بۆ حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان

حەمە غەفور:

پارتی وەکو ڕەسەنترین نوێنەری دەسەڵاتێکی قێزەون و سەروخەڵکی لە کوردستان، حەوت ساڵ بەر لە ئێستا بە پیلانێکی ڕیسوا و ئاشکرا و ترسنۆکانە سەردەشت عوسمان دەڕفێنێت و وەکو کۆسپی گەورەی بەردەم مەرام و سیاسەتە دژی خەڵکییەکانی خۆی لە تاریکی شەودا خەڵتانی خوێنی دەکات. سەردەست عوسمان وەکو ڕەمزی بوێری و دەنگی هەقی خەڵکی ناڕازی و دڵ پڕ لە قین بە دژی دەسەڵات، بە تێکستە جوانەکانی لە قووڵایی ویژدان و متمانەی هاوڵاتی کوردییەوە سەردەردێنێ و بە فەنتاسیایەکی ئێجگار سەرنجڕاکێش، ڕەخنە لە ئەزمونی حوکمڕانی کوردی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەگرێت و ڕێگای دەرچون لە قەیرانی دەسەڵاتی کوردی و ملهوڕی حزب و بنەماڵەکان جارئەدات. بۆیە پارتی توشی هیستریا دەبێ و ماشێنی تیرۆر و پاکسازی ڕەخنەگران و موخالیفانی خۆی دەخاتەکار بۆ تیرۆرکردنی ئەم لاوە عاشقەی ژیان و ئەم دەنگە دلێرەی ئێمە.

دەسەڵاتی کوردی و پارتیش وەکو قێزەونترین نمونەی حوکمڕانی کوردی هەر کار و کردەوە و سیاسەتێک دەیگرێتەپێش، شکستی تیا دێنێت. چونکە دواجار تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە و کۆمەڵێک مافیای سیاسیدایە. شکستهێنانی دەسەڵات لێرەدا بەم مانایەی لە جیاتی بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان ناڕەزایەتی زیاتر و نەفرەتی زیاتر و توڕەیی و بێزاریی بەرفراوانتر بەدژی خۆی بەرهەم و بەرهەمدێنێتەوە. ئەمەش یانی ئەم دەسەڵاتە ئاییندەی لەژێر ڕەحمەتی ڕەخنە و ناڕەزایەتی جەماوەریدایە و ڕۆژێک دێت ڕابماڵرێت.

ئەزمونی ٢٦ ساڵ فەرمانڕەوایی ئەم دەسەڵاتە، کە هەمیشە پارتی هێزی پلە یەک بووە تیایدا، هێندەی بگەڕێتەوە بە بنیاتنان و زەمینەسازکردن بۆ کیانێکی سەربەخۆ و کار و تێفکرین بۆ ژێرخانێکی ئابوری بە مەبەستی دامەزراندنی حوکمدارییەکی هاوچەرخ لەسەری، کە هاوڵاتی کوردستان دوای ئەزمونی تاڵی لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی بەعسییەکاندا هەست بە ئازادی زیاتر و بە بوونی مرۆیی خۆی زیاتر لەلای بەرجەستەبێت، بە پێچەوانەوە ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییە زیاتر لە جاران نامۆبون و تۆراوی و دڵشکاوی و تەرەبوون و بێ باوەڕی لەناو کۆمەڵگا و تاکی کوردیدا دروستکردوە، وە ناڕەزایەتییەکی بێوێنەی بەدژی دەسەڵات و حزبەکانی بەرهەمهێناوە. ئەمە ئیتر ناوجەرگەی داڕمان و شکستی سیاسییە دەسەڵاتێک ئاییندەی خۆی گرێدابێت بە تیرۆری دەنگە بوێرەکانی چەشنی سەردەشت و کاوە گەرمیانییەوە!

پارتی و دەسەڵاتی خۆماڵی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویداد و کۆمۆنیستەکان و موخالیفانی سیاسی تیرۆر دەکات بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنە و ووتنی قسەی هەق و کوشتنی بوێری و وەستانی بەرخۆدان دژی دەسەڵاتی مافیاکانی کوردایەتی، بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ دەنگی ڕەخنە و قسەی هەق و بوێری و بەرخۆدانی زیاتر دژی ئەوان زیاتر و زیاتر دەبێت، نەک هەر هێندەش بەڵکو حزبەکان و دەسەڵات و حکومەتیشیانی توشی تەنگژە و قەیرانی پەرتەوازەیی کردوە.

لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسماندا وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پیرۆزی ئەو دەنگە بەرزەفڕە، وێڕای نرخاندنی هەڵوێستی بەرزی بنەماڵەی سەردەشت، وێڕای بەهەند گرتنی ئەو ڕێزلێنانە بەرینەی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان لە ناڕەوابونی تیرۆری ئەم گەنجە دڵ پڕ لە هیوایە و گشت تیرۆرەکانی دیکە، هەق وایە لەم ڕۆژەدا جەخت بکەینەوە لە پەیامەکانی سەردەست و ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەیی و مافیایییە هەرچی زیاتر ڕیسواتر و تەریکتر و شەرمەزارتر بکەین.

٤ ئایار ٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.