لەچاوەکانی سەردەشت دا ..!

زۆر جار نووسەر ناتوانێت ئەو هەست ومەغزا نهێنیەی کەلەدەروونی دا لەپایەی ڕووداوێکدا پەنگی خواردووەتەوە بیخاتە سەر کاغەزێک ، چونکە زمانی دەربڕین وزمانی هەست ونەست دەریایەک جیاوازیان هەیە .
عەبدوڵا پەشێو شاعیری گەورەی کورد ووتی ( لەپاش ڕووداوی ئەنفال چیدی ناتوانم شیعری خۆشەویستی بڵێمەوە ) ، من دەڵێم لەپاش شەهیدکردنی کوڕە گەنجێکی خاوەن خەون وئومێدی وەکو ( سەردەشت عوسمان ) چیدی شتێک نەماوە ناوی شیعری خۆشەویستی وژیان دۆستی وکوردایەتی و مرۆڤ بوون بێت ، چیدی نیشتمانێک ، مەملەکەتێک نەماوە ناوی کوردستان بێت ، نەخشەیەک نەماوە ناوی کوردستان بێت ، ئاڵایەک نەماوە ناوی ئاڵای کوردستان بێت ، هیچ شتێک نەما ، هەموو ئەوەش کەماوە حەقیقی نین ولەژێر نیشانەی پرسیاردان .
لەچاوی سەردەشت دا ، دونیایەک قەهر و خەمی تایبەتی وگشتی دەخوێنمەوە ، خەمی گەورەکردنی کوڕێک کەلەهەناوی خێزانێکی بەڕەسەنی کوردایەتیەوە هەڵدەقوڵی ولەلوتکەی گەنجێتی بوونی دا دەبێتە نیچیری جەلادەکان ، خەمی دایکێک کەشەوان بەلایە لایە وشەونخونی گەورەی کردووە ، خەمی باوکێک کەبەئارەقی نێوچەوان وماندووێتی وپارەیەکی حەلال وپاک پەروەردەی کردووە . خەمی ئازادی ، خەمێکی گەورە کەئەم گەنجە بەکۆڵیوە گرتبووی تاکو بیگەیەنێتە وێستگەی خۆی ، خەمی نەتەوە ، خەمی سەربەستی ، خەمی عەدالەت ، خەمی مرۆڤبوون ، خەمی ئارامی ، خەمی ئایندە ، خەمی هاورێکان ، لەچاوی سەردەشت دا هەزار وسەد خەمی جیاواز جیاواز دەخوێنمەوە ..


لە ئەکاوەنتی شەماڵ ئەلیعە وەرگیراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.