ئێوە چین بێجگە لە پیاو کوژێک

کازم قادر:kazm qadr

ئێوە چین بێجگە لە پیاو کوژێک
ئێوە تەنها پیاو کوژێکن!

لە پەناتەورەکانی ئێوەدا
ئێمە هەمیشە دراوسێی مەرگین
هەمیشە لەپەنا ماڵی دۆزەخداین
هەمیشە پێیەکمان لەنێو پشکۆدایەو
هەمیشە لە خەونماندا دەسووتێین

ئێمە لەخەونماندا دەفڕین و

ئێوە لە خەونماندا ئاگر لە ئاسمان بەردەدەن

ئێمە نەورەسەکانی زەریا و

ئێوە واشە ڕاوچیەکانی مەرگ

ئێمە بڵێسەی زئندەگی و

ئێوە دوکەڵی وێرانە

ئێمە قریشکەی ئازادی و

ئێوە دەمی پڕ ژاوەژاو

ئێمە لرفە لرفی کەشتی زەریاگەڕ و

ئێوە کرمە خشۆکەی نێو زەڵکاو

ئێمە لە زایەڵەی هاوارمان بۆ ئازادی

خوێن لە کونی شمشاڵی گەرومان دەچۆڕێت و

ئێوە خوێن لە تەورەکانتان !

ئێمە دەستامان پڕ روناکی

دەستی ئێوە بەتاڵ ، بەتاڵ

دەستی ئێوە پڕ لە خەنجەر

هێی ئێوە ، چەند جوانە هیچمان لەیەک ناچێت

***       ***     ***

Leave A Reply

Your email address will not be published.