تیرۆری سەردەشت عوسمان

لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا

تەواو دڵتەنگ دەبم، هەستێکی تەواو نیگەرانی و غەمباری دامدەگرێت، کە ئێمەومانانێک کە هەموو ژیانی خۆمان تەرخانکردووە بۆ دژایەتی زوڵم و ستەم، کەچی ئێمە زیندوو و کەسانی ئازا و بە توانای وەک سەردەشت عوسمان تیرۆردەکرێت بە بەرچاومانەوە و هیچشمان بە پراکتیک دژ بەم زوڵم و ستەم و تاوانانە بۆ نەکراوە. هەڵبەت بە هیچ جۆرێک مەبەستم لەم قسیە هیواخوازی نییە بۆ گیان لەدەستدانی نە خۆم و نە هیچ کەسێکی تر، هەروەک چۆن هیواخواز نەبووین لە خەباتماندا بۆ گیان لە دەستانی هیچ هاوڕێیەکمان. بە پێچەوانەوە ئێمەومانانی ئازادیخواز ژیانی بەختەوەری و سەربەرزی و شکۆمەندیمان دەوێت بۆ هەموو کەس، تەنانەت بۆ ستەمکارانیش. کێشەی ئێمەومانان و پیاوا ئازا تیرۆرکراوەکانی وەک سەردەشت عوسمان و دەیانی وک ئەم، ئاواتخوازی نییە نەک بۆ مردنی خۆمان بەڵکو بۆ مردنی ستەمکارانیش. ئەوەی ئێمەی ئازادیخواز و سەردەشت عوسمان وەک نموونەی بەرزی هەموو ئازادیخوازان و ئازا و نەبەردی تیرۆرکراو پێکهێنانی دنیاییەکی یەکسان و بەختەوەرییە بۆ هەموومان. واتا ئەوەی سەردەشت عوسمان لە پێناویدا گیانی خۆی بەخشی دروستکردنی ئەو ژیان و دنیا بەختەوەریەیە، کە بێ جیاوازی بە هەردوو بەرەی ستەمکاران و ستەملێکراوان تیایدا وەک یەک بژی و شکۆمەند بن. ئەوەی سەردەشت عوسمان لە پێناویدا گیانی خۆی بەخشی، سڕینەوەی ئەو عەقڵیەتە خێڵەکیەیە کە لە نامە و نووسینە تەنزئامێزەکانی ئەم پیاوە ئازایە تێنەدەگیشتن، یان تێدەگەیشتن و بە سوکایەتی و سنوربەزاندنی شکۆمەندی خێزان و بنەماڵەکەیان لێکیان دەدایەوە. هەر ئەم عەقڵیەتە خێڵەکیەشە کە زیاتر لە ٢٥ بیستوپێنج ساڵە کۆمەڵگەی کوردی پێدەچەوسێننەوە، مرۆڤەکانیان لە گیانی مرۆڤبوون و خۆشەویست خستووە، هەرچی پێی بڵێی گیانی تۆلێرانس و لێبوردەیی هەیە خەریکە بە جارێک لە لای خەڵکی کوردستان نامێنێتەوە. ئەوەی سەردەشت عوسمان لە پێناویدا گیانی بەخشی تەنها دژایەتیکردنێکی ڕووتی گەندەڵ و تاڵانچێتی دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵی کوردستان نەبوو، نا هەرگیز نا، عەقڵی ئەم پیاوە زۆر لەوە وردتر و گەوەرەتر بوو، نووسینەکانی سەردەشت عوسمان پێمان دەڵێت، ئەو سەروەت و سامانەی دەسەڵاتی سیاسی ستەمکاری کوردستان قورخیانکرد بۆ خۆیان و خەڵکیان لێ بێ بەشکرد، هەر بە نەمانی ئەمان ڕەوش و باری ئابووری و دارایی خەڵکی زوو چاک دەبێت، بەڵام ئەوەی کە زۆر ترسناک بوو لای ئەم ڕۆژانمەنووسە و دەیان ڕۆژنامەنووس و پیاوی ئازای وەک ئەم، کە گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوە بوو، کە دنیایەکی یەکسان، بەختەوەر، شکۆمەند، مرۆڤبوون دروستبکەن و مرۆڤبوون و شکۆمەندی بگێڕنەوە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. ئاخر کورد دەمێکە وتوویەتی لە جێگەی ماڵی دنیا دەبێتەوە بەڵام لە جێگەی مرۆڤ نابێتەوە، سەردەشت عوسمان باش دەیزانی کە سەروەت و سامان چەندیشیان لێ دزیبێت رۆژێک لە ڕۆژان بە ئاسانی دەگەڕێتەوە، یان بە ئاسانی دروستدەکرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە زۆر قورس دەکەوێت لەسەر خەڵکی کوردستان بێ بەهاکردنی مرۆڤەکانە، هەرزانکردنی مرۆڤەکانە، گرفتی مۆراڵە مرۆڤایەتییەکانە، ئەمانە زۆر کەوت لەسەر خەڵکی کوردستان، بە ڕۆشتنی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵ و ستەمکارەش زۆر بە گران دروستدەکرێتەوە. خەمی سەردەشت عوسمان خەمێ گەڕانەوەی بەها بوو بۆ مرۆڤەکان، خەمی هەژاران و لێقەوماوان بوو، خەمی ئەوە بوو کە کوردستان و ناوچەکە بەدەست ئەم حیزبە مافیاییانەوە نەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ و پێکدادان و خوێنڕشتن، وەک بینمان چۆن نەک هەر ئێزیدیەکانیان زیندە بە چاڵدەکرد بەڵکو بە هەزاران کچ و ژنیان لێکردن بە کەنیزەک، دوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دەیان کەسی ئازا و بە هەڵوێست لەسەر دەستی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا تیرۆرکرا. تەنانەت لەسەر خودی پشتیوانیکردن لە نووسینەکانی سەردەشت عوسمان و نابردنی سەردەشت عوسمان وەک پیاوی ئازا و نەبەرد خەڵکیان تیرۆرکرد، خەڵکیان زیندانیکرد، خەڵکیان دەربەردەرکرد.
پەیامی من لەم یادە دەڵتەنگ و غەمبارەی هەمووماندا و بە تایبەتی دایک و باوک و خوشک و براکانی سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگدا، کۆڵنەدانمانە، بەردەوامیمانە، دژ بە هەرجۆرێک لە ستەم و زوڵم، دژ بە هەموو نابەرابەری و نادادپەروەری ونایەکسانییەک. هەوڵدان بۆ دنیاییەکی بەختەوەر و پێکەوەژیانی هەموو ڕەنگەکان، هەموو زمانەکان، هەموو نەتەوەکان، هەموو بیروباوەڕەکان، هەموو بیرکردنەوە جیاوازەکان.

جیهاد موحەمەد

سلێمانی

٤/٤/٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.