا و وتم پارەی چاکانتان گەیشتووە.
‌هەفتەیەک دواتر لە هەمان شوێن یەکمان بینی، بەس ئەم جارە جیاوازتر. کە من چووم، ئەو چاوەڕێی ئەکردم. چاخانەکە کەمێک هێمنتر بوو. هەستا لە بەرم و بە زەردەخەنەیەکەوە وتی:
– کوڕی باش ئەوەنەت پەلە بوو کە نازانم ناویشت چییە.
– کامەرانی. ناوم کامەرانییە کاکە سەربەست.
– کامەرانی؟ تۆی ئەوەی هەموومان بۆی ئەگەڕێین و نایدۆزینەوە؟
‌بە پێکەنینەوە بەردەوام بو- هەڵبەت گرفتەکە ئەوەیە ئێمە بۆ شتێک ئەگەڕێین کە نازانین چییە… چۆنە… دۆزینەوەی شتی واش ئەستەمە.
‌هەر بەدەم قسە و پێکەنینەوە دوو پەنجەی بۆ چایچییه‌کە بەرز کردەوە.
– پێش ئەوەی قسە بکەین، کاک کامەرانی من دوو پرسیارم هەیە.
– بەڵێ.
– یەکەم، ئەم دەفتەرە کێ نووسیویه‌تی؟ دووەم، بۆچی بۆ منت هێنا؟
‌چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە و باسی نووسینەکانیم کرد. من ئەگەر بەهرەیەکم هەبێت، ئەوەیە نووسەرەکانی دڵ ئەناسمەوە.. من ناوم ناون نووسەرەکانی دڵ… ئەوانەی لە دڵەوە ئەنووسن، بێ ترس، بێ گەڕان بۆ قازانج، بێ درۆ.. ڕێک قسەی دڵی هەموان ئەکەن. سەربەست ئەمشەوی لە هەموو شەوێکی خۆشتر بێت، یەکێک بوو لەو نووسەرانە. دوای قسەکانم بە زەردەخەنەیەکەوە کەوتە قسەکردن.
– ئەوەی بۆت هێنام گرنگە.. مێژووە کامەرانی، مێژووە. ئەزانی من دەمێکە وتوومە کێشەی ئەم میلەتە ئەوە نییە حیزبی خراپ و سیاسیی بێشەرەف و قەڵەمبەدەستی درۆزنی زۆرە. نا، کێشەی ئێمە نەبوونی دادگایەکی خاوێنە. دادگاکانی ئێمە شوێنێک نین بۆ دادپەروەری. زیاتر چەند بینایەکن بۆ ورگهێشتنەوە. سوێندت بۆ ئەخۆم نەزانترین عەریزەنووسی بەردەرگاکانیان لەو دادوەرە بۆینباخ لەملە حیزبییانە زیاتر دڵی بەو وڵاتە ئەسووتێت، زیاتر لە دادپەروەری تێئەگات.‌سەیر کە، چین و پیشەیەک نەماوە لەم کاولبووەیا ڕۆژێک ناڕازی نەیەنە سەر شەقام. ئەوەی ئەو هەموو ساڵە بێدەنگە، دادگایە کە ئەبوو یەکەم کەس بن بڵێن شکۆمان بۆ بگێڕنەوە. گەر ئەوە ڕوو بات، ئیتر هیچ لەوە ئاسانتر نییە دز و براکوژەکان یەک لە دوای یەک ڕاپێچ بکرێن.
‌بۆیە ئەو دەفتەرە زۆر گرنگە، چونکە بەشێک لە مێژووی ئەم دەزگایە ئەگێڕێتەوە. چونکە هەر لە سەرەتاوە کوڕێکی بەوەفا و سەگێکی دڕی حیزب بووە، هەر واش بەرده‌وامن.
‌کامەرانی گیان، لە ئێستایا من کەمێک کێشەی ترم هەیە. دڵنیام چاودێرییش ئەکرێم. چەند تەلەفون و هەڕەشەیەکم بۆ هاتووە کە من حسابێکی زۆریان بۆ ناکەم. بەڵام گرنگە کەس لەگەڵ خۆم تووش نەکەم. دوو هەفتەیەک کاتم بەرێ، بەڵێن بێت هەموو میدیاکان سەرقاڵی ئەو دەفتەرە ئەکەین. لەوانەیە هەوڵێک بێت و هیچی تر، بەڵام گرنگە ئەو دەفتەرە چاپ بکرێت و زۆرترین کەس بیخوێنێتەوە. دوای دوو هەفتەی تر لێرە یەک ئەبینینەوە و یەکەم هەنگاو ئەنێین.
‌ئەوە دواجار بوو سەربەست ببینمەوە… دوای چەند ڕۆژێک لە ناو زانکۆدا فڕانیان و تەرمەکەیان لە شارێکی دوورتر فڕێ یا.
‌لە دوای ئەو دێڕەوه‌ دیسان بێدەنگ بوو، دیسان سەری خستە نێوان دەستەکانیەوە و بە لەرینەوەی گیانیا دیار بوو بە کوڵ ئەگریا. من بە شێوەیەک لە گاڵتەوه‌ وتم:
– ئێ ئێمە چارەنووسمان چی ئەبێت؟ هەر تەرمەکەمان فڕێ ئەیەن، ئەوە ئەگەر تەرمێکمان بمێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.