بمانبوورە سەردەشت

محەمەد رەئوف:

تیرۆری سەردەشت، ئاساییترین روداوێکە کە لە شوێن و کاتێکدا روویداوەو روو دەدات، کە دەسەڵاتدارەکانی نە باکیان بە خوێنی نەوەکانیان هەیەو نە بە داهاتووی کوردستان و نە بە پیرۆزی خاک و نیشتیمان، ئەوەی لە مێژووی نیوسەدەی رابردوو تا ئێستا لەسەر دەستی ئەم کۆمەڵە دەم و چاوو عەقڵیەتە خیڵەکیە روویداوەو بەردەوام روودەدات، هەرگیز لەسەر دەستی دووژمنە سەرسەختەکانی کورد رووینەداوە، چی پیرۆزیەک ماوە ئەمان نەیان کوشتبێت و وێرانیان نەکردبێت، چی موقەدەسێک ماوە ئەمان دەستیان بۆ نەردبێت و نەیان دزی بێ و تاڵانیان نەکردبێت، دەسەڵاتدارانێک کە بەردەوام لافی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەپەرەوەری لێبدەن و بەلام بەخۆیان و بنەماڵەو منداڵیانەوە نەوت بدزن و سامانی وڵات لوش بدەنو مەلا و رۆژنامەنوس تیرۆر بکەن، چیان لێچاوەرێ دەکرێت.
خۆش باوەڕیەکی زۆر گەمژانەیە پێمان وابێت لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارە مافیایانەدا پشو دەدەین و بەرەو خۆشگوزەرانی و رزگاری تەواوەتی دەچین، ئەمەی ئێستا دەسەڵاتداران بەناوی سەربەخۆیی و رزگاریەوە بانگەشەی دەکەن سەرەتایەکی رەشە بۆ هاوڵاتیان، بەو پێیەی هەمان ئەو نموزەج و دەمو چاوە سواوە فەرمانڕەواییەی 26 ساڵی رابردوو، بە شەرعیەتی نێودەوڵەتیەوە دەکەونە وێزەی خەڵکی وەک چۆن ئێستا لە باشوری سودان روودەدات، ئەو کات کوتەکیان رەقتر و تیریان تیژتر دەبێت، بەرامبەر بە دەنگی ئازاد و دەنگی دلێر.
خوێنی سەردەشت نە دەسەڵاتی راچڵەکاند و نە ئازادی خوازان، بەوەی لەدوای رژانی خوێنی سەردەشتەوە، خوێنی چەندانی تریان رژاندووەو کوتەکیان لەسەری دەیان چالاک و رۆژنامەنووسدا شکاندووە، واتا کەڵبەی تاوانیان تیژتر بووەو خوێنی سەردەشت هیچ کاریگەری لەسەر ستەمی ستەمکاران درووست نەکرد.
بەداخەوە خوینی سەردەشت، ئازادیخوازانیشی رانەچڵەکاند، ئەوە نیە هەموو مان هەین و نەمردووین ئەوەنیە خۆمان داوەتە بەر کەڵبەی دەسەڵاتداران هەرکات تاقەتیان هەبوو بە گوللەک سارمان کەنەوەو ئێمەش بیخەم دانیشتووین، ئەوەنیە جەهەنەمیان بۆ هاوڵاتیان خوڵقاندووەو هەموو بێدەنگین، ئەی سەردەشت نەیوت ( تا ئەو شوێنەی که ‌ماوین ئەبێت قسەبکەین، لەو شوێنەش، که ‌تەمەنمان کۆتاییهات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێکی نوی و سەر لەنوی دەستپێبکاتەوە)، هەموومان بێدەنگین و کۆتاییان بە تەمەنی سەردەشتیش هێناو کەسیشمان نە دێری و نوێمان نوسی و نە لەو شوێنەی سەردەشتیشەوە دەستمان پێکرد، لەدوای خوێنی سەردەشتەوە کاوەو وەدات و د. هۆشیار و .. تا هەموومان لەبردەم چەقۆی دەسەڵاتدا مەرئاسا چاوەڕێی تیخی چەقۆین.
بۆیە تیرۆری سەردەشتمان کردووە بە روداوێکی ئاسایی وا کە نەک راینەچڵەکاندین و نەبووە خاڵی سەرەتا بۆ گۆڕانکاری بەڵکو خاڵی دەستپێکی هێرشی دەسەڵاتبوو دژ بە دەنگی ئازاد و دلێر و جیاواز، ئەوان لەدوای خوێنی سەردەشتەوە ئیتر سڵ لە هیچ خوێنێک ناکەنەوەو چۆقۆیان تیژتر کردووە، دژ بە سەردەشتیەکان و هەمووش بێدەنگین.. بمانبوورە سەردەشت، هەرگیز نە رێچکەی تۆمان گرتووەو نە جورئەت و نەقەڵەم و نە بوێریت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.