تەنیا ساڵ، لە یادەکان دەگۆڕێت!
لە هەموو وڵاتە دیکتاتۆرەکان، مرۆڤە ئازادیخوازەکان هەموو جۆرە ئامرازێکى مەدەنى و دیموکراتى بەکاردەهێنن، بۆئەوەی دەسەڵات گوێیان لێبگرێت، یاخود لەپێناو ئەوەی خەڵکەکە لەو دەسەڵاتە بگەن، سەردەشتیش هات بەو چەند نوسینەی( دیارە ئەگەر تیرۆر نەکرایە درێژەی دەبوو، چونکە ئەو نوسینانەی چەمک و ناوەخنی پڕۆژەیان پێوە دیار بوو) ئەو ئەقڵە خێڵەکیەی بەئاگاهێناوە و پێی گوتن: ئێوە هەر خێڵەکین ویاسا و پەرلەمان ئێوە ناگۆڕێت. دەسەڵاتێک ئەو هەموو سەروەت و سامانی ئەو میلەتە بەهەدەر دەبات و کاتێک پێی دەڵێت: “تۆ دز و گەندەڵیت” توڕە نابێت، بەڵام کاتێك “باسی کچەکەی یان خوشکەکەی دەکەیت، گوللـەیەک بە ناو دەمتەوە دەنێت”.
– دەزانن بۆ؟
+ وەڵامەکە هەڵگری فەرهەنگی خێڵەکی خۆیەتی چونکە دزیکردن لەو فەرهەنگەدا شەرم نیە.
سەردەشت عوسمان، بەو چەند وتارەی کە نوسی و بووە هۆی تیرۆرکردنی، هیچی بۆ دەسەڵات و هەروەها بۆ ئەوانەش نەهێشتەوە کە دەیانویست هەڵوێست بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە وەرگرن، کۆی ئەو بارودۆخەی یەکلاکردەوە، جگە لەو ترسنۆکانەی بیانوویان ئەوە بوو، دەیانگووت: “خۆ سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس نەبوو” لە بیریان چوو، سەردەشت مرۆڤێک بوو جگە لە خەونێک (بۆئهوهی تێبگهن ئهوهی ئێمه دهترسێنێت بهردهوامی ئهم رۆژگاره پڕ لە نەهامەتیەی ئێستایه بۆ نهوهیهكی داهاتوو، نهك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبهختی برا بچوكهكانمه، نهك خۆم)
ئەگەر مرۆڤ تەنیا لەو حەفت ساڵە بەسەر تیرۆری سەردەشت دەست پێبکات، ئەوە لە لایەک ڕووبەڕوی دەسەڵاتێک دەبیتەوە باوەڕی بە هیچ گۆڕان و بەخۆداچوونەوەیەکی نییە، خودی خەڵکەکەش تائێستا نەیانتوانیوە ناڕازیبونیەکانیان لە ئامێزی ڕازی بوون بهێننە دەرەوە. ئەو دەسەڵاتە هەموو ڕەوایەکی دۆڕاندوە، کەسیش نازانێ بەچی دەگاو چۆن کۆتایی دێت؟ بەڵام زۆربەشمان دڵنییاین کۆتاییەکی چاوەڕوانکراوی هەیە.
سەرەتا لەلایەن زۆرێک هەوادارو سێبەرەکانی پارتی گوێبیستی ئەو پرسیارە دەبوینەوە “بەڵگەتان چیە پارتی دەستی لە تیرۆرکردنی سەردەشتدا هەبێت؟” بڕواناکەم دوای حەفت ساڵ، ئەو سیناریۆیە لاوازەی پارتی بۆ سەردەشتی هەڵبەست هیچى مابێتەوە بۆ باسکردن، لەو کاتەی هەردوو زۆنی سەوزو زەرد مەلەفی یەکتر هەڵدەدەنەوە، زۆنی سەوز ئاماژە بە دۆسیەی سەردەشت دەکات و زۆنی زەردیش بە دۆسیەی کاوە گەرمیانی! ئەو کۆمەڵە نوسەرەی لە ژێر چەتری ئەو دوو زۆنەش هەمان یاریمان بۆ دەکەن، زۆربەی نوسەرانی زۆنی زەرد تەنیا قسە لەسەر کاوە گەرمیانی و لە زۆنەکەیتریش زیاتر ناوى سەردەشت دەبیستین ( هەرچەندە خوێندنەوەیەکی تریش هەیە پێمان دەڵێت: ئەوە وەک رێکەوتنێکە لە نێوان دەسەڵاتی هەردوو زۆندا لەو بەر ڕۆژنامەنوسێک دەکوژرێت لەولاش ڕۆژنامەنوسێک، لەولا مەلایەک، لەولاش مەلایەک، ئەوەش ڕاستیەکی روونە هەردوولا دەیانەوێت ئەو سیستەمە بپارێزن).
ئەوەی بۆ من گرنگ بێت لەبەرامبەر ئەو دۆسیەو گشت دۆسیە بێ وەڵامەکان بیڵێم ئەوەیە؛ پێویستە بەهەموو شێوەیەک کاربکەین بۆ لە کارخستنی کۆی دام و دەزگاکانی ئەو دەسەڵاتە و شەرعیەتیان لێ بستێنینەوەو کار بکەین بۆ کۆکردنەوە و پوخت کردنی دۆسیەکانمان و باوەڕمان بەوە هەبێت ڕۆژێک دادێت دادگایەکی یەکسانیخوازو پڕ لە متمانە و خاەن سەروەری یاسا بۆ ئەو کۆمەڵگایە دەگەڕێنێتەوە، ئەو دەسەڵاتە هەمیشە لەوە دەترسێت ئیمە هیوامان هەبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ نەوەی داهاتوو دابین بکەین، بێگومان پێویستە هیوامان هەبێت.
حەفت ساڵ بەر لەئیستا لە وتارێک ئەوەم نوسی و لە ئێستاشدا دووبارەی دەکەمەوە “دهکرێ جوانی و خۆشهویستیی بۆ ئهو وڵاته بگهڕێنینهوه، هیوادارم دهنگه ناڕهزاییهکان دووباره سهرههڵدهنهوه، ئهو کۆمهڵه خهڵکه جوانهی دوای ڕاپهرین ئهو ههموو دزی و تاوانانهی دهسهڵاتی کوردیان قهبوول نهکرد، ئهو بڕه پارهیهی ناویان لێناوه خانهنشین به چاویان دابدهنهوهو له کاتێکی نزیک ئاوهژووی ناوهکانیان ببینین، چیتر ئاو لهو کانیه نهخۆنەوە که دز و تاوانباران لێیدهخۆنەوە” به لێبوردنهوه نیازم نییه کهس بریندار بکهم، دهبێت له شوێنێک و خاڵێکدا ههنگاو بنێین.
له کۆتاییدا دهڵێم کاکه سهردهشت خۆزگه ئەو دهسهڵاتە بەهۆى دۆسییەکانى دزی و گهندهڵیهکانیان ڕیسوا دهبوون، نەوەکو بە کوشتنى تۆ و تەواوى کوڕو کچە ئازادیخوازو خێر لە خۆنەدیوەکانى وڵاتەکەم. هیوادارم ئهوانهی لهدیار وێنەو وشهکانت دانیشتوون، ههر بهڵێنێک دێته سهر زاریان که دهیدهن، وهفایهک بێت بۆ شههامهتیان و گەورەیى ناوى تۆ.
تێبینی: پێم خۆشە سەرباری ئەو سیناریۆ ناشیرینەی پارتی دژ بە سەردەشت و خانەوادەکەی، پێویستە وەک ئەرکێکی مێژوویی و خاوەن هەڵوێست رۆڵ و جوامێری خانەوادە جەرگ سووتاوەکەی و خۆڕاگرییان بەرز رابگیڕێت.